نێرگس محەمەدی لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە: سەرکەوتن مسۆگەرە!

چالاکوانی مافەکانی ژنانی ئێران نێرگس محەمەدی کە براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵە لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سەرکەوتن ئاسان نییە، بەڵام مسۆگەرە".

پەیامەکەی نێرگس محەمەدی لەلایەن کیانا رەحمانی کچیەوە بە فەرەنسی خوێندرایە و لە ماڵپەڕی فەرمی دامەزراوەی نۆبڵدا بڵاوکراوەتەوە. لە پەیامەکەیدا ئەو چالاکوان و رۆژنامەوانە تەمەن ٥١ ساڵەیە سوپاسی کۆمیتەی نۆبڵینەرویژی کردووە.

نێرگش محەمەدی جارێکی دیکە رەخنەی لە حیجابی زۆرەملێ لە ئێران گرت و داوای لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کرد کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.

ئەو چالاکوانە زیندانیکراوە وتی، "حکومەتێک کە ٤٥ ساڵە لە کۆمەڵگادا هەژاری و نەداری پەرەپێدەدات، حکومەتێکە کە بە سیاسەتی شەڕەنگێزی، لە ناوچەکە و جیهان ئاشتی و سەقامگیری دەخاتە مەترسیەوە".

نێرگس محەمەدی ١٣ جار دەستگیرکراوە، ٥ جار بە گشتی ٣١ ساڵ سزای زیندان و ١٥٤ سزای قامچی بۆ بڕاوەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە زیندانە.

نێرگس محەمەدی لە پەیامەکەیدا هەروەها رایگەیاند، "وەک گەلی ئێران ئێمە دیموکراسی، ئازادی، مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیمان دەوێت. کۆماری ئیسلامی لەبەردەم ئەو داواکارییە نەتەوەییانە، گەورەترین بەربەست و لەمپەرە. هەوڵ دەدەین سەرلەنوێ سکۆی ئێران و سکۆی مرۆڤایەتی زیندوو بکەینەوە. سەرکەوتن ئاسان بەدەست نایات، بەڵام بە مسۆگەری بە دەست دەهێندرێت".

نازانرێت کە نێرگس محەمەدی بە چ شێوەیەک پەیامەکەی ناردووەتە دەرەوەی زیندان.

هـ . ب