تاژێ: ئەم دوو یاسایە ڕێگە بۆ کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ دەکەنەوە

تاژێ ناڕەزایەتی نیشاندا بەرامبەر پەسەندکردنی یاسای باری کەسێتی و بڕیاری لێبووردنی گشتی، بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشانی هاوبەشی ژنان.

تاژێ

پەرلەمانی عێراق سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکان لەژێر ناوی هەموارکردنەوەدا، لە ٢٠ ی کانوونی دووەم یاسای باری کەسێتی و بڕیاری لێبووردنی گشتی پەسەند کرد.

دەربارەی هەردوو یاساکە، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند پەسەندکردنی دوو یاساکە شەرعیەتدانە بە زیهنیەتی قڕکردنی ژنان و کۆمەڵگە، لە دژی ئەمە بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشانی هاوبەش.

درێژەی ڕاگەیاندراوەکەی تاژێ بەم جۆرەیە:

"  لە ۳ـی ئابی ۲۰۱٤ کۆمەڵکوژی ۷٤ـەمین لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، بە خیانەتی پەدەکە و هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورک جێبەجێکرا، هەر لە هەمان مانگی ئابی ۲۰۲٤ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی پێکهاتەی شیعە، یاسای "باری کەسی"، مادەی ۱٨٨ـی خستەڕوو، کە لە ساڵی ۱۹٥۹ دامەزرا و پێکهاتەی سوننەش لە ساڵی ۲۰۱٦ یاسای لێبوردنی گشتی خستەڕوو، ناوەڕۆکی ڕەشنووسی ئەو یاسایە دژایەتی توندی خەڵکی عێراق بە تایبەتی ژنانی ئێزیدی و سەرجەم ژنانی عێراق و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و منداڵان و تۆڕە یاساییەکان و ڕۆشنبیرانی بەرکەوت، بەڵام پەرلەمان ئەو ئیرادە و هەڵوێستە دیموکراسییەی پشتگوێ خست و لە مانگی یەکدا ئەم یاسایە لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە پەسەند کرا کە هیچ پەیوەندییەکی بە پەیڕەوی ناوخۆ و دەستووری عێراقەوە نییە.

 لە کۆمەڵکوژییەژەدا پێکهاتەی ئێزدی و بەتایبەت ئێمەی ژن بووینە ئامانجی هەموو جۆرە کردەوەیەکی دڕندانە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، ئێستاش هەزاران ژن و منداڵ و ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان بە دیل لەلایەن داعشەوە گیراون، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ کە لە شنگال و دەوروبەری دەستنیشانکراون، نەکراونەتەوە، عێراق بەرپرسیارە لەو گۆڕانەی کە لە بەرامبەر نەوەی نوێی کۆمەڵگەکەماندا نەکراونەتەوە، سەرەڕای ئەو مەینەتییە زۆرە، ئێستاش هەزاران کەس لە گەلەکەمان بەهۆی ئەو ئازارانەی کە بەرگەی گرتووە، نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، زەبر و زەنگی فەرمانەکە هێشتا لەناو هەر یەکێکماندا زیندووە.

دە ساڵ بەسەر ئەو فەرمانە تێدەپەڕێت، عێراق لەبری ئەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدیمان جێبەجێ بکات، جینۆساید بە فەری بناسێنێت، لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباران بکات، یاسای لێبوردنی گشتی دەردەکات، ئەم یاسای لێبوردنە بەمەبەستی سوود گەیاندنە بە ئەندامانی داعشی سوننە، ئەوانەی دەستیان لە خوێنی ئێزیدیەکاندایە، کە تاوانی نامرۆڤانەیان بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدی و ژنانی ئێزیدی ئەنجام داوە، ئەمڕۆ ئەمانە ئەو کەسانەن کە سوودمەند دەبن لەو لێبوردنە. پەسەندکردنی ئەم یاسایە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو میللەت و پێکهاتەکانی و ئایینەکان و بیروباوەڕەکانی و  کۆمەڵگەکەمان، ئێمە دەڵێین بەم یاسایە دەیانەوێت زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی نوێ خۆش بکەن.

هەروەها پڕۆژەی ناساندنی جینۆساید دژی پێکهاتەی ئێزدی خرایە کارنامەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەم کاتەدا، بەڵام ئەمە لەلایەن پەدەکەوە ڕێگری لێکرا و پەرلەمان دەستبەجێ لە کارنامەی خۆی دوورخستەوە، خەباتمان بەردەوام دەبێت تا عێراق بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر کۆمەڵگەکەمان جێبەجێ دەکات، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکەین و دەڵێین ئێستا پێویستە پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دان بەو جینۆسایدەدا بنێت کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدی ڕوویدا.

وەک چۆن پێشتر دژایەتی خۆمان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەربڕیوە، ئەمڕۆش بە هەمان دژایەتی ئەم هەموارکردنە پەسەندکراوە بە توندی ڕەتدەکەینەوە، گۆڕینی ئەم یاسایە بە واتای ڕێگریکردنە لە ئیرادە و ئازادی و مافەکانی ژنان،  ئەم یاسایە ڕێگا خۆش دەکات بۆ هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ و کوڕانی تەمەن ١٥ ساڵ، دیسانەوە مافی منداڵبوون و میرات لە ژنان سەندراوەتەوە.

ئەم یاسایە دژی هەموو مافەکانی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی ژنان، ئەم یاسایە دژی ژیانی دیموکراسی و یەکسانە، دژی ژن و منداڵ و گەنج و بە گشتی دژی هەموو کۆمەڵگەکانی عێراقە، ئەم عەقڵیەتە کە لە ڕێگەی عەقڵیەتی دەوڵەتی نێر و ئایدۆلۆژیای سێکسیستییەوە هەوڵدەدات پێش بە بەئاگاهاتنەوە و خەبات و ئازادی ژنان بگرێت، نوێنەرایەتی عەقڵیەتی داعشە، ئەم عەقڵیەتە پاساوێکە بۆ ئەو جینۆسایدەی کە دژی ژنان و کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت.

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، جارێکی دیکە بە توندی ڕەشنووسی یاسای باری کەسی و لێبووردنی گشتی ئیدانە دەکەین و هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین، داوا لە عێراق دەکەین دەستبەجێ ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە و گوێ لەو هەڵوێست و کاردانەوەیانە بگرێت کە بەرامبەر بەم یاسا نادیموکراسیانەی کە پەسەند کراون دەردەبڕدرێت، داوا لە کۆمەڵگەی عێراق و بەتایبەتی هەموو ژنانی عێراق و ئەوانەی لە باشووری کوردستان دەژین دەکەین، هەڵوێستی خۆیان لە دژی پەسەندکردنی ئەو یاسایانە دەرببڕن و لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە".