نێرگز محەمەدی: ئێران دەیەوێت پاشەکشە بە ژنانی قارەمان بكات

هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند دەوڵەتی ئێران بە لە سێدارەدان دەیەوێت پاشەکشە بە ژنانی قارەمان بکات و تۆڵەی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازای' بکاتەوە.

ئەمرۆ نێرگز محەمەدی زیندانیانی سیاسیی لە میانی کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ کۆمیتەی مافەکانی ژنان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا و ئەندامانی پەرلەمانی فەڕەنسا وتارێکی پێشکەش کرد.

نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند، ئێران بە لەسێدارەدانی پەخشان و وریشە دەیەوێت ژنانی قارەمان ناچار بە پاشەکشە بکات، وتیشی، داوا لە فەڕەنسا دەكەم مەرجی سەرەکی هەر گفتوگویەکی لەگەڵ ئێران ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان بێت.

نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند، لە زیندانەکانی ئێران ژمارەی لەسێدارەدان زیادیكردووە و هەموو ڕۆژیک لەم خاکەدا سەری گەنجەکانمان بە پەتی سێدارەوە دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی ژنانی زیندانیی سیاسیی زۆر خراپە و ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات تۆڵەی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە ژنان بکاتەوە.

وتیشی، ئێران لە ڕێگەی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەیەوێت ژنانی قارەمان ناچار بکات لە خەبات و تێکۆشانەکانیان پاشەکشە بکەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە فەڕەنسا کرد پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئێران بکاتە مەرجی سەرەکی و تەوەری سەرەکی هەر گفتوگویەکی فەڕەنسا لەگەڵ ئێران و هەروەها كار بكەن بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان.