کۆنفرانسی ژنانی پارتی چەپی سەوز دەستیپێکرد

کۆنفرانسی ژنانی پارتی چەپی سەوز دەستیپێکرد و لە کۆنفرانسەکەدا چیدەم کلیچگون ئوچار، هاووتەبێژی پارتەکە ڕایگەیاند، " دژی هێرشە فرەلایەنەکانی دەسەڵاتداری فاشیست، ئەرکی هەموومانە بەرخۆدانێکی فرەلایەنە رێکبخەین". وتیشی: "هۆکاری داڕمانی ئابووری گۆشەگیری و شەڕە"

کۆنفرانسی ژنانی پارتی چەپی سەوز بە دروشمی "بە سەرھەڵدان و ڕێکخستن، ئازادی دەپارێزین" لە ناوەندی کولتووری و پەروەردەی ژووری ئەندازیارانی میکانیک، بە بەشداری ٤٠٠ نوێنەری ژنان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپیکرد.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی ئەو ژنانەی لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیدا شەهید بوون، ئەندامانی دیوان ھەڵبژێردران. پاشان تولای حاتەمئۆگولاری، ئەندامی دیوان ڕایگەیاند، "تێکۆشانی ژنان گەشتر دەکەن".

'ئەرک و بەرپرسیارێتی ھەموومانە بەرخۆدان بە ڕێکخستن بکەین'

لای خۆیەوە، چیدەم کلیچگون ئوچار، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز سەرەتای وتارەکەی بە یادکردنەوەی ژنانی شەهید دەستپێکرد و سڵاوی لە بەرخۆدانی دایکانی ئاشتی، دایکانی شەممە و ئەمینە شەنیاشار کرد.

کلیچگون ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵاتداری فاشیست، کە دوژمنی ژنان، کوردان، کرێکاران، رەنجدەران و سروشتە، بەشێوەیەکی فرەلایەنە هێرش دەکات، وتیشی: "ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموومانە کە لەدژی ئەو هێرشانە بەرخۆدانێکی فرەلایەنە بەڕێکخستن بکەین".

'داڕمانی ئابووری بەهۆی گۆشەگیری و شەڕەوەیە'

کلیچگون ڕایگەیاند، هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە هەوڵدەدات بەسیاسەتەکانی شەڕ، توندوتیژی و گۆشەگیریی رژێمێکی تاکەکەسی بنیاد بنێت، وڵاتی بەرەو قەیرانێکی ئابووری جددی بردووە، سەرچاوەی ئەم قەیرانە ئابووری، هەژاری و بێکارییە، سەپاندنی سیاسەتی شەڕ و گۆشەگیریە، ئەوەش دەرئەنجامی شەڕ دژی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، دەرئەنجامی سەپاندنی گۆشەگیرییە بەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو بێ چارەسەریەیە کە بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە، دەرئەنجامی ئەو بودجەیە کە بۆ تاڵانکردن، بەرتیل، شەڕ و دوژمنایەتی دژی ژنان، گەنجان، کرێکاران، رەنجدەران و کوردان بەکاردەھێنرێت.

جەختیشیکردەوە، "تا ئەو کاتەیی کۆتایی بە سیاسەتی شەڕ و گۆشەگیری توندی سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان نەھێنرێت، تا ئەو کاتەی چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد نەیەتە ئاراوە، هەژاری، بێکاری و کوشتنی ژنان کۆتایی نایەت. بەم تێگەیشتنە لە دژی سیاسەتی شەڕ، ھەموو ساتێک سەرنجمان لەسەر ئاشتییەکی شکۆمەندانەیە".

کلیچگون دووپاتیشی کردەوە: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، دەستەبەربوونی ئاشتییەکی شکۆمەندانە و ڕاستەقینە تەنیا ئۆجالان پێشنیاری بۆ چارەسەری ھەیە و ئەو نەخشە ڕێگایەیی بەڕێز ئۆجالان ساڵی ٢٠١٣دا خستیەڕوو، لە یادەوەری ئێمەدا دەمێنێتەوە ئێمە هەرگیز لەو پێناوەدا دەست لە تێکۆشان ھەڵناگرین."

ھەروەھا فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد پەیامیان بۆ کۆنفرانسەکە نارد.

لە بەشێکی پەیامەکەدا ھاتووە، "هەرگیز نابێت لەبیرمان بچێت و لەبیری بکەین، کە ئیرادەی ھێزێکی بنچینەیی خەبات و سەرکەوتنی ھاوبەشە. زیاتر لەمەش پێشدەکەوێت، وەک هەڤاڵانی ژنتان لە زیندانەکاندا لە هەموو دۆخێکی دژوار لەگەڵتانین، با ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە و بزانین تا ئێستا چیمان بەدەستھێناوە، بۆ ئەوەی ئێمە بیبینین بە سەربەرزییەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ ھاتووین. هێزی ژن کەس ناتوانێت ڕێگری لێ بکات، بە ھۆشیاری ڕەگەزی و ئیرادە، بە شۆڕش و ڕۆحی ژن، ئەم قۆناغەش بە هەمان شێوە تێدەپەڕێنین".

ژ.ن