'سەرسامی تێکۆشانی ژنانی کوردستان بووم'

سکرتێری ژنانی گەنجی پیشەگەر ژولیا یاوریس کە لە پیرووەوە بەشداری لەو کۆنفڕانسەی گەنجانی جیهاندا کردبوو، کە لەلایەن تۆڕی "گەنجان مێژوو دەنوسنەوە' لە پاریس سازکرابوو، وتی، "من سەرسامی تێکۆشانی ژنانی کوردستان بووم".

زیاتر لە ٦٠ رێکخراوی گەنجان لە چوار لای جیهان بەشدارییان لە کۆنفڕانسی گەنجانی جیهاندا کرد کە لەلایەن تۆڕی "گەنجان مێژوو دەنوسنەوە" لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێووەچوو.

سکرتێری ژنانی گەنجی پیشەگەر ژولیا یاوریس کە لە پیرووەوە بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا کردبوو لەبارەی ئەو کۆنفڕانسەوە وتی، "من وەک ئەندامێکی فیدراسیۆنی ژنانی رەسەن و خۆجێیی، جوتیارانی نەتەوەیی و پیشەگەر (پیشەگەرانی ژن)ی پیرۆ بەشداریم لە کۆنفڕانسەکەدا کردووە. من سکرتێری نیشتمانیی گەنجانم و لەسەر بانگهێشتی بزوتنەوەی کوردەوە بەشداریم لەم کۆنفڕانسەدا کردووە. من سەرسام و شەیدای تێکۆشانی ژنانی کوردستان بووم و زۆر کاریگەرییان لەسەر داناوم. لە کاتی کۆنفڕانسی لە دژی سەرمایەداری کە لە بۆگۆتای کۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو من دەرفەتی ناسینی ئەوانم بەدەستهێنابوو.

ئێمە تێگەیشتین کە لەم رۆژانەدا نەک هەر لە ئەمریکای لاتین، بەڵکوو لە هەموو جیهان بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان تێدەکۆشن. گەلانی خۆجێیی زمان، نەریت و کولتوری جیاجیایان هەیە، بەڵام ئەمە نابێت رێگر لەبەردەمماندا بۆ ئەویە لەگەڵ خەڵکانی دیکەی جیهان پەیوەندیمان هەبێت. بە پێچەوانەوە تۆڕێکی هاوپەیمانی ساز دەکەین و لە رێگەیانەوە کۆدەبینەوە و پەیامێکی گەورە دەدەینە هەموو ژنان کە ئامادەن بۆ تێکۆشان. ئێمە لە پێناو پاراستن و گەڕاندنەوەی مافەکانی ژنانی هەژار تێدەکۆشین و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە خاکەکەشمان دەکەین.

لەبەر ئەوە من وەک کچێکی دانیشتوانی رەسەن و خۆجێی لێرەم و بە تەواوی توانامەوە بەشداریم لە کۆنفڕانسەدا کردووە. من دەڵێم کە ئێمە لە تێکۆشانی سیستمی سەرمایەداریدا بەتەنیا نین، بە پێچەوانەوە ئێمە پێکەوە لە دژی ئەو جیهانە دەوەستینەوە و بە بەخشینی هێز بە یەکتر ئێمە یەکدەگرین. داوا لە هەموو ژنان دەکەم کە درێژە بە تێکۆشانیان بدەن و بە هێز و بوێریەوە شەڕ بکەن، رێگەمەدەن سیستم ئێمە لە یەکتر داببڕێت و لەناومان ببات. بە پێچەوانەوە هاوڕێیانمان فێری تێکۆشان لە دژی سیستم بکەین، خۆمان بەهێز بکەین و پێیان نیشان بدەین کە وەک ژن ئێمە دەتوانین لە دژی سیستم شەڕ بکەین و خۆمان بەهێز بکەین".

هـ . ب