لە ئیستەنبوڵ پەیامی 'تێکوشان لە دژی دیکتاتۆرەکان' درا

رێکخراوەکانی ژنان بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ژینا ئەمینی لە ناوچەی کادیکۆیی ئیستەنبوڵ گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا ڕایانگەیاند، لە هەموو شوێنێکی جیهان دەڵێن 'ژن، ژیان، ئازادی' و لە دژی دیکتاتۆرەکان درێژە بە تێکوشان دەدەین.

زۆرێک لە رێکخراوەکانی ژنان بەدەم بانگەوازی گروپی 'ئۆزگوڕلوک ئازادی فریدۆم' چوون و لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران گیانی بەخت کرد، چالاکییەکی گردبوونەوەیان بە دروشمی "ئێمە لەپێناو ژینا ئەمینی لە هەموو شوێنێک ئازادی دەھۆنینەوە " لە بەردەم ئەسکەلەی بەشیکتاشی کادیکۆی ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا ئۆزگوڵ ساکی و  چیچەک ئۆتلو، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە بازنەی ئیستەنبوڵ، دەستپێشخەری دایکانی ئاشتی و ئەندامانی ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان بەشدار بوون.

چونکە ژمارەی ئامادەبووانی چالاکییەکە زۆر بوون، ڕێگە نەدرا ژنانی ئێرانی بچنە گۆڕەپانەکە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی چالاکییەکە ڕاگیران. ژنان ئەو ھەڵسوکەوتەیان شەرمەزار کرد و تاکوو بەردەم دەرگای چوونەدەرەوە بە وتنەوەی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕێپێوانیان کرد. چالاکوانان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم دەرگای چوونەدەرەوە خۆڕاگریان کرد، دوای ئەوەی ڕێگە بە ژنانی ئێرانی درا بچنە ناو گۆڕەپانەکە، ڕاگەیەندراوێک لەلایەن ڕویا کورتولوش و شەنای کوموز خوێندرایەوە.

کورتولوش ئاماژەی بەوەکرد، دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و وتی: ئەو ژنانەی لە هەموو کایەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی کێشە بوونەوە بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد. سەرەڕای هەموو فشارەکان، ژنان تێکوشانی بەڕێکخستنکراویان گەشتر و بەگوڕتر کردووە.

وتیشی: "بۆ ئەوەی سڵاو لە بەرخۆدانی ژنان لە ئێران بکەین و پشتیوانی خۆمانیان بۆ دەرببڕین، لەتورکیا ڕوومان لە شەقامەکان کردووە. ئەمڕۆ جارێکی دیکە پێکەوەین. ئێمە لە ئێران، تورکیا و لە هەموو شوێنێک دژی دیکتاتۆرەکان دەڵێین: ئازادی".

لە کۆتایشدا جەختلەوەکرایەوە، تاکە ڕێگای ئازادی تێکوشانی هاوبەشە و چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمەکان کۆتایی هات.

ژ.ن