لە سلێمانی بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سیمینارێک ئەنجامدرا
لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، بەپێشەنگایەتی کژار بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، سیمینارێک ئەنجامدرا.
لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، بەپێشەنگایەتی کژار بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، سیمینارێک ئەنجامدرا.
ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" کە لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا، بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئیرشادەوە هاتەکایەوە، ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادبوونی شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی چالاکوانان، نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ساڵڕۆژی شۆڕشەکەدا سیمینارێک ئەنجامدرا.
ڕۆزەرین کەمانگەر لەم بارەیەوە گوتی: “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێشخەر و هاوکاری تەواوی شۆڕشەکان دەکەن دژی دەسەڵاتە ستەمکارەکان، دەبن بە پاڵپشتی دەنگی تەواوی ژنانی ئازادیخواز لە هەرچوار پارچەی کوردستان".
ئەندامی کۆمەڵەی ڕێکخراوی ئازادی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کانی کەرەم پوور، گوتی: "ئەم شۆڕشە هۆکارێک بوو، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە تەواوی جیهان دژی سیستەم و دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بووەستنەوە".
لە درێژەدا گوتی: "لەم شۆرشەدا ١٠ هەزار کەس بریندارکران لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و چەندین کەسیش تاکو ئێستاش لە زیندانەکاندان، هەندێکیشیان گیانی لەدەستداوە، بە هۆی ئەوەی بەشدارییان لەم شۆڕشەدا کردووە، بەڵام سەرەڕایی هەموو ئەمانەش ئەگەر ئەوان ئەو قوربانیەیان نەدایە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نەدەگەیشت بە گوێی تەواوی جیهان".
هەروەها دووپاتی کردەوە: "شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەردەوامە و لەو ڕۆژەدا هەمووان بەیەکەوە دەچینە سەرشەقامەکان، دروشمی ژن ژیان ئازادی دەدەینەوە بە گوێیاندا".
لای خۆیەوە، ئەندامی ڕێکخراوی ئاسۆی ژن، چیمەن جەوانروودی، گوتی:" ٤٣ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران، پیشانی کۆمەڵگەی داوە، کە ژن بێدەسەڵاتە و بۆ خزمەتی پیاوان دانراون، بەشێوازێك کە تەواوی خەڵکی ئێران پێیان ئەستەم بوو، ڕۆژێک شۆڕشێکی وەک "ژن، ژیان، ئازادی" وا لە ژنان بکات ئازاد بن و بێنە مەیدان و هاوشانی پیاوان کار بکەن".
لەبارەی دەستکەوتەکانی ئەم شۆرشەوە گوتی: "شۆڕشی ژن ژیان ئازادی وای کرد ژنان بێنە مەیدان، لە گروپی یەکگرتویی کوردی و ڕۆژهەڵاتیدا کۆببنەوە ودەنگ و ڕەنگیان بخەنە پاڵ یەکتری، بیرکردنەوەی پیاوان لە کۆمەڵگەدا بگۆڕن، بە شێوازێک ئێستا لە وڵاتی ئێراندا پیاوان داوای دەستەبەرکردنی مافی ژن دەکەن".
لە درێژەی سیمینارەکەدا، ڕۆزەرین کەمانگەر گوتی: "هیوادارین دەنگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بگاتە هەموو ماڵێک لە وڵاتی ئێراندا، چۆن ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری خۆبەڕێوەبەرییان داوە، لە وێش ژنان یەک ڕیز و یەکدەنگبن بڕیاری خۆبەڕێوەبەری بدەن".