بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەوڵەتی تورکی فاشیست لەماوەی ڕابردوودا هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر هەر چوار پارچەی کوردستان چڕتر کردووە و ڕایگەیاند، "بە بەر چاوی هەموو جیهان، یاسا و ڕێساکانی شەڕ پێشێل دەکات و ئەمڕۆ شوێنە مەدەنییەکان بۆردومان دەکات".
تەژەکە-ئە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەتی تورک لەو چالاکییە گیانبازییە و مێژووییە کە لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، ترساوە و بەدروستکردنی رۆژەڤی تر هەوڵی شاردنەوەی زیانەکانی دەدات.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی تەژەکە-ئەدا ھاتووە، گەلی ڕۆژئاوا و گەلانی دیکە بە تەنیا نین. هەموو دەسەڵاتداران دەزانن شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەر چوار لای جیھان بووەتە سەرچاوەی ھیوا بۆ گەلان و هەمووان خاوەنداری لێدەکەن. وەک چۆن ڕێبەرایەتی سیاسەتەکانی گۆشەگیری بووچەڵکردەوە، ئەمڕۆ گەلی کوردستانیش بە گەشترکردنی تێکۆشان ھاوکارەکانی داعش دەخەنە زبڵدانی مێژووەوە. جارێکی تر داوا دەکەین کە ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپی واز لە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک بهێنن و بەھۆی ئەنجامدانی تاوانی شەڕ ئەردۆغان دادگایی بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، وەک چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە، پێویستە زۆرتر ژنان ببنە وەڵامدەر لە دژی سیاسەتەکانی جینۆساید و شەڕ. دەبێت خاوەنداری لە میراتەکانیان بکەن و لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و لە پێناو ئازادی ڕێبەرایەتی لە هەموو شوێنێکی ئەوروپا، لە گۆڕەپانەکاندا بین".