کەنەکە: پشتگیری لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین
کەنەکە گوتی: "ئەم بانگەوازە بە گرنگ و مێژوویی دەبینین و پشتگیری دەکەین، کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیموکراتیک".
کەنەکە گوتی: "ئەم بانگەوازە بە گرنگ و مێژوویی دەبینین و پشتگیری دەکەین، کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیموکراتیک".
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دەربارەی پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەنەکە دووپاتی دەکاتەوە، دوێنێ ڕۆژێکی مێژوویی بوو لە هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورددا، گوتی: "دوێنێ شاندێکی بەرفراوان چووە دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیداریان ئەنجامدا. شاندەکە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالانی بە ناونیشانی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. ئامانجی ئەم بانگەوازە ئاشتییە، ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە لە تورکیا و کوردستان، وە ڕێخۆشکردنە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و دیموکراتیزەکردنی تەواوی تورکیا، ئامانجی ئەوەیە لەڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە پرسی کورد چارەسەر بکات".
کەنەکە دەڵێت: "ئەم بانگەوازە بۆ چەندین لایەنە. بانگەوازی سەرەکی بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی تورکە تاوەکو شەڕ بوەستێنن و ڕێگە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک بکەنەوە، هەلومەرجی ئازادی کارکردنی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنن، پرسی کورد بهێننە پەرلەمان و بەشێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەری بکەن.
بانگەوازە بۆ لایەنی کوردی تاوەکو بەپێی سیاسەتی دیموکراتیک سەرلەنوێ خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە کردنەوەی ڕێگەی سیاسی، دەست لە چەک هەڵبگرن.
بانگەوازێکە لە هێز و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و ڕای گشتی جیهان، تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەبێت و ئاڵۆزتر بێت، ئاشتی و ئارامی هەرێمەکە تێکدەچێت، بۆیە دەبێت ڕاوەستە لەسەر ئەم پرسە بکەن و لایەنگری چارەسەری دیموکراتیک بکەن.
وەک کەنەکە ئەم بانگەوازە بە گرنگ و مێژوویی دەبینین و پشتگیری دەکەین، کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیموکراتیک".
بەم بۆنەیەوە:
بانگەواز لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەکەین ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەن و وەڵامی ئەرێنی بدەنە ئەم بانگەوازە، ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک بکەنەوە و پرسی کورد بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکەن.
تا ئێستە دەنگدانەوەی نێونەتەوەیی خراپ نییە، بەڵام بەگوێرەی پێویستیش نییە، بانگەواز لە هێزە جیهانییەکان دەکەین و دەڵێین تەنها ڕاگەیاندراو بەس نییە، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لەکیس نەچێت، هەنگاوبنێن و بۆ ئاشتی و دیالۆگ ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
بانگەواز لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین، لەم ساتەوەختە هەستیارەدا دەبێت پێکەوەبین، پشتگیری بانگی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموراتیک بکەین و یەکێتیی خۆمان بەهێز بکەین، تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی بڵندتر بکەین".