ئیسرائیل و تورکیا لە نێوان دژبەری ساختە و هاوبەشی ڕاستەقینەدا

ئەگەرچى لە رووکەشدا وەک نەیار دەردەکەون، بەڵام بەهۆى پەیوەندىیە ئابورى و ستراتیژىیەکانى نێوانیان بونەتە دوانەیەکى لێکدانەبڕاو کە کار بۆ ستراتیژ و بەرژەوەندى هاوبەش دەکەن.

دوو ڕوویی سیاسی، قازانج و بازرگانى،  بەکارهێنانی ئاین و سۆزی گەلان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان بۆتە فۆڕمێکی وابەستە بە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئیسڕائیلەوە بەجۆرێک لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا قەبارەی بازرگانی لە یەک ملیار دۆلارەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٩ ملیار دۆلار

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەمیشە وا خۆی پیشان دەدات کە نوێنەرایەتی ئیسلام دەکات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا بە مەش توانیویەتی سۆزی زۆرێک لە موسڵمانانی جیهان بۆخۆی ڕابکێشێت ئەویش بە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە دینەوە کە بە نائەخلاقترین ڕێگا دادەنرێت

ئاکەپە مەهەپە هەمیشە بەجۆرێک سیاسەت دەکەن کە دژایەتی کردنی ئیسڕائیل بنەمای کاری ئەوانە بەڵام لە ڕووی سیاسی و بازرگانیەوە تەواو پێچەوانەیە بەجۆرێک

لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان کە هەر جارێک دەمی دەکاتەوە دژی ئیسرائیل قسە دەکات، بازرگانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ٩ هێندە گەشەی کردووە. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات کە لە کاتی هاتنە سەرکاری ئەردۆغان یەک ملیار و ٤١ ملیۆن دۆلار بووە، لە بیست ساڵی ڕابردوودا لە ٩ ملیار دۆلار نزیک بووەتەوە.

جگە لەوەش، بە پێچەوانەی باوەڕی جەماوەرییەوە، هاوسەنگی لە پەیوەندییە بازرگانییە دووقۆڵییەکاندا بە قازانجی تورکیا گۆڕاوە نەک ئیسرائیل. لە کاتێکدا هەناردەی ساڵانەی تورکیا ٦.٥ ملیار دۆلار بووە، هاوردەکردنی لە ئیسرائیلەوە بە ٢.٤ ملیار دۆلار ماوەتەوە. دیسان تورکیە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین پۆڵا هەناردەی ئیسرائیل دەکات.

ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و نیو دۆلار پۆڵا لە تورکیاوە هەناردەی ئیسرائیل دەکرێت؛ هەرچەندە بازنەکانی دەسەڵات دەڵێن ئەم پۆڵایە لە وەبەرهێنانی ژێرخانی ئیسرائیلدا بەکاردەهێنرێت؛ لە ڕاستیدا هەمووان دەزانن کە ئەو پۆڵایەی لە تورکیاوە دێت لەدروستکردنی چەکدا بەکاردێت، بەتایبەتی لەلایەن کۆمپانیا سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە؛ کەواتە لە ئێستادا ئیسرائیل ئەو چەکانەی لە غەززە بەکاری دەهێنێت بەو پۆڵایەی کە لە تورکیا کڕدراوە بەرهەم دەهێنێت.

بۆ ئەمەش دوو هۆکاری سەرەکی هەیە؛ یەکەمیان بەردەوامبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێستای نێوان ئیسرائیل و تورکیایە، سەرەڕای هەموو بانگەوازە بەرزەکانی بایکۆت؛ چونکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئاکەپە و بەتایبەت بنەماڵەی ئەردۆغان بەرژەوەندییەکی زۆریان لەم کارەدا هەیە. ئەوی تریان ئەو حیساباتانەیە کە بۆ قۆناغی دوای جەنگ کراوە کە ڕوونە ڕووى خۆیانى پێ سپیدەکەنەوە.

ئەویش ئەوەیە کە دوای ئەوەی حەماس لە ناوچەکە پاککرایەوە، چالاکییەکی گەورەی بیناسازی لە ناوچەکەدا بە هەڵمەتی بەخشین دەستپێدەکات کە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا بە دەستپێشخەری تورکیا دەستپێبکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوناوچانەی کە بەهۆی جەنگی ئیسڕائیل حەماسەوە وێرانبووە، پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەو سەرمایەی کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەکار دەهێنرێت، ٢٥ ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.

تورکیا بە گردبوونەوەی غەززە هاتە ناو ساڵی ٢٠٢٤ کە تیایدا بیلال کوری ڕەجەدب تەیب ئەردۆغان بە هەمان ڕێگای باوکی بۆ خڵافاندن و گەوجاندنی کۆمەڵگە شانۆی گرتە دەست. هەموو بازنەکانی نزیک لە حکومەت و بەتایبەت بنەماڵەی ئەردۆغان بەشداری گردبوونەوەکەیان کرد. بیلال ئەردۆغان کە هەوڵیدا لاسایی باوکی بکاتەوە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ پرۆمپتەرێکی بەردەمیدا لەسەر ئۆتۆمبێلی گردبوونەوەکە، جارێکی دیکە داوای بایکۆتی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا کرد و وتی "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم خاوەن پایتەختانە ئاگاداری خۆیان بن".

هاوکاتی ئەوەو بە چەند ڕۆژێک دووای دەستپێکی ساڵی نوێ میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا تۆڕێکی سیخوڕیی 32 کەسیی سەر بەمۆسادی ئیسرائیلیان لەسەر خاکی ئەو وڵاتە دەستگیرکردوە، کە پێکهاتبون لە 3 میسری، 2 فەڵەستینی، 3 تورکو 2 تونسی، پیاوێکو هاوسەرەکەیو ئەوانی دیکەش سوری بون.

لەکاتێکدا هەر لەسەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائل و حەماس هاوکاری جەنگی و ئابوری نێوان تورکیا-ئیسرائیل فراوانتر بووە کەمی نەکردووە

دەرئەنجام پێمان دەڵێت تورکیا و ئیسڕائیل دووڕووی یەک دراون تورکیا بە بەکارهێنانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ملکەچکردنی ئیسلامی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆی و پشتیوانیکردنی حەماس، ئیسڕائیلیش بەناوی مەترسی خاک و بەکارهێنانی وڵاتانی بەناو ئازادی خواز و مافی مرۆڤ و دژایەتیکردنی حەماس لەسەر هەردوو گەلی کورد و فەلەستین کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن.

هـ . ب