براوەی خەڵاتی نۆبڵ، نێرگز موحەمەدی مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، چالاکوان نێرگز موحەمەدی لە زیندانی ئەوینی تاران، مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند.

بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند، نێرگز موحەمەدی لە زیندان مانگرتنی لە خواردن دەست پێ کردووە.

بنەماڵەکەی دەڵێن: "نێرگز موحەمەدی پێش چەند سەعاتێک بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە. نیگەرانین سەبارەی بە ڕەوشی تەندروستی وی".

بنەماڵەکەی دەڵێن، "هەر شتێک بەسەر نێرگزدا بێت، کۆماری ئیسلامیی بەرپرسیارە".

ئەم چالاکوانە بێبەشکردنی بەندکراوان لە دەرفەتی چاودێری و ناچارکردنی ژنان بۆ داپۆشینی سەریان شەرمەزار دەکات. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەسەڵاتداران نێرگز موحەمەدیان نەبردە نەخۆشخانە، چونکە ڕەتیکردەوە سەری داپۆشێت.

بنەماڵەکە باسیان لەوە کرد، نێرگز موحەمەدی نەخۆشی سییەکان و دڵی هەیە و پێویستە چارەسەری بکرێت.

نێرگز موحەمەدی یەکێکە لە ژنە پێشەنگەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە ٦ ی تشرینی یەکەم، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا.