بیرمەندی بەناوبانگ ئێدگار مۆرین: دەبێت ئێمە لە پێناو گەلی کورد و رێبەرەکەیان تێبکۆشین

یەک لە بیرمەندە گەورەکانی ئەم سەدەیە ئێدگار مۆرین باسی لەوەکرد، کە سەرسامی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردە و وتی، "تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد رەوایە. دەبێت لە پێناو گەلی کورد و رێبەرەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان تێبکۆشین".

فەیلەسوف و بیرمەندی ناوداری فەرەنسی تەمەن ١٠٣ ساڵ ئێدگار مۆرین کە لە ساڵانی ١٩٥٠ەوە یەک لە کەسایەتیە ناسراوەکانی ناو بواری کۆمەڵناسیە، وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە لەبارەی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و رێبەرەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان، کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵیدایە.

ئێدگار مۆرین ئەوەی خستەڕوو، کە بنەمای پرسی کورد کە لەمرۆدا لە ئارادایە دەرەنجامی ئەو سیاسەتانەیە کە هێزەکان بە سەرکردایەتی بەریتانیا  وفەرەنسا لە کاتی رووخانی ئیمپراتۆری عوسمانیدا ئەنجامیاندا و بۆ تێگەیشتن لەو شەڕانەی ئەمڕۆ لە زۆر شوێن لەئارادان باسی لەوەکرد، "یەکەم شت کە دەبێت بکرێت ئەوەیە کە پەیوەندی ژیۆپۆلیتیکی و مێژوویی پێکدادانەکان بناسرێت و دەستنیشان بکرێت. بۆ نمونە، گەلی کورد دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە لایەن بەریتانیا و فەرەنسیەکانەوە بەسەر نەتەوە دەوڵەتەکاندا دابەش کرا. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتاندا گەلی کورد خۆی لە ناو نەتەوەی جیاجیادا لە تورکیاوە تا ئێران بە پارچە پارچەکراوی بینیەوە و لە مافە نەتەوەییەکانی بێ بەش کرا. سەرباری ئەوەش دابەشکردنی ئیمپراتۆری عوسمانی بەسەر نەتەوەی ئیتنیکی نایەکسان لە ئەوروپا و ئاسیا بووە مایەی چەندین شەڕی گەورە. یوگسلاڤیا، دواتر کۆسۆڤۆ لە ئەوروپا و شەڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی سنوورەکانی نەتەوە-دەوڵەت کە لەو سەردەمەدا کێشران، دروست بوون".

'نەبوونی چارەسەری ئاشتیانە شەڕەکان قووڵتر دەکاتەوە'

کۆمەڵناسی ناودار ئێدگار مۆرین ئەوەی خستەڕوو، کە گەورەترین هۆکاری شەرە سەختەکانی ئەم سەردەمە، نەبوونی چارەسەری ئاشتیانەیە و وتی، "نەبوونی چارەسەری ئاشتیانە، مەترسی هەڵگیرسان و بەرفراوانبوونی شەری بەدواوەیە. هەندێک لە گەلی کورد توانیان هەڕێمی خۆبەڕێوەبەر بپارێزن و پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بەڵام ئەوانەی دیکە هێشتاش لە ژێر ستەمی هێزەکانی وەک تورکیا و ئێراندا درێژە بە هەبوونی خۆیان دەدەن".

ئێدگار مورین ئاماژەی بە هەڵکشانی سیاسەتی پۆپۆلیستی و زیادبوونی ئەو سەرۆکانەی لە جیهاندا لە شەڕدا رۆڵیان هەبووە، کرد و وتی، "لەسەرجەم کیشوەرەکان پاشەکشێیەکی گشتی هەیە. قەیرانی جیهانی دیموکراسی و دواکەوتوویی رژێمە نیۆ-ئۆتۆریتەر بە ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی کەسەکان لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە، دەبنە مایەی هاتنەکایەی سیاسەتی پۆپۆلیستی و ئەو سەرۆکانەی پەرە بەوە دەدەن".

'پێویستیمان بە کۆبوونەوەیەکی نێونەتەوەیی هەیە'

ئێدگار مۆرین هەڵسەنگاندنی بۆ مامەڵەی هێزە رۆژئاواییەکان لەگەڵ شەڕ لە کوردستان و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد کرد و وتی، "هێزە رۆژئاواییەکان هەرگیز تایبەتمەندی نەتەوەیی گەلی کوردیان لەبر چاو نەگرتووە. لەبەرامبەر ئەوەدا، لە شەڕی دژ بە داعشدا بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان پشتیوانی گەلی کوردیانکرد لە سوریا".

سەبارەت بە پەکەکە کە تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبات و لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لە لیستی 'رێکخراوە تیرۆریستیەکان'دا راگیراوە، ئێدگار مۆرین وتی، "چەمکی تیرۆریست بۆ پێناسەکردنی بەرخودان لە دژی ستەمکاری بەردەوام بە شێوەی چەوت و ناڕاست بەکارهێنراوە. ئەو هەڵوێستە خزمەت بە ئاشتی ناکات. دەبێت هەلومەرج بۆ کۆبوونەوەیەکی نێونەتەوەیی بەمەبەستی باشکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گەلی کورد و فەلەستینیەکانی لەناودایە، بڕەخسێندرێت. بەڵام ئێمە لە تائێستا لە دیدگایەکی بەو جۆرەوە دوورین".

'رۆژئاوا مۆدێل و نمونەیەک نیشان دەدات' فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی ئێدگار مۆرین سەرنجی بۆ سەر گرنگی هەبوونی سیستمی ئیکۆلۆژیکی دیموکراتیک و ئازادی ژن لە رۆژئاوا راکێشا کە لە پاڕادایمی عەبدوڵا ئۆجالانەوە سەرچاوەی گرتووە و باسی لەوەکرد، ئەو سیستمە بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی بەدوای گۆڕانکاری و وەرچەرخانەوەن ئەزمونێکی گرنگە. ئێدگار مۆرین وتی، "ئەزمونی رۆژئاوا نمونە و مۆدێلێکە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی دەخوازن ئەنجامیان بدەن و دەبێت زۆر بە بەرفراوانی بناسرێت و بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبکرێتەوە".

ئێدگار مۆرین ئاماژەی بە گرنگی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کرد کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەستیپێکرا و وتی، "دەبێت ئێمە لەپێناو گەلی کورد و عەبدوڵا ئۆجالانی رێبەریان دەست لە تێکۆشان و هەڵمەتەکە هەڵنەگرین.

ئەو هێزانەی کە دەتوانن لە پێناو چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد هەنگاو بنێن، زۆر لاواز و پرش و بڵاون. بۆ ئەوەی دەستوەردانێکی نێونەتەوەیی لەبارەی دۆی گەلی کورد بێتە ئاراوە، دەبێت لە سەر ئاستی جیهان بزوتنەوەیەکی دیموکراتیک رێکبخرێت. لەو رووەوە گوشارەکان لەسەر تورکیا لە بارەی عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت کاریگەر و شوێندانەر بێت".

'من لەپێناو گەلی کورد تێکۆشاوم و درێژە بەوەش دەدەم'

بیرمەندی بەناوبانگی فەرەنسی ئێدگار مۆرین ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد لە هەموو کایە و بوارەکاندا پشتیوانی لێبکرێت و وتی، "تێڕوانینی من روونە. من سەرسامم بە تێکۆشانی گەلی کورد. تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دۆزێکی رەوایە و من لەسەر ناوی ئەوان تێکۆشام و بەردەوامیش دەبم. بەڵام بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ستەمکاران رزگاری بێت، پێویستە هەلومەرج و هاکێشە مێژووییەکان بگۆڕدرێن. ئەوەشی گرنگە دەبێت ئەو راستی و تێکۆشانەی گەلی کورد لەبیر نەکرێن".

ئێدگار مۆرین کێیە؟                         

ئێدگار مۆرین ساڵی ١٩٢١ لە پاریس لەدایکبووە، وەک فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ناوداری جیهان دەناسرێت. ئێدگار مۆرین کە لە کاتی شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیا لە بەرەی دژە فاشیزم بەشداربووە، دواتر لە ساڵی ١٩٤٢ لە کاتی شەری جیهانی دووەمدا بەشداری لە تێکۆشان لە دژی داگیرکەری ئەڵمانیا بۆ سەر فەرەنسا کردووە. ئێدگار مۆرین لە گەنجیدا چالاکوانێکی کۆمۆنیست بوو و لە ساڵی ١٩٥١دا لە پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا دابڕا.

پرۆفیسۆر ئێدگار مۆرین کە بە ئەندێشەکانی خۆی لە ساڵانی ١٩٥٠بەدواوە لە فەرەنسا و دواتر سەرتاسەری جیهان بووەتە کەسایەتی و روخسارێکی دیاری کۆمەڵناسی، لە ناو فەیلەسوف و بیرمەندانی هەرە دیاری جیهاندا جێگەی گرتووە. ئێدگار مۆرین بۆ چەندین ساڵ رێکخەری ناوەندی توێژینەی زانستی نەتەوەیی فەرەنسا (سی ئێن ئار ئێس) بووە.

هـ . ب