ژمارەی فەرمی کوژراوانی تەقینەوەکانی ئێران بە ٨٤ کەس ڕاگەیاندرا

دوێنێ چوارشەممە دوو تەقینەوە لە شاری کرمان لە باشووری ئێران روویاندا. ژمارەی کوژراوانی هێرشەکە بە پێی ناوەندە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، ٨٤ کەس ڕاگەیاندرا.

جەعفەر میعادفەڕ، بەرپرسی فریاکەوتنی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی قسەی کرد و ڕایگەیاند، "بەپێی دوایین ئامارەکان ٨٤ کەس لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە" و وتی، "٢٨٤ کەسیش برینداربوون، کە ١٩٥ کەسیان تا ئێستا لە ژێر چاودێریدان لە نەخۆشخانە".

هەردوو تەقینەوەکە لە نزیک گۆڕی قاسم سلێمانی لە کرمان ڕوویانداوە. قاسم سلێمانی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق کوژرا، پلاندارێژەری کردەوە سەربازییەکانی دەرەوەی ئێران، بەتایبەتی ئەو کردەوانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدران.

تەقینەوەکە لە کاتی ڕێوڕەسمی یادی کوژرانی قاسم سلێمانی ڕوویدا، کە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەوێ ئامادە بوون.

میدیاکانی حکومەت پێشتر ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان لە نێوان ٩٥-١٠٣ کەس بڵاو کردبووەوە.

وەزیری ناوخۆ ئەحمەد وەحیدی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بارودۆخی بەشێک لە بریندارەکان 'ناجێگیرە'، ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان زیاد بکات.

هەتا ئێستا هیچ لایەن و دەسەڵاتێک بەرپرسیارێتی هێرشەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە.