گیانلەدەستدانی ئارمیتا گراوەند ناڕەزایەتی لێکەوتەوە

دوای ٢٨ رۆژ مانەوە لە لە دۆخی کۆما، دوێنێ هەواڵی گیانلەدەستدانی ئارمیتا گراوەند کچەکوردی تەمەن ١٧ ساڵ لە تاران بڵاوکرایەوە، ئەو رووداوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە.

سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم ئارمیتا گراوەند کچە کورد خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، لە یەکێک لە وێستگەکانی میترۆی ئەو شارە، بە وتەی شایەتحاڵان بەهۆی ئەوەی پابەندی حیجابی زۆرەملێ نەببوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە توندوتیژی بەرامبەر کرابوو و لە هۆش خۆی چوبوو.

دوای ٢٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران کە بە توندی لە ژێر چاودێری هێزە ئەمنییەکاندابوو، دوێنێ هەواڵی گیانلەدەستدانی ئارمیتا بڵاوکرایەوە و ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە چەند گەڕەک و ناوچەی تاران خەڵک دژی دەسەڵات دروشمیان وتە.

بەهەمان شێوە لە شارەکانی وەک کرماشان و شیرازیش چەند چالاکیەکی ناڕەزایەتی هاوشێوە بەڕێوەچوون و بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک کاربەدەستانی ئێران بەمەبەستی رێگری لە هەرجۆرە خۆپیشاندانێک، هێزێکی زۆریان لە شاری کرماشانی زێدی ئارمیتا جێگیر کردووە.

هەرلە چوارچێوەی رێکارەکان بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان تائێستا تەرمی ئارمیتا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و بە پێی چەند سەرچاوەیەک گوشارەکان لەسەر ئەو بنەماڵەیە چڕکراونەتەوە، بۆ ئەوەی هیچ جۆرە مەراسیم و پرسەیەک بۆ کچەکەیان دانەنێن.

گینالەدەستدانی ئارمیتا رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەبیر دەهێنێتەوە، ئەویش بەهەمان شێوە لە تاران بە پاساوی حیجابەوە لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستگیر و رووبەڕووی توندوتیژی بووەوە و دوای ئەوەی کەوتە دۆخی کۆماوە لە رۆژی ١٦ی ئەو مانگەدا گیانی لەدەستدا و ئەو رووداوەش بووە سەەرەتا سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کە بە گەورەترین و بەربڵاوترین شەپۆلی ناڕەزایەتی ٤٥ ساڵی رابردوو لە ئێران دادەنرێت.