لە سلێمانی چالاکییەک بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات و ئێران بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی ژنان بۆ پشتیوانی لە ژنانی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چالاکییەکیان رێکخست و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند، بە یەکگرتن سەردەکەون.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلان بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامە.

لە پارکی هەواری شاری سلێمانی، ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە رێکخستنی چالاکییەک پشتگیریی خۆیان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی.

ڕاگەیاندراوی چالاکییەکە لەلایەن پرشنگ شاهۆ خوێندرایەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێران ڕاستەوخۆ توندوتیژی دژی ژنان دەکات. هەروەها ئەو دەسەڵاتە ژنانیان پشتگوێخستووە، بۆ ئەوەی خۆیان لە چەق و ناوەنددا بمێننەوە. لە ئەنجامی سیاسەتی چەندین ساڵەی ئێران، ژنانی وەک ڕێحانە جەباری، فەریناز خوسرەوانی و ئێستا شلێر ڕەسوڵی و ژینا ئەمینی دەکرێنە ئامانج. توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە هۆی چەوساندنەوەی ژنان و ناسنامەی ژنان لە ناو ماڵەکان و شەقامەکاندا. ئەو ژنانە، کە بۆ ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان کار دەکەن، یان لەسێدارەدەدرێن، یان زیندانی دەکرێن".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەتی دەکەن و هاواری ژن، ژیان، ئازادی لە ماڵ و شەقامەکاندا دەبیسترێت. ئێمە پشتگیری خۆمان دووپات دەکەینەوە. ئێمە پشتگیری لە ڕاگەیاندراوی کەژار دەکەین، کە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم بە رۆژی جیهانیی ژینا بناسرێت. لەم چوارچێوەیەدا دەمانەوێت بە ناوی ژنانی کوردستان و هەموو ژنانی ئازادەوە پشتیوانی خۆمان بۆ چالاکییەکان دەرببڕن، چونکا مرۆڤ بە یەکگرتن و یەکێتی  سەردەکەوێت".

ژ.ت