کژار: نابێت لەبەرامبەر هێرشە بێباکانەکانی رژێمی پیاوسالاری ئێران بێدەنگ بین

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) وێڕای شەرمەزارکردنی کوشتنی ئارمیتا گراوەند، داوای لە هەموان کرد کە بەرامبەر بەو تاوانەی دەوڵەتی ئێران بێدەنگ نەبن.

ئارمیتا گراوەند کچە کوردی تەمەن ١٧ ساڵ کە دانیشتووی تاران بوو، رۆژی یەکی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر لە میترۆی ئەو شارە بە پاساوی ئەوەی رەچاوی حیجابی زۆرەملێی نەکردووە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە هێرشیکرایەسەر و کەوتە دۆخی کۆماوە و پاش ٢٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران، رۆژی شەممە ٢٨ی ئەم مانگە هەواڵی گیانلەدەستدانی بڵاوکرایەوە.

لەوبارەوە لە راگەیەندراوێکدا کژار ئەو تاوانەی دەوڵەتی ئێرانی بە توندی شەرمەزار کردووە و داوای کردووە هەموان بەرامبەر بە تاوانە بێنەدەنگ و جەختیکردووەتەوە، کە تا ژنان ئازاد نەبن، کۆمەڵگا ئازاد نابێت، بۆیەش داوای درێژەدان بە تێکۆشانی کردووە لە پێناو ئازادیدا.

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بەم جۆرەیە:

"لە بەرامبەر هێرشە بێباکانەکانی رژێمی پیاوسالاری ئێران نابێت بێدەنگ بین

لە یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، جارێکی دیکە لە تاران، کچێکی گەنج لە ٩ی رەزبەری ١٤٠٢ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی رژێمی پیاوسالاری ئێران هێرشی کرایەسەر. کچێک کە ناوی ئارمیتا گراوەند بوو، تەمەنی ١٧ ساڵ بوو، کە دوای ٢٨ رۆژ مانەوە لە دۆخی کۆمادا، گیانی لەدەستدا. گیانلەدەستدانی ئارمیتا گراوەند هەروەه ژینا ئەمینی و شەهیدانی دیکەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تاوانێکی کوشتنە کە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجامدراوە و دەرخەری لاوازی و دەستەوەستانی و سیاسەتی پیاوتەوەری رژێمی فاشیستی ئێرانە.

رژێمی فاشیستی ئێران، لە سەر بنەمای پیاوسالاری دامەزراوە. مێشکی رزیو و رەگەزگەرای دەسەڵات، بە درێژایی ساڵانی رابردوو بەتایبەتی لەم یەک ساڵەدا، بە هێرش و پەلامارەکانی دژی گەلان لە سەرتاسەری ئێران، سیاسەتی پیاوتەوەری خۆی نیشانداوە. دەسەڵاتێک کە دژە ژن و دژە کۆمەڵگایە، رژێمێک کە تەنیا و تەنیا دیوارێکی لە لەمپەر، سەرکوت، سوکایەتی و سانسۆری لەبەردەم کۆمەڵگەدا هەڵچنیوە و لە بەرامبەر داواکارییەکانی گەلان، تەنیا وەڵامەکەی زیندان، لەسێدارەدان و کوشتنە. بەڵام لە بەرامبەر سەرجەم ئەم هێرشانەیدا، تەواوی کۆمەڵانی خەڵک و توێژەکانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی ژنان وگەنجان هەرگیز بێدەنگ نەبوون. ئەوان بە باشی نیشانیاندا کە ئەم رژێمە هیچ رەوایەتیەکی نییە. لەبەر ئەوەی رژێمێکی دژە ژنی وەک رژێمی ئێران، نەک هەر ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی ژنان بێت، بەڵکوو بۆ سەرکوتکردنیان پەنابۆ هەموو ڕێوشوێنێک دەبات. هاوشانی گەشەی تێکۆشانی ژنان، رژێم بە چەندین شێواز لەهەوڵی تۆڵەسەندنەوەدابوو. ئاماری خۆکوشتن لە هەفتەکانی رباردوو و کوشتنی ئارمیتا لەلایەن دەوڵەتەوە، نمونەی بەرچاوی ئەم پەلامارانەن. رژێم لەهەوڵدایە کە لە رێگەی هەڵکشانی توندوتیژیەوە لە ژێر ناو و پێناسەی جیاجیا و لەهەمان کاتدا بە سانسۆر و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی، دۆخەکە بۆ رۆژانە بەر لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازاد بگەڕێنێتەوە و خۆی بە باڵادەست و بەهێز نیشان بدات. ئەمەش لەکاتێکدایە لاوازی و دەستەوەستانی رژێم لە بەرامبەر داواکارییەکانی ژنان و گەنجان، لای هەموان روون و ئاشکرایە.

لەمڕووە، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) کوشتنی ئارمیتا گراوەند لەلایەن دەوڵەتەوە بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوای لە کۆمەڵگەی ئازادیخوازی ئێران دەکەین کە لەبەرامبەر ئەم تاوانەدا بێدەنگ نەبن. داواکاری گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، جارێکی دیکە ئەوەی نیشاندا کە تا ئەو کاتەی ژنان ئازاد نەبن، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. بەم ئاراستەیە درێژەدان بە تێکۆشان، دەبێتە لەمپەر و بەربەست لەبەردەم رژێمی دیکتاتۆری ئێران و رێگە بۆ گەیشتن بە ئازادی خۆش دەکات.