کوردستانیان لە تۆرۆنتۆ کوشتنی ژینا ئەمینییان شەرمەزارکرد

کوردستانیانی دانیشتووی تۆرنتۆ بە ڕێکخستنی چالاکییەک کوشتنی ژنی کورد ژینا ئەمینیان شەرمەزارکرد، کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا.

لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، کۆمۆنی ژنانی ئازاد سارا و ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلی کورد لە تۆرنتۆ لەبەردەم نیویۆرک سەنتەر کۆبوونەوە و مەراسیمی یادکردنەوەیان ئەنجامدا و لەبارەی ژنی کورد ژینا ئەمینی، کە لە ١٣ی ئەیلولدا دەستگیرکرابوو و هەر لەو ڕۆژدا بەهۆی ئەشکەنجەوە چووە کۆما و لە ١٦ی ئەیلول دا گیانی لە دەستدا ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

دروشمەکانی "ئێمە هەموومان ژینا ئەمینین!"، " کوشتنی ژنان بوەستێنە!"، "توندوتیژییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە دژی ژنانی کورد بوەستێنە!"، " ژن، ژیان، ئازادی" بەبێ پچڕان و بە بەردەوامی دەوترانەوە.

داوای لێکۆڵینەوە کرا

لە بەیاننامەیەکدا، کە بەناوی کوردانی دانیشتووی کەنەداوە بڵاوکراوەتەوە، داوا لە رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کراوە، کە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی دەست پێبکات.

'مرۆڤە ئازاکانی رۆژهەڵات و ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان'

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەیەکی ورد سەبارەت بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و ئازاردان و لە ئەنجامدا کوشتنی ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ ئەنجام بدات، کە لە دوای دەستگیرکردنی بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەستدا. مرۆڤە ئازا و قارەمانەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە کوشتنی ژینا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ڕژانە مەیدانەکان و سەر شەقامەکان. ئێستا کاتی ئەوەیە پشتیوانی لە گەلی ڕۆژهەڵات و ئێران بکەین و سیاسەتی دوژمنایەتیی کورد لە کۆماری ئیسلامی ئێران شەرمەزار بکەین و ناڕەزایی دەرببڕین".

سڵاو لە بەرخۆدانی گەلانی ئێران کرا

کوردان لە چالاکییەکەیاندا، سڵاویان لە پێداگری و سووربوونی گەلانی ئێران لەسەر هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشان کرد و وتیان: "سەدان چالاکوان لە خۆپیشاندانەکانی شارە کوردییەکانی ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەستگیرکراون، کە لە دژی دەستگیرکردن و کوشتین ژینا ئەمینی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕژابونە سەر شەقامەکان. کۆماری ئسلامیی ئێران ڕژێمێکی مەترسیدارە، کە ژنان و باوەڕەکان ڕووبەڕووی جیاکار و گوشار دەبنەوە.

پارتە سیاسییە سەربەخۆکان، سەندیکاکان و یەکێتیەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاریان لێ قەدەغە کراوە، میدیاکان سانسۆر  دەکرێن و لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکاندا گوشار لەسەر خەڵک و ڕای گشتی دروست دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێکەوە کاربکەن و تاوەکو دەسەڵاتدارانی ئێران ناچار بکەن، دادپەروەری بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی پێکبهێنن و ڕێگری لە پێشێلکارییەکانی تری مافەکانی ژنان لە ئێران بکرێت".

چالاکییەکە نزیکەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوو و بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهات.

ژ.ت