نازیلا مەعروفیان کچە رۆژنامەنووسی کورد بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا
نازیلا مەعروفیان کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چوار جار لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیراوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادکرا.
نازیلا مەعروفیان کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چوار جار لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیراوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادکرا.
رۆژی ٣٠ ئاب نازیلا مەعروفیان رۆژنامەنووسی کوردی دانیشتووی تاران لە ماڵەکەی لەو شارە بۆ چوارەم جار دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.
ئەو کچە رۆژنامەنوسە رۆژی چوارشەممەی رابردوودا لە تۆمارێکی دەنگیدا لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە لە دژی ئەشکەنجە و گێچەڵپێکردنی لە کاتی دەستبەسەرکردنی و لە ناو زیندان مانی لە خواردن گرتووە.
ئەمڕۆ راگەیەندرا کە ئەو کچە رۆژنامەنوسە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.
لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، نازیلا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەنجامدا و بەهۆی ئەو چاوپێکەوتنەوە سێ جاری دیکە دەستگیر و بە شێوەی کاتی ئازادکرابوو، دوایین جار بە تۆمەتی بانگەشە لە دژی دەسەڵات سزای یەک ساڵ زیندان و پێبژاردن بە بڕی ١٥ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو کچە رۆژنامەنووسە کە خەڵکی شاری سەقزە و نیشتەجێی تارانە پێشتریش بە هۆی کاری رۆژنامەوانیەوە چەند جارێک رووبەڕووی گوشار و لێپرسینەوەی ناوەندە ئەمنییەکان ببووەوە.
هـ . ب