لە پێنج مانگی رابردوودا بەهۆکار و پاڵنەری ئابوری و بێهیوایی بەرامبەر بە داهاتوو نزیکەی ١٠ گەنج خۆیان کوشتووە. لە تورکی تادێت بێئومێدی گەنجان بەرامبەر بە ژیان زیاتر دەبێت. ئەندامی یەکێتی گەنجانی شۆڕشگێڕ یارەن ساریساڵتک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی گەنجان کرد کە قەیرانی سیاسی و ئابوری راستەوخۆ کاریگەری کردووەتەسەریان، هەروەها ئەرک و بەرپرسیارێتی گەنجانی شۆڕشگێڕی تورکیشی لەم قۆناغەدا خستەڕوو.
ساریساڵتک ئەوەی خستەڕوو بۆ تێگەیشتن لە دۆخی گەنجان لە تورکیا تەنیا ئەوە بەسە ئاماژە بەو گەنجانە بکەنی کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ناچار بوون کۆتایی بە ژیانیان بهێنن و جەختی کردەوە کە هەموو کێشە و قەیرانەکان لە تورکیا راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر گەنجان.. مافی پەروەردە و خوێندنی گەنجان بە خوێندنی بەپارە زەوت دەکرێت، مافی ژیان بە هێرشی جیاجیا پێشێل دەکرێت. گوشار و سیاسەتی کۆلۆنیالیستی حکومەتی دواکەوتوو گەنجان دەکاتە ئامانج. کێشەیەکی دیکە گەندەڵی بیردۆزی و کولتوری و بێ بەهاکردنی گەنجانە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە ناڕەزایەتیەکانی گەنجان دەریدەخات دینامیکترین و بزوێنەرترین بەشی کۆمەڵگان و گەنجان هەموو کات لەگەڵ بزوتنەوە چالاکەکان دەجوڵێنەوە".
'رێبەرانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکان لە ناو گەنجانەوە سەریانهەڵداوە'
ساریساڵتک ئەوەشی خستەڕوو کە لە شەستەکانی سەدەی رابردووە، لە تورکیا گەل بەرەو چەپگری چوون و ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر گەنجان هەبووە و سەرەڕای ئەوەش وتی، لەمڕۆدا دژوارە باس لە بزوتنەوەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕ بکرێت و بەم جۆرە روونیکردەوە، "هەموو رێکخستنە شۆڕشگێرییە بەناوبانگەکانی تورکیا و کوردستان لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەناو بزوتنەوەکانی گەنجانەوە سەریان هەڵدا. نزیکەی تەواوی خەباتکار و پێشەنگانی ئەو بزوتنەوانە لە گەنجان پێکدەهاتن. شۆڕشگێڕانی قارەمانی وەک دەنیز گەزمیش، ماهیر چایان و ئیبراهیم کایپاکایا دیارترین نمونەکان بۆ ئەوە".
لەبارەی دۆخی ئێستای بزوتنەوەکانی گەنجانی شۆڕشگێر لە تورکیا ساریساڵتک هێمای بۆ ئەوەکرد، "بەراستی تاڕادەیەک دەتوانرێت بوترێت کە بزوتنەوەکانی گەنجان یەک لە دواکەوتوانەترین سەردەمەکانیان تێدەپەڕێنن، بێگومان هۆکاری ئەوەش ئەو هێرش و گوشارە بیردۆزی- کولتوریانەیە کە لە کودەتای ١٢ی ئەیلولەوە بەرامبەر گەنجان ئەنجام دەدرێت. ئەمڕۆ بزوتنەوەی گەنجان لە پراتیکی رێکخراوەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕ، پێشکەوتنخواز و ریفۆرمخواز سنوورداربووە، سەرباری ئەوەش وەک لەم ساڵانە دواییدا بەتایبەتی بە بەرخۆدانی بۆغازیچیدا بینیمان هەندێک جار گەنجان دەستکەوتی سیاسی گرنگیشیان هەبووە".
'دەبێت گەنجان پێکەوە هەنگاوبنێن'
ساریساڵتک لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت گەنجانی شۆڕشگێڕی تورک لەگەڵ بزوتنەوەی گەنجانی وڵاتپاڕێزی کورد پێکەوە تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەببەن و ئەوەی خستەڕوو، "دەسەڵات لە دژی کورد سیاسەتی سڕینەوە، نکۆڵی و تواندنەوەی کولتوری بەڕێوەدەبات. بە دڕندانەترین شێوەش درێژە بەو سیاسەتە دەدات. گەنجانی کوردیش پشکی شێریان لەو هێرشانە بەردەکەوێت و لە پەروەردە بە زمانی دایکی بێبەشن. لەبەرامبەر ئەوە دەبێت بزوتنەوەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕ پێکەوە بجوڵێنەوە. گوشاری نەتەوەیی کە لەسەر گەنجانی کوردە، کێشە پەروەردە بە زمانی دایکی و ستەمی فاشیستی بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی، یەکگرتوو گەنجان دەتوانرێت نەهێڵدرێت. لەمڕۆدا رزگاری گەنجان مەگەر تەنیا بە رزگاری چینی کرێکاران دەستەبەر بێت. رزگاری گەلانی دانیشتووی ئەم خاکە لە رێگەی شۆڕشی سۆسیالیستیەوە مسۆگەر دەبێت. بۆ ئەوەش دەبێت هەموو گەنجانی شۆڕشگێڕ پێکەوە گوڕ بە تێکۆشان بدەن. تا سەرمایەداری لەناو نەچێت، کرێکاران و رەنجدەران و گەلانی چەوساوە، گەنجان و ژنان ناتوانن لە جیهانێکی ئازاد و یەکساندا بژین".
هـ . ب