بۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە پاریس رێپێوانێک بەڕێوەدەچێت

لەچوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بڕیارە لە پارێس رێپێوانێک بۆ پاڵپشتی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بانگەوازێک بڵاوکرایەوە.

كۆلێكتیڤی ژن، ژیان، ئازادی ڕایگەیاند، هاوكات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بە پێشەنگایەتی ژنان، هێزە یەكسانیخواز و دیمۆكراتیكەكانی كوردستان، ئێران و لایەنە دیمۆكراتیكەكانی نێو ئەوروپا، لە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لە شاری پاریس، چالاكییەك لە چەشنی ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە دەبەین.

لە بانگەوازەكەدا هاتووە، بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ناوخۆی ئێران، بەرخۆدانی كوردستان و بەلووچستان و بەرزكردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازان لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە وەكوو كۆلێكتیڤی “ژن، ژیان، ئازادی” بە پێشەنگایەتی ژنان و هێزە یەكسانیخواز، دیمۆكراتیكەكانی كوردستان و ئێران و لایەنە دیمۆكراتیكەكانی نێو ئەوروپا بەتایبەت وڵاتی فەرەنسا، لە ڕۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری پاریس چالاكییەك لە چەشنی ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە دەبەین.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، چالاكییەكەی ئێمە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، واتە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر، كە بۆنەیەكی گرنگە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆمان لە ژنان، كە لە هەمانكاتدا پێشەنگایەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەكەن و بوونەتە قوربانیی توندوتیژیی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە كۆتایی بانگەوازەكەشدا هاتووە، بانگهێشتی هەموو لایەنە ئازادیخوازەكان دەكەین، كە بە ڕەنگ و هێمای خۆیان لەم كۆبوونەوەیە بەشداری بكەن بۆ ئەوەی ببێتە چالاكییەكی كاریگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن،ژیان، ئازادی لە كوردستان و ئێران.

دەقی بانگەوازەكەی كۆلێكتیڤی ژن، ژیان، ئازادی:

ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی ۴۳ ساڵە كه بە شێوەی جۆراوجۆر، گەل دەچەوسێنێتەوە و مافی ژیانێكی ئازاد و بەختەوەریان لێ زەوت دەكات. لەم پێكهاتە ستەمكار و پڕ لە هەڵاواردنەدا كە حكوومەتی كۆماری ئیسلامی دایمەزراندووە، ژنان، نەتەوە بندەستەكان (بەلووچ، عەرەب، كورد، تورك و هتد)، چینی كرێكار و هەژار و كەمینە ڕەگەزی و ئایینییەكان، ڕووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوەیەكی گەورەتر بوونەتەوە و پەراوێز خراون. ئەم ڕژیمه پیاوسالاره هەر لە یەكەم ڕۆژەكانی هاتنەسەركارییەوە ژنانی سەركوت كردووه، حیجابی زورەملی بەسەردا سەپاندوون و گەلێك نادادپەروەریتری لە یاسای بنەڕەتییدا چەسپاندوون. لە هەمانكاتدا پێكهاتەی فرەنەتەوەیی، ئایینی و زمانەوانیی ناو كۆمەڵگای ئێرانی كردوەتە ئامانجی سیاسەتگەلی تاڵانی ئابووری، سەركوتی سیاسی و ئاسیمیلەكردنی كولتووری. لەناوبردنی مافی ژیان لەلایەن ئەم حكومەتەوە هاوكات بووە لەگەڵ گەشەسەندنی هەژاری و نایەكسانی و وێرانكردنی ژینگه.

بەڵام لەم هەموو ساڵە تاریكانەی ستەم و خنكاندندا، چ لە ماڵ، چ لە شەقام و قوتابخانە و كارگەكاندا ڕەنگی بەرخۆدانی نەپساوەی گەل كاڵ نەبوەتەوە. تووڕەیی گشتیی لەپاش كوشتنی كچی كورد ژینا ئەمینی لە ۱۶ی سێپتەمبەر بەدەستی كۆماری ئیسلامی، بەرخۆدانه لێك‌دابڕاوەكانی لە ژێر ناوی شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی یەكخست. ئێستەش زیاتر لە دوو مانگە، ئەم شۆڕشە بووە بە هەوێن بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئازادی و ژیان بۆ هەمووان. شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی كه له كوردستان دەستی پێكرد ئێستا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی كە لە ڕووبار و دارستانەكانی ئێرانەوە تا منداڵان، گەنجان، ژنان، كرێكاران و هەموو چین و توێژە پەراوێزخراوەكانی دیكە لە ژێر دروشمی ـ ژن ژیان.ئازادی- كۆ كردووتەوە تاكوو بەم دەسەڵاتە خوێنڕێژه بڵێن نەخێر. هەرچەند بەردەوامی ئەم شۆڕشە سەرتاسەرییە تا ئەم ساتە سەركوتی خوێناوی و ئەشكەنجەی شۆڕشگێڕانی لەگەڵدا بووه  و بە نرخ و تێچووی زۆر لەوانە لەدەستدانی سەدان گیانی ئازیز دەستەبەر بووە.

بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن ژیان.ئازادی لە ناوخۆی ئێران، بەرخۆدانی كوردستان و بەلووچستان و بەرزكردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازان لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە وەكوو كۆلێكتیڤی ژن.ژیان.ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان و هێزە یەكسانیخواز و دیمۆكراتیكەكانی كوردستان و ئێران و لایەنە دیمۆكراتیكەكانی نێو ئەوروپا بەتایبەت وڵاتی فەرەنسا لە رۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری پاریس چالاكییەك لە چەشنی ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە دەبەین. چالاكییەكەی ئێمە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان واتە رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر كه خوی بۆنەیەكی گرنگە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆمان له ژنان كە لە هەمانكاتدا پێشەنگایەتی شۆڕشی ژن ژیان.ئازادی دەكەن و بوونەتە قوربانیی توندوتیژیی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە بانگهێشتی هەموو لایەنە ئازادیخوازەكان دەكەین كە بە ڕەنگ و هێمای خۆیان لەم كۆبوونەوەیە بەشداری بكەن بۆ ئەوەی ببێتە چالاكییەكی كاریگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی لە كوردستان و ئێران.

شوێنكاتی چالاكی: ۲۶ نۆڤەمبەری ۲۰۲۲، پاریس، كاتژمێر ۱۴ تا ۱۷ ، ڕۆیشتن لە مەیدانی Republique

كۆلێكتیڤی ژن، ژیان، ئازادی

[email protected]

هـ . ب