کژار: ئەندامێکمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێندراوە و چارەنوسی دیار نییە
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ئاشکرای کرد کە ئەندامێکیان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە لە نزیک سنە رفێندراوە و چارەنوسی دیار نییە.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ئاشکرای کرد کە ئەندامێکیان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە لە نزیک سنە رفێندراوە و چارەنوسی دیار نییە.
کژار لە بانگەوازێکدا کە ئاراستەی رای گشتی، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤی کردووە رایگەیاندووە: "لە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، (١ی ئابی ٢٠٢٣) یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار”، بە ناوی “وریشە مورادی” ناسراو بە “جوانا سنە”، کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کاروباری سیاسی و ڕێکخستنی پێوەندیدار بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕفێندراوەو بۆ شوێنێکی نادیار راگواستراوە".
ئاماژە بەوەسکراوە: "لەم ماوەیەدا سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی هاوڕێمان وریشە مورادی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دەست نەکەوتووە. ئەم بابەتە نیگەرانی ڕێکخراوەکەی ئێمە “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار” و هەروەها بنەماڵەکەی، سەبارەت بە دۆخی نادیاری ناوبراوی زیاتر کردووە".
کژار راشیگەیاندووە: "سەبارەت بە بێ سەروشوێنکردنی ئەم هەڤاڵەمان لە لایەن هێزەکانی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئێمە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی گیان و مافەکانی هەڤاڵ جوانا سنە".
لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: "هەر بۆیە داوا لە ڕای گشتی و ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەین کە ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنکردنی هەڤاڵ جوانا سنەو هەروەها “سیناریۆ سازی دامەزراوە ئەمنییەکان” لەدژی ناوبراو بگرنەبەر".
ژ.ن