یەک لە سەر چواری دانیشتوانی غەززە مەترسی برسێتییان لەسەرە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سیستەمی چاودێریی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیو ملیۆن لە دانیشتوانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی بونەتەوە.

نیو ملیۆن کەس واتا یەک لەسەر چواری دانیشتووانی کەرتی غەززە، کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت هەڕەشەی برسێتیان لەسەرە.

بەپێی سیستەمی چاودێری خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیو ملیۆن کەس لە لە غەززە لە ژێر مەترسی برسێتیدان. بەڵام لە ماوەی شەش هەفتەی داهاتوودا ئەگەری هەیە مەترسی برسێتی بە گشتی دوو ملیۆن و 400 هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە بگرێتەوە.

بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مارتن گریفیتس، لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس لێدوانێکی بڵاوکردەوە و وتی:"هۆشداری دەدەین لەوەی هەر ڕۆژ کە بەسەر ئەم کاولکارییەدا تێپەڕبێت، دەبێتە هۆی برسێتی زیاتر و نەخۆشی و نائومێدی". گریفیتس داوای کرد:"دەبێت شەڕەکە کۆتایی بێت."

لە لایەکی دیکەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نوێ بەردەوامن لە دانوستانەکان. سەرۆکی حەماس، ئیسماعیل هەنییە کە لە دۆحەی قەتەر نیشتەجێیە، بە مەبەستی ناوبژیوانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی میسر لە قاهیرە کۆدەبێتەەوە. هەروەها ئیسرائیل لەگەڵ دوو نێوەندگیری دیکەی قەتەر و ئەمریکا لە دیالۆگدایە.

حەماس دەیەوێت پێش ئەوەی دانوستان لەسەر پرسی بارمتەکان ئەنجام بدرێت، سەرەتا شەڕ ڕابگیرێت. هەروەها ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە بەبێ ئەوەی 'حەماس لەناوبچێت'ئاگربەست ڕابگەیەنێت.

لە کەرتی غەززە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حەماس، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە لانی کەم ٢٠ هەزار کەس لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە لانیکەم هەشت هەزار کەسیان منداڵ بوون، شەش هەزار و ٢٠٠ کەسیان ژن بوون. هەروەها ٥٢ هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندار بوون. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس، واتە لەسەدا ٨٥ی دانیشتوانی ناوچەکە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون.

لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا ١٣٩ سەربازی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە

لە ٢٧ی تشرینی یەکەمەوەکە هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکردووە، تا ئێستا ١٣٩ سەربازی ئیسرائیل کوژراون. بە گشتی لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا هەزار و ٢٠٠ کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین. بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، لانیکەم ١٢٩ کەس لەو ٢٤٠ لەسەی لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیرابوون، هێشتا لە غەززە ئازاد نەکراون.