وۆرکشۆپی ژنان لە ڕەقە کۆتایی هات

وۆرکشۆپی ژنان لە ڕەقە بە پەیامی "دژی هەموو شێوازێکی توندوتیژی، تێکۆشانی گەشتر و شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی وی"، کۆتایی هات.

وۆرکشۆپی ژنان بە دروشمی "بە ڕۆحی نەتەوەیەکی دیموکراتیک بۆ گەیشتن بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، هەنگاو دەنێین" بەڕێوەچوو و بە ئەنجامنامەیەک کۆتایی هات.

لە بابەتی سێیەمین بە ناونیشانی "جوگرافیا و تێگەی عەشیرەتەکان". هاوسەرۆکی مەجلیسی سڤیلی دەیرەزۆر، فاتمە مەروان قسەی کرد. فاتمە مەروان باسی لە شۆڕشەکان دژی زیهنیەتی پیاوسالاری کرد بە پشت بەستن بە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "هەوڵدەدەین پەیامی ڕزگاریی ژنان بگەیەنین بە هەموو ئەو ژنانەی دەیانەوێت لە کۆتوبەندەکان ڕزگاربن و لە جڤاکێکی سەرکەوتوودا خاوەنی ئازادی و یەکسان بن".

لە بابەتی کۆتاییدا، تیشکخرایە سەر گرنگی ژنۆلۆژی و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی. ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە تەبقە، ماریا ئەلموسا، دووپاتی کردەوە، فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بۆتە درووشمی هەموو ژنانی ئازادیخواز، دەخەری ئەو ڕاستیەییە، لەم سەدەیەدا، بێ ڕزگاری ژن، جڤاک ڕزگار نابێت.

دەربارەی گفتوگۆکانی دوایی، ئەندامی نوسینگەی پەروەردەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕەقە، ئەسما ئەلعەلی، گوتی: "پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک پرۆژەی ڕاستەقینەیە و دەبینین ژنان لەم پرۆژەیەدا سەرکەوتن، هاوکات هەندێک دەیانەوێت پرۆژەکە لەناوببەن، بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورک. بەڵام ژنانی نێو ئەم پرۆژەیە، لە هەموو بوارەکانی ژیان خۆیان سەلماند".

ئەندامی مەجلیسی ژنانی سوریا لە دەیرەزۆر، ئایشە ئەلشێخ، گوتی: "دەیرەزۆر شاری عەشیرەتەکانە، وەک ڕقە و حەسەکە و هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات، لەو شوێنانەی عەشیرەتەکان باڵادەستن، ژنان لە مافەکانیان زیاتر بێبەشن. بۆیە پێویستە هەوڵی ڕزگارکردنی ژنان و بەهێزکردنیان لە هەموو ڕوویەکەوە زیاتر بکرێت".

وۆرکشۆپەکە بە چەندین بڕیار کۆتایی هات، بڕیارەکان لەلایەن ئەندامی ڕێکخەری کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، نەسرین ئەلحەسەن، خوێندرایەوە.

ئەو بڕیارانەی لە وۆرک شۆپەکەدا دراون بەم شێوەیەن:

- پێویستە ئاستی تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەرز بکەینەوە.

- پێویستە لەسەر بناغەکانی خوشک و برایەتی گەلان و ژیانی هاوبەش کار لەسەر بڵاوکردنەوەی فیکر و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک بکەین.

- پێویستە چاندەکان بپارێزرێن و بڵاوبکرێنەوە و دژی هەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی تێکۆشان بکرێت.

- پێویستە کار لەسەر بەشداری ژنان لە کاری سیاسی و ناوەندەکانی بڕیاردا بکرێت.

- پێویستە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت ئەرکە ئەخلاقی و مرۆییەکانی خۆی بەرامبەر بە کردارەکانی دژ بە هەرێمەکە جێبەجێ بکات.

- پێویستە تێکۆشانی ژنان بۆ گەیشتن بە جڤاکێکی ئەخلاقی و سیاسیی دیموکراتیکی ئازاد بەرز بکرێتەوە.

- پێویستە لەسەر بناغەی مرۆیی و ئەخلاقی کار لەسەر سیستەمی ئایدیۆلۆژی بکرێت بۆ دروستکردنی ئیرادەی ئازادی لای هەموو ژنێک.

- تێکۆشان لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و داگیرکاری.