تێگەیشتن و ناسینی ڕاستی بێریتان

ڕاستی بێرتیان لە ئیستەنبوڵ دەستی پێ کرد و خۆی گەیاندە چیاکانی باشوری کوردستان، بەرخۆدانی دێرسیم و بەرخۆدانی هاوچەرخی پەکەکەی یەکخست.

ئەندامی کۆنسەی فەرماندەیی یەژاستار، ژیندا ڕوناهی، باسی لە سیمبولی بەسوپابوونی ژن بێریتان (گوڵناز کاراتاش) کرد:

ئێمە لە کەسێتی بێریتان (گوڵناز کاراتاش)دا هەموو شەهیدانی کوردستان بە عەشق و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە، بەڕێزەوە بەژنی خۆمان بۆ یادی ئەوان دەچەمێنینەوە.

دەوڵەتی تورک ساڵی ١٩٩٢ لە باشوری کوردستان دژی پەکەکە هێیرشی داگیرکاری دەست پێ کرد. هێزەکانی پەدەکە-یەنەکەیان تێکەڵی هێرشەکە کرد و هێڵی هاوکاری-تەسلیمبوون دەسەپێنرا. لەسەر ئەم خاکە بەبێ هێڵی تەسلیمبوون و نۆکەری و داگیرکاری، ئەنجام بەدەست نەدەهات، لە سەردەمی ئەنکیدۆوە هەروا بووە.

ئەنکیدۆ! ئێستاش وەک تراوما و زەنگێک لە یادەوەری کورد و کوردستاندا دەزرنگێتەوە. دەسەڵاتدار و سیستەمەکانی چەوساندنەوە، حەز بە ئەنکیدۆکان دەکەن. تەڤگەرێکی وەک پەکەکە لەسەر ئەم زەمینەیە دەرکەوت. ئەمەش بە واتای کۆتایی هاتنی داگیرکاری و تاڵانکردن بوو. واتە لەدەستدانی سەرچاوەکانی چەوساندنەوە و تاڵانی ئەو هێزانە، کە هێشتا دەستبەرداری نەبوون. بۆیە هەموویان زۆر ناڕەحەت بوون. هەموویان زۆر توڕە بوون. پەکەکە لە کوێوە دەرکەوت؟ کورد گەیشتە ئاستی مردنی تەواوەتی... پەکەکە و ڕێبەرێتی دژی ئەوان دەرکەوتن و گوتیان بەسە ئەم ڕەوشە. ئەمەیان تێپەڕاند، بڵاوبوونەوە، بوون بە جەماوەریی و پیشانیاندا دا دەکرێت جیهانێکی تر ئەزموون بکرێت. گەل سەریهەڵدا، دەستیکرد بە گەڕان بەدوای مافی خۆیدا، لەسەر چیاکان کوڕ و کچەکانیان چەکیان هەڵگرت، وەک گوتیەکان، چیاکانیان کردە زێدی خۆیان، بەشێوەیەکی ڕێکخراو دژی هێرشی شارنشینان وەستان و شەڕیان کرد. شەڕێکی نەبەزێنراو، شەڕی گەریلاییان دەست پێ کرد... ئیتر ژیانێکی نوێ شین بوو.

هێرشی هەژموونی نێونەتەوەیی

هێرشی ١٩٩٢ لە باشور، تەنها داگیرکاری دەوڵەتی فاشیستی تورک و هێزە هاوکارەکانی نەبوو، هێرشی هەژموونی جیهانی بوو لە دژی پەکەکە. خواستی ئەوان بۆ بەدیهێنانی ستاتۆیەکی نوێ لە باشور، بەو مانایە بوو دەیانویست بە تێگەیەکی سیاسی بەدی بهێنن. بەم ڕەنگەش، بەها شینبووەکانیشیان لە ڕەگەوە هەڵکەند، بەمەش وانەیەکیان دەدایە کوردەکان.

لەلایەکی ترەوە، هەلی بۆ پاشڤەڕۆیی ڕەخساند، لە ناوەوە و لە دەرەوەی ئێمەدا، تاوەکو کوردایەتی نوێ ڕەچاو نەکرێت. بە گوێرەی ئەوان، ئەگەر پەکەکە ڕێگە بە هێڵی هاوکاری و خیانەت بدات، کێشەکانی بە شێوەیەکی بنەڕەتیتر چارەسەر دەبن... کەواتە هەڵوێستی بێریتان سیمبولی هەڵوێستە لە دژی ئەو پلانانە. بێریتانی کردە سیمبولی بەرخۆدان و ڕەچاوکردنی هەموو بەرخۆدانێک.

ڕاستی قارەمانێتی ناو پەکەکە، بە بێریتان دروست بوو. بێریتان لە دەوربەری زاگرۆس، وەک کچە کوردێکی چیاکان، ئاشنای ئایدۆلۆژیای پەکەکە بوو. بەو چالاکییە، چاندی خوداوەندێتی دەرخست. ئەوەی تێیدا دەژیا ساتەوەخت نەبووە، بەڵکو مێژووە. لێرەوە، مێژوو دەربارەی خۆی دوا. ئێستا بە خوێنی خۆی ئایندەی بنیات دەنێت.

تەنها چالاکییەک نەبوو

ڕێبەرێتیمان بێریتانی وەک سیمبول و هێڵێک دەدی و پێناسەی دەکرد. ڕێبەرێتی چالاکییەکەی بێریتانی تەنها وەک چالاکییەک نەدەبینی، بەڵکو ڕاستییەکە، پێکهاتنی حەقیقەتێکە کە دەبێتە ماڵی گەل و هاوڕێیانی.

"داستانی کچێکی دێرسیمی هەیە بە ناوی گوڵناز کاراتاش (بێریتان) کە لە ئیستەنبوڵەوە هاتووە. ئەم هەڤاڵە لە هەڵکوتانە سەر بنکەی ڕوبارۆکدا ئەرکی فەرماندەی تیم دەگێڕێت. شەڕ لە باشوورەوە دەست پێدەکات، ئەو لەوێ بەرپرسیارە، لە پێشی تیمەکە دەوەستێت. لە شەڕەکەدا بریندار دەبێت، تا دوا گولە شەڕ دەکات. هێزەکانی باشور دەڵێن تەسلیم بە. دەڵێت "نەخێر ئێوە هاوکاری دوژمنن. لەسەر بناغەی باشور، هێرش دەکەنە سەر باکور. هەرگیز تەسلیمی ئێوە نابم". بێگومان هێزەکانی باشور – لەسەر بناغەی هەستوسۆز- پێی دەڵێن "هیچت لەگەڵ ناکەین". هەڤاڵ دەڵێت: "من قەت تەسلیمی ئێوە نابم و وەک خیانەتکار دەتانبینم" لە زنارێکی بڵندەوە خۆی فڕی دەداتە خوارێ. ئەمەش کاریگەری زۆر دەکاتە سەریان. هەموو گەلی باشور تا ئێستەش باس لەم ڕووداوە دەکەن. هەرگیز ناتوانن ئەم کاریگەرییە بسڕنەوە. چونکە ئەمە باشترین وەڵامە بەرامبەر خیانەت و هاوکاری".

ئەگەر بمانەوێت، ئێمەش بێریتانین

بەڕاستی بێریتان دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە پێشمەرگەکان شەرم لەخۆیان بکەن و چەکەکانیان لەدژی گەلی خۆیان دابنێن و واز لە شەڕکردن دژی پەکەکە بهێنن. ساڵانێک خاوەندارێتی لە  تەرمەکەی دەکەن و بە ڕێزەوە دەیپارێزن. پاشان ڕادەستی هەڤاڵەکانی دەکەنەوە.

زۆر شت لە ڕاستی بێریتانەوە فێردەبین. هەرچەندە ٣١ ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەست دەکەین بێریتان دەژی و لەگەڵ گەلدایە. ئەگەر بمانەوێت، ئێمەش بێریتانین. هەموومان دەتوانین خۆمان لە بێریتاندا ببینینەوە. هەرگیز لە ئێمە دوور نییە. ئەو سیمبول و هێڵی ئێمەیە.

درێژە بە هێڵی بێریتان بدەن

ڕێبەرێتی گوتی، "پێویستە ژنان لەم ڕووەوە تەواو هۆشیاربن. دەرفەتێکی ٥ هەزار ساڵەتان بۆ هاتووە. ئەگەر کۆشکێکیان دا بە هەر یەکێکتان، تف لە دەموچاویان بکەن. با کچەکان قیامەت هەڵسێنن، دیسان دەخوازن کۆیلەت بکەن. گەمەیەکی مەزن لەسەر ژنان هەیە. ئەگەر هەمووانیش لە چیاکان دابەزن، ئەوان تا بەدیهاتنی ئاشتی شەرەفمەندانە تێکۆشان دەکەن و نایەنەخوار. ئێوە بەرخۆدانی بێریتان دەزانن. دەزانن خەڵکی دێرسیم بوو. کاتێک پێشمەرگە لەبەردەم زنارەکە پێی دەڵێن "وەرە ناتکوژین"، بەڵام بۆ ئەوەی تەسلیم نەبێت، لە زنارەکەوە خۆی فڕێ دەداتە خوارێ. درێژە بە هێڵی بێریتان بدەن، منیش ئەندامی ئەو هێڵەم. تا بەدیهاتنی ئاشتییەکی شەرەفمەندانە لەسەر ئەم هێڵە بڕۆن. دەزانن فەرهاد نامەرد چوو، بەڵام ژنانی ئێمە شەرەفمەندن. من باوەڕم وایە کچە شەرەفمەندەکانمان زۆروزەبەندن".  

بێریتان بۆ هەموومان ڕێبەرە. ڕێبەرێتیمان گوتی "من ئەندامێکی ئەم هێڵەم". ئەمەش بۆ ئێمە فەرمانە.

چارەنووسی شەڕی گۆڕی

ئەگەر مرۆڤ سەرنج بدات، بێریتان بە هەڵوێست و مێشک و کەسێتی خۆی بوو بە هێڵێک، یانی بووە فەرماندە. پاش ٣١ ساڵ یەکێک لەو ڕاستیانەی کە دەبێت ئاوڕی لێ بدەینەوە و فێری بین، ئۆتۆریتەی سروشتی جڤاکی ژنی ئازادە. لەناو پەکەکەدا ڕاستی فەرماندەیی ڕاستی بێریتانە. ڕاستی زیلانە. ڕاستی عەگیدە. بێریتان دوو ساڵ لەناو پارتەکەدا بوو، بوو بە فەرماندەی دەستە بەڵام لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەی بە هۆکارێک بۆ پاشکەوتن و پاشەکشە نەدەزانی، ئیرادە و سووربوونی خۆی نیشاندا و لە کەسێتی خۆیدا بەرخۆدانی گۆڕی بۆ هێڵێک. بێریتان وەک خوداوەندی شەڕ، چارەنووسی شەڕی گۆڕی. ئەوانەی ناوەوەی خۆیان پڕ دەکەن لە ڕۆحی ئاپۆیی، دەتوانن لە هەر ساتێکدا ببنە فەرماندە. لەم ڕووەوە، بێریتان مامۆستایەکی زۆر باشە. لەڕێگەی بەشداربوون و هەڵوێست و ڕەنج و خۆشەویستی و ڕێز و تێکۆشان و بەرخۆدانەوە خۆی ئافراند، شایستەیی بەدەستهێنا، خۆشەویستی- ڕێز-بەهای دۆزییەوە. هەموومان دەتوانین ببینە بینەر و خوێندکاری ئەم ڕاستییە.

ڕاستی بێریتان و شەهیدان، گوزارشتن لە گەیشتنی ئێمە بە ڕەوشی هەبوونێکی جڤاکی. ڕێبەرێتیمان بەجوانی پێناسەی دەکات: "هەبوونی جڤاکی چییە؟ ئەوەی بەرامبەر کەسێک دەکرێت؟ بەرامبەر هەموومان دەکرێت".

وەڵامەکە ڕوونە

ڕێبەرێتیمان گوتی: "ئەگەر شەڕ بکەیت، ئازاد دەبیت، ئەگەر ئازاد بووی، جوان دەبی، ئەگەر جوان بووی، خۆشەویست دەبیت، وەڵامەکە ڕوونە". لە کەسێتی بێریتاندا وەڵامەکە ڕوونە. بێریتان دەبێتە دوو ژن لە مێرسین کە بە چەکی خۆیان ئازاد و جوان دەبن: دەبێتە سارا، دەبێتە ڕوکەن. لە مێردین دەبێتە ئایلەم، گوڵبەهار؛ لە گارزان؛ دەبێتە بێریتان. زیندووێتی و نەمری ئەمەی. جوانبوون ئەمەیە! ئازادی ئەمەیە!