سەدەی بیست و یەک دەبێتە سەدەی ئازادی ژنان

چالاکوانی تەژەئا ئەیلەم ساروجا ڕایگەیاند، سەدەی بیست و یەک دەبێتە سەدەی ئازادی ژنان و وتی:" پێویستە هەموو بزووتنەوەکانی ژنان لەسەر زەمینەیەکی هاوبەش یەکبگرن و پێکەوە تێکۆشان لەدژی عەقڵیەتی باڵادەستی پیاوان بەهێز بکەن.

کۆمار سەدەی خۆی تەواو کردووە، بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کورد درێژە بە بوونی خۆی بدات. دەوڵەت کە لەم ڕۆژانەدا چووەتە سەدەی دووەمی خۆیەوە، بە شێوازی جیاواز، بە تایبەت دژی گەنجانی کورد و ژنانی کورد، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد.

چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد(تەژەئا)، ئەیلەم ساروجا، سیاسەتەکانی دەوڵەتی بەرامبەر بە ژنانی کورد و ڕووداوەکانی مێژووی کۆماری هەڵسەنگاند.

"دەوڵەتی تورک بەکۆمەڵکوژی و قڕکردنی کوردان بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات"

ساروجا ئاماژەی بەوەدا کە نەتەوەپەرەستی لە تورکیا بە درێژایی مێژووی کۆمار بە گوشار و کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد بەردەوام بووە و ڕایگەیاند کە سیاسەتی دوژمنکارانە دژ بە بوونیەتی کورد سەدان ساڵە بەردەوامە و وتی:" نەتەوەپەرەستیەک کە دەڵێت یەک زمان , یەک ئاڵا، یەک وڵات سەد ساڵە خۆی وەک شێوەیەکی حوکمڕانی سەپاندووە و بەردەوامە.

دەوڵەتی تورک بەو هێرشانەی لە مێژووی کۆماردا دەستی پێکردووە ژنانی کردووەتە ئامانج. بەتایبەت لە کوردستان، دەرسیم، مەرەش، زیلان و ڕۆژئاوا، ژنانی کورد کراونەتە ئامانج، چ بە دەستدرێژیکردنە سەر جەستەی ژنان یان بە کوشتنیان. چونکە عەقڵی دەوڵەتی پیاوسالار لە مێژووی شەڕە جیهانییەکاندا جەستەی ژنی وەک غەنیمەت بینیوە. ژنان لە شەڕ و کۆمەڵکوژییەکاندا بوونەتە ئامانجی یەکەم. تورکیا لە مێژووی کۆماریدا ئەو کارەی دژی ژنانی کورد ئەنجامداوە.

تێکۆشانی ئازادی ژن

ساروجا ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە ژنانی کورد کە ڕووبەڕووی هێرشی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاری بوونەتەوە، هەروەها سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی بزووتنەوەی ژنانی کورد وتی:"تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە بەهێزتر بووە ئەمە ڕاستییەکە نکۆڵی لێناکرێت. بێگومان دەستکەوتەکانی ئێستا لە ئەنجامی تێکۆشانی زەحمەتدا بەدەست هاتوون. ئەمانە بزووتنەوەی ژنانی کوردی بەهێزتر کردووە."

لە دژی ژنان شەڕی تایبەت بەڕێوە دەچێت

ساروجا باسی ئەوەشی کرد، دەوڵەت لە کوردستان سیاسەتی شەڕی تایبەت دژی ژنان بەڕێوەدەبات و ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنانی گەنج  لە ڕێگەی پەیوەندی ناشەرعی و سۆزدارییەوە هەوڵی سیخوڕیکردنیان دەدرێت و سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ژنانی کورد ئەمانەی وتی:"زۆر گرنگە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەگوزەرێت ببینین، کە بە تایبەتی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت". ئەم سیاسەتانە کە لەسەر کۆمەڵگای کوردی و ژنانی کورد بەڕێوەدەچن، نەک هەر زیان بە بزووتنەوەی ژنانی کورد دەگەیەنن، بەڵکو زیان بە تەواوی تێکۆشانی ژنان دەگەیەنن."

"ئێمە وەک ژنانی کورد بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک تێکۆشان دەکەین "

ساروجا ڕایگەیاند کە سەدەی بیست و یەک سەدەی ئازادی ژنە و بزووتنەوەی ژنانی کورد لەسەر ئەمە پێداگری دەکات و لە سەدەی کۆماردا بێگومان ئێمە وەک بزووتنەوەی ژنانی کورد لە پێناو تورکیایەکی دیموکراتیکدا درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین و دڵنیاین بۆ ئەم تێکۆشانە دەبێت لەسەر زەمینەیەکی هاوبەش لەگەڵ هەموو بزووتنەوەکانی ژنان یەکبگرین و پێکەوە تێکۆشانمان لە دژی عەقڵی باڵادەستی پیاوسالار بەهێز بکەین و لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتنەدا بەرەو پێشەوە بچین."