دۆزی داخستنی کەجەدەپە ڕەتکرایەوە

دۆزی داخستنی کەجەدەپە بڕیاری ڕەتکردنەوەی بۆ دەرچوو.

چوارەمین دانیشتنی دۆزی پلاتفۆرمی ئێمە ڕێگە کوشتنی ژنان دەگرین (کەجەدەپە) کە بە تۆمەتی "جووڵانەوە دژی یاسا و ئەخلاق" کرابووەوە، لە ٣٧هەمین دادگای سزا قورسەکانی دادگای چاگلایانی ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو.

پارێزەرانی پلاتفۆرمەکە، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، پارتی کرێکاران، مەجلیسی ژنانی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکاریی جەماوەری (KESK)، ئەندامانی پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی (ESİK)، نوێنەرانی کونسوڵخانەی هۆڵەندی و سویدی، نوێنەرانی پێن، نوێنەران مەجلیسی ژنانی کۆمیسیۆنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان، جێگری سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئەستەنبوڵ، پارێزەر نازان مۆرۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە ئیستەنبوڵ کەنعان کافتانچیۆئۆغڵو و چەندین کەسی دیکە و ژنە پارێزەران بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد.

دوای دەستنیشانکردنی ناسنامەکان، دۆزەکە دەستیپێکرد. دوای داواکاری پارێزەران بۆ بەشداریکردن لەو دۆزەکە، گوێ لە شایەتحاڵەکان گیرا. پاشان بەرگری دەستی پێکرد و گوڵسوم کاڤ، نوێنەری گشتیی کەجەدەپە ڕایگەیاند، دۆزەکە نالۆژیکییە، بڕیارەکە هەرچی بێت، ئەوان بۆ یەکسانی و ئازادی وڵاتەکەیان تێکۆشان دەکەن.

فیدان ئەتاسەلیم سکرتێری گشتیی کەجەدەپە ئاماژەی بەوە کرد، دۆزی داخستنی پلاتفۆرم نایاساییە و بڕیارەکە هەرچی بێت ئەوان درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن. هەروەها لە دانیشتنەکەدا ئەسین یەشیلیرماک، ئیپێک بۆزکورت، توگبا تۆرون و لەیلا سورێن قسەیان کرد و سەرنجیان بۆ تێکۆشانی ژنان ڕاکێشا و ڕایانگەیاند: "ژنان تەنیا نین".

پاشان دادگا دۆزەکەی ڕەتکردەوە.