تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازاد بەرەو ئازادی" ڕاگەیاندراوی کەمپینەکەی لە میوانخانەی یەڵدز سەرای لە شاری ڕحا ئاشکرا کرد کە تا ڕۆژی ٨ی ئازاری ٢٠٢٤، ڕۆژی جیهانیی ژنان بەردەوام دەبێت. هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ساڵیحە ئایدەنیز، ژنە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە شارەکانی باکوری کوردستان، دایکانی ئاشتی، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ی ڕحا، دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری ڕحا و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشدارییان لە ڕاگەیاندراوەکەدا کرد.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن چالاکوانی تەژەئا، سوزان ئاکیپا خوێنرایەوە.
پوختەی ڕاگەیاندراوەکەی تەژەئا بەم جۆرەیە:
" ئەمڕۆ، لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکداین، کە وەک سەدەی ژن پێناسەی دەکەین، لە قۆناغێکدا کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" جێپەنجەی خۆی لەسەر ئەم سەدەیە بەجێهێشتووە، لە ڕاگەیاندنی ئەم کەمپەینە بە پلەی یەکەم بۆ ژنانی کورد، بۆ هەموو ژنانی جیهان و گەلانی جیهان، بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو ئازادی" دەستمان بە خەبات کرد و کۆبووینەوە. ڕاگەیاندنی ئەم کەمپەینە هاوکاتە لەگەڵ سەدەمین ساڵیادی لۆزان... لە لایەکی ترەوە، چارەکە سەدەیەکە، گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەیشتۆتە چارەکە سەدەیەک، لەلایەن تورکیا و هێزە نێونەتەوەییە کۆڵۆنیاڵیستەکانەوە جێبەجێ دەکرێت".
سڵاو لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین
لە درێژەی ڕاگەیانداوەکەدا هاتبوو: " سەدەی بیست و یەک بەرپرسیارێتی خستۆتە ئەستۆمان تا تێکۆشانی ئازادیی ژنان بگەیەنینە سەرکەوتن. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو خاکەیە کە تێکۆشانەکەی بەرەکەتی بە هەموو ژنانی جیهان گەیاندووە. وەک شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا... ئێمە گەواهیدەری شۆڕشی جڤاکی ژن، ژیان، ئازادین کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەستی پێکرد و گەیشتە پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە. بە ڕۆحی ئەم شۆڕشە و بە باوەڕمان بە تێکۆشانی ژنان، بەڵێن دەدەین کە ئەم شۆڕشە فراوانتر بکەین و سڵاو لە تێکۆشانی ئازادیی هەموو ژنانی جیهان دەکەین!"
پێویستە پشتگیری لە تێکۆشانی ئازادی بکرێت
لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو هێرشانە لە هەموو لایەکەوە دەکرێن، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، دەڵێت: " بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژ بە تێکۆشانی ئازادیی کورد و ژنانی ئەم تێکۆشانە، لێکەوتەکانی ئەم شەڕەی قووڵتر کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، لە هەڵمەتەکەماندا کە دژی شەڕ "بەرخۆدان" و "بەهای ئازادی ئەم بەرخۆدانە" لەخۆدەگرێت، بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنین؛ پێش هەموو شتێک پێویستە دامەزراوە و دەزگا نێونەتەوەییەکان هەموو بازنەە دیموکراتیکەکان و ڕای گشتی جیهان، دژی ئەم شەڕ و داگیرکارییە بوەستن؛ پشتیوانی تێکۆشانی ئازادی بکەن!".
" با پێکەوە تێکۆشان بەهێزتر بکەین"
هەروەها تەژەئا بانگەواز لە ژنان و هەموو ئازادیخوازێک دەکات، دژی بەئامانجگرتنی ژنان، هەوڵی سەرکوتکردنی گەلی کورد، قڕکردنی کورد و تاڵانکردنی سرووشتی کوردستان، هەمووان یەکگرتوو بن و تێکۆشان بەهێزتر بکەن.
"هێرشی سەر ژنان بەردەوامە"
هەروەها باس لەوە کراوە، ڕەوشەکە بەوە نەوەستاوە پیاوان ژنان دەکوژن و دەستدرێژی دەکەن سەریان و توندوتیژیان بەرامبەر دەکەن، بەڵکو دەسەڵات لەم دژایەتییەی ژن تێوەگلاوە، بە ئازادکردنی تاوانباران و سزانەدانیان. دەڵێت: " بۆیە هێرشێکی فرەلایەنە و قووڵ و سیستماتیکی دژ بە ژنان هەیە. ئێمە وەک تەژەئا؛ بەڵێن دەدەین لەم کەمپینەوە تێکۆشانمان بۆ سەرکەوتن دەگۆڕین، ماتەمینی خۆمان دەگۆڕین بە ڕاپەڕین و هەموو ئەو ژنانەی کە بە دەستی پیاو کوژراون دەکەین بە هۆی تێکۆشان!".
هەروەها ئاماژە کراوە بەوەی ئەم هێرشە هەموو سیاسەتمەدار و چالاکوانانی گرتۆتەوە، هەر ڕۆژێک بە ئۆپەراسیۆنی سیاسی هەزاران ژن دەگیرێن. دەسەڵات کورد و ژن و چالاکوان و ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەدار و ڕەنجدەر و هەمووان دەکاتە ئامانج.
"پێویستە بەرخۆدان و ئازادی ژنان فراوانتر بکرێت"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، دووپاتکراوەتەوە، ژنانی گەنجی کورد لەلایەن دامەزراوە ئاینپەرست و پاشڤەڕۆکانەوە دەکرێنە ئامانج و ئەم سیاسەتە بەدەستی قەیومەکان جێبەجێ دەکرێت. سیخوڕیکردن و مادەی هۆشبەر و خراپەکاری بڵاودەکرێتەوە. هەروەک ئاماژەکراوە بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر دایکانی ئاشتی. هەروەها دەڵێت: " ئێمە وەک تەژەئا، بەم کەمپەینەی لەسەر ڕێچکەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستمان پێکردووە، ڕایدەگەیەنین کە بەپێی ڕاستی تێکۆشانی ئازادی ژن، خاوەندارێتی زیاتر لە ئیرادە و ناسنامە و دەستکەوتەکانمان دەکەین. ئەگەر لە ناو دیواریشدا بین، ئەگەر لە دەرەوەی دیواریش بین، لە هەموو ئەو ناوچانەی کە لێی دەژین، دژی ئەم سیاسەتە قێزەون و کۆنانە، بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین بەرخۆدان و ئازادی ژنان فراوانتر بکەن!".
"زمان و چاندەکەمان، هەبوونی ئێمەیە"
هەروەها ئاماژەکراوە بەو قڕکردنە چاندییەی لەسەر زمان و ناسنامە و نرخەکانی کورد هەیە. تیشکخراوەتە سەر ئەوەی لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا، لەسەر بناغەی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی ئەم سیاسەتانە دەوەستنەوە. هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکەن، بەتایبەت کورد، خاوەندارێتی لە زمان و چاند و ناسنامەی خۆیان بکەن و جیاوازییەکان بپارێزرێت، تێکۆشان لەم پێناوەدا فراوانتر بکرێت.
"گۆشەگیری ئیمراڵی"
هەروەک ئاماژە بەوە کراوە، هێرشە هەمەلایەنەکان بۆ سەر تەواوی ژیان، ئەنجامی گۆشەگیریی ئیمراڵییە. ئەوە چارەکە سەدەیەکە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە و قووڵتر دەبێت، بۆیە قڕکردنی ژن، کێشە سیاسی و جڤاکی و ئابووری و سرووشتپارێزییەکان قووڵتر دەبن. تەژەئا، دووپاتی دەکاتەوە، چارەسەری کێشەی کورد و هەموو کێشەکانی تر، هەر لە ئیمراڵییە. دووپاتی دەکەنەوە: "ئامانجی سەرەکیمان شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی وییە. بۆ ئەم ئامانجە بانگەواز لە هەموو ژنانی تورکیا و جیهان دەکەین پشتگیری تێکۆشانەکەمان بکەن".
"بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی"
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لەم ڕۆژەدا و بەم کەمپینەی لەسەر بناغەی بەرخۆدانی ژینا ئەمینی دەستمان پێ کرد، کە بوو بە هێمای شۆڕشی ژن و ژیان و ئازادی لە سەدەی بیست و یەکدا، جارێکی دیکە دەڵێین؛ باوەڕمان بە تێکۆشانی ئازادی ژنان سەد لەسەدە! بۆ ئەوەی ئەم باوەڕە زیاتر بێت، ژنانی کورد لە پلەی یەکەمدا؛ بانگەواز لە هەموو ژنانی تورک و ڕێکخراوە فێمینیستەکان و ژنانی چالاکوان و هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە پاڵپشتی کەمپەینەکەمان بکەن، تاوەکو دژی هەموو هێرشەکانی سەر هەبوونی ژنان، بە پێشەنگایەتی ژنان، ئازادی جڤاکی زیاتر بکەین. با هەموومان پێکەوە، لە هەموو شوێن و کاتێکدا؛ هاوار بکەین: بە بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو ئازادی!"
بەرنامەکە بە تەماشاکردنی سینڤزیۆنێک کۆتایی هات.