ساڵیادی بەرخۆدان بەرزڕاگیرا، ژینا ئەمینی یادکرایەوە
ژنانی کورد سڵاویان لە ساڵیادی بەرخۆدانی ژن، ژیان، ئازادی کرد و ژینا ئەمینیان یادکردەوە کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە کوژرا.
ژنانی کورد سڵاویان لە ساڵیادی بەرخۆدانی ژن، ژیان، ئازادی کرد و ژینا ئەمینیان یادکردەوە کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە کوژرا.
مەجلیسی ژنانی تەبقە و قامیشلۆ و دێرکی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک و ناوەندنی باوەڕە دیموکراتیکەکانی عامودا، سڵاویان لە ساڵیادی بەرخۆدانی ژن، ژیان، ئازادی کرد و ژینا ئەمینی یادکرایەوە.
لە قامیشلۆ عەبیر شێت، لە دێرک سەنا مەحمود، لە عامودا ئاخین شەریف، لە تەبقە بەیدا ئەلئەحمەد دەقی ڕاگەیاندراوەکەیان خوێندەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
"ئەمڕۆ سەری خۆمان لەبەردەم شۆڕشی ژنان بڵند دەکەین کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە لە ١٦ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستی پێ کرد. ژینا ئەمینی بەو پاساوەی حیجابەکەی باش نەبەستووە کوژرا. کوشتنی ژینا سەرهەڵدانی لێکەوتەوە و ژینا ئەمینی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی'' بوو بە سیمبولی جیهان و دژی سیاسەتەکانی ستەمکاری دژی ژنان وەستا.
شۆڕشی ژنان تەنیا دۆزی سەرپۆش نەبوو، بەڵکو دۆزی گەلێکی ژێر دەستی دەسەڵاتی فاشیستیش بوو، کە ئایینیان کردە بیانوو و مافی سادەی نەدەدا بە گەل، بەڵکو تەنیا نەژادپەرستی ئایینی و ئایدیۆلۆژی بەسەر گەل دەسەپێنێت. کاتێک باسی جێگای ژن لە ئیسلامدا دەکەین، ئەوە ڕوونە کە ئیسلام مافی بە ژنان داوە. بەڵام داب و نەریت و دەسەڵاتی ئایینی ستەمیان لە ژنان کردووە.
ئێمە پشتگیری شۆڕشی ژنان دەکەین لە هەموو جیهاندا ڕوانینی نزم لە ژنان لە ژێر ناوی ئیسلامدا شەرمەزار دەکەین. ئیسلام ئاینی ئاشتی و خۆشەویستییە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا دروست ناکات، مەگەر بە کاری باش. ئایینی ئیسلام هەوڵدەدات دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا بەدی بهێنێت".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ بۆ پشتگیریکردن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی'' لەبەردەم ناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆ چالاکییەکی ئەنجامدا. سەدان ژن لە هەموو چین و توێژەکان بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.
لە چالاکییەکەدا لەسەر ناوی کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ شاها خەلیک، ڕایگەیاند، شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هێزی خۆی لە بەرخۆدانی ژنانی کورد وەرگرتووە، گوتی: "ئەم شۆڕشە درێژەدانە بە بەرخۆدانی بارین و ئاڤێستا لە ڕۆژاڤا و هەروەها درێژەدانە بە بەرخۆدانی شیلان و لەیلا لە باشوور و درێژەدانە بە بەرخۆدانی بێریڤان و زیلان لە باکوور و درێژەدانە بە بەرخۆدانی ڕوناهی لە ئەوروپا. لەسەر بناغەی بەرخۆدانی ئەم شەهیدانە و بە گوێرەی ڕاستی "ژن، ژیان، ئازادی'' کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشی کردووە، شۆڕش ئەنجامدرا".
تەل بەراک
پەیوەست بەم مژارە، کۆنگرەی ستاری تەل بەراکی قامیشلۆ، بە بەشداری دەیان ژن، ئەندامانی دامەزراوە مەدەنییەکان، چالاکییەکی ئەنجامدا.
ئەندامی کۆنگرەی ستاری تەل بەراک، عەزرا ئەلحوسێن، گوتی: " ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ژینا ئەمینی کە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ڕژێمی دەسەڵاتدارەوە کوژرا. ئەم کار و تاوانە دژ بە ژینا ئەمینی شەرمەزار دەکەین. ئیسلام ئایینێکی دادپەروەرە و هیچ یاسایەک پەسەند ناکات کە مافی ژنان پێشێل بکات. بەپێچەوانەوە، ڕێز لە ژنان دەگرێت و هەموو مافەکانی پێدەبەخشێت".