یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی لە ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو لە زیندان گیانیلەدەستدا

جەواد ڕۆحی، یەکێک لەو گەنجە خۆپیشاندەرانەی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، کە لە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری دەوڵەتی ئێران، سزای سێ جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندان گیانیلەدەستدا.

دەزگای دادوەری ئێران بە بێ ئەوەی ھۆکارەکەی ئاشکرا بکات، گیانلەدەستدانی جەواد ڕۆحی پشتڕاستکردەوە.

دەسەڵاتی دادوەری ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەواد ڕۆحی بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ی ئاب لە زیندان باری تەندروستی تێکچووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری نەوشەھر، بەڵام ھەوڵە پزیشکییەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانی ھیچ ئەنجامێکی نەبووە و کۆچی دوایی کردووە.

جەواد کە یەکێک لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو،  بە تۆمەتەکانی "بڵاوکردنەوە خراپەکاری لەسەر زەوی"، "شەڕ دژ بە خودا"، "زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی"، "ئاگر تێبەردان" و ھتد، سزای سێ جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو و لە زیندانی نەوشەھر زیندانی کرابوو.

تا ئێستا ھۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە کە تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، ئاشکرا نەکراوە، بەڵام چەند کاتژمێرێک بەر لە بەفەرمی ڕاگەیاندنی ھەواڵی گیانلەدەستدانی، چەند چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەرپرسانی دادوەری و ئەمنییان بە کوشتنی جەواد ڕۆحی تۆمەتبار کردبوو.

لە مانگەکانی ڕابردوودا ئەمە چەندەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەرانە لە زیندان. چالاکوانانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە بەشێکیان بەهۆی هەڵسوکەوتی خراپی ھێزە ئەمنیەکان یان لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانیان کوژراون.

گیانلەدەستدانی جەواد ڕۆحی ھاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و لە ماوەی ڕابردوودا ھێزە ئەمنیەکانی ئێران بۆ رێگری لە ھەرچەشنە ناڕەزایەتییەک، لە ساڵیادی سەرھەڵدانەکە، گوشارەکانیان چڕتر کردووەتەوە و شەپۆلێکی نوێ  ڕەشبگیری بەربڵاوی ھاوڵاتیان، چالاکوانان و کەسوکاری گیانبەختکردووانیان دەستپێکردووە.

ژ.ن