ئایتەن دێرسیم: بە سوپابوونی ژنان هەنگاوێکی مێژوویی بوو

ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری پاژک ئایتەن دێرسیم لە ساڵیادی بە سوپابوونی ژناندا قسەی کرد و رایگەیاند، "ژنان تا ئەو کاتە بڕوا و متمانەیان بە پیاوان بوو. پێیان وابوو کە شۆڕش کارێکی پیاوانەیە. بەڵام رێبەرایەتی ئەو مێشکەی گۆڕی. بە سوپابوونی ژنان وەک مێژووە".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پاژک ئایتەن دێرسیم بەشداری لە بەرنامەی 'خۆیبوون"ی ژن تی ڤی کرد، کە لەلایەن ئارژین بایسال پێشکەش کرا. ئایتەن دێرسیم سەبارەت بە ٣٠یەمین ساڵیادی بە سوپابوونی ژنان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە تا گەیشتن بەو ئاستە رووبەڕووی دژواری و تەنگوچەڵەمەی زۆر بوونەوە. هەڵسەنگاندنەکانی ئایتەن دێرسیم بەم جۆرەیە:

بە سوپابوونی خۆبەڕێوەبەری ژنان لە کەیەوە کەوتە بەرنامەی کاری ئێوەوە؟ بۆچی پێویست بوو سوپایەکی خۆبەڕێوەبەری ژنان بوونی هەبێت؟

لە مێژوودا هیچ شتێک کتوپڕ دروست نەبووە. لە کۆتاییدا هەموو شتێک بناغە و سەرچاوەیەکی هەیە. لە مێژوویی ئێمەشدا بەرخودانی جیاجیا ئەنجامدراون. رەنگە وەک سوپای ژنان نەبێت، بەڵام لە شەڕ و تێکۆشاندا ژنان هەموو کات بوونە خاوەن جێگە و پێگە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لەناو کورداندا تایبەتمەندییەکی بەو جۆرە هەیە، شەڕڤانن. بێگومان ئەمە بنچینەیەکی هەیە. لەبەر ئەوەی بەردەوام داگیرکەری و نکۆڵی هەیە. کوردەکان بەردەوام هەوڵیاندا خۆیان بپارێزن.

لە کاتی دامەزراندنی پەکەکەدا رێبەرایەتی لە سەر هەموو شۆڕشەکانی لێکۆڵینەوەی کرد. لەو شۆڕشانەدا ئێمە لێکۆڵینەوەمان لە سەر هەبوونی ژنانی کرد. ژنان زۆر جار بەشدارییان لە شەڕدا کردبوو، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیبوو سوپایەکی تایبەت و سەربەخۆ دروست بکەن. هەموو شتێک بۆ نەتەوە کرابوو. یانی وتیان، 'ئێمە سەرەتا نەتەوەپەرست دەبین، وڵاتەکەمان ئازاد دەکەین؛ شتەکانی دیکە با بکەوێتە دوای شۆڕشەوە'.

واتە بۆ پرسە بنچینەییەکانی ژنان، چارەسەریەک هەڵنەسەنگێنرا.

لەبەرامبەر ناسنامە، ئیرادە و هۆشمەندی ژن هیچ نزیکبوونەوەیەک نیشان نەدرا. بۆ وێنە لە بەرنامەی ریال سۆسیالیزمدا سوپایەکی خۆبەڕێوەبەری بەم جۆرە بوونی نەبوو. لەبارەی ژنانەوە خاوەن وتەی تایبەت بوو؛ وەک 'ئەگەر ژنان رزگار نەبن، کۆمەڵگاش ناتوانێت رزگار بێت'. ئەو دەستنیشانکردن و تێبینیە راستە، بەڵام وەک نەیانتوانی خۆیان رێکبخەن، نەیانتوانی بە ئیرادەی خۆیانەوە ناسنامەی خۆیان بەڕێوەببەن.

سەردەمی نیولیتیک بەر لە سۆمەریەکان بوو. قۆناغێکی بەر لە سەردەمی نیۆلیتیکیش هەیە. ئەو قۆناغانە کتوپڕ دروست نەبوون. واتە مێژوو هێڵێکی راست نییە کە بەردەوام بەرەوپێش بچێت. بۆ نمونە دەوترێت؛ سەردەمی کۆن هەیە، سەردەمی دەرەبەگایەتی هەیە، دواتر سەردەمی سەرمایەداری هەیە و دواجاریش کۆمۆنیزم هەیە.

رێبەرایەتی بە پاڕادایمی نوێی خۆی ئەو روانگە مێژووییەی گۆڕی. رێبەرایەتی دەڵێت، 'کۆمەڵگە هەموویان کۆیلە نین، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەکان بەردەوام خۆڕاگرییان کردووە؛. بۆ نمونە سەرنجی کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی (فیۆدالی) بدەن، بەڵام هەموو کۆمەڵگەکان فیۆدال نەبوون. کۆمەڵگەکان کە خاوەنی ژیانی کۆمۆناڵ بوون هەبوون. بۆ نمونە باس لە کۆمەڵگای سەرمایەداری دەکرێت. ئەوە پێناسەیەکی زۆر هەڵەیە. لەبەر ئەوەی کاتێک مرۆڤەکان وتیان کۆمەڵگە سەرمایەدارییە، لەوێ هیچ تێکۆشانێک بوونی نییە. بەڵام لەهەموو سەردەمێکی سەرمایەداریدا دەبینرێت کە کۆمەڵگەی جیاجیا بوونیان هەیە. بۆ نمونە عەشیرەت، کۆمەڵگەی کۆمۆنال، ئەو بنەماڵانەی بەرامبەر سیستم دەوستنەوە. رێبەرایەتی لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەوانەوە کرد، شۆڕشەکانی کە کرابوون نەگواستەوە بۆ ناو شۆڕشەکەمان، بە گوێرەی جوگرافیا و پێداویستیە راستەقینەکانمان، سودمان لێوەرگرتن.

بۆ نمونە، ئێمە وەک کۆمەڵگەی کورد داگیرکراوین، نکۆڵیمان لێکراوە، کۆمەڵکوژی لەدژمان ئەنجامدراوە. پەکەکە کە تازە دامەزرابوو، کۆمەڵگەی کورد بە شێوەیەکی جیاواز لە ژنانی دەڕوانی. بۆ وێنە، کاتێک دەچووین بۆ کۆبوونەوەکانی گەل، دەبینرا کە نەک هەر تەنیا پیاوان دێن، بەڵکوو ژنانیش دێن. کۆمەڵگە بینی کە مامەڵەکردن و هەڵوێستی کەمال پیر، حەقی قەرار، مەزڵوم دۆغان زۆرجیاوازە. پەکەکە نکۆڵی لە بەهاکانی کۆمەڵگە نەکرد و لە سەر ئەو نکۆڵییە دانەمەزرا. دواکەوتوویی بینی و دەستنیشانی کرد کە ئەوە هی کۆمەڵگە نییە، هی دەوڵەتە. رەخنەی لە هەموو شتێک گرت و لە بری ئەوەش جێگرەوەی ئافراند. هەڤاڵ سەکینە جانسز لە زۆر شار کۆبوونەوەی بۆ ژنان سازکرد. لە یەکەم کۆنگرەدا دوو ژن هەبوون. یەکیان هاوڕێ سەکینە (سەکینە جانسز)، ئەوەی دیکەیان فاتمە (کەسیرە یەڵدرم) بوو.

پەیڕەوی ناوخۆ ئاماژەی بەوەدەکرد کە دەبێت ژنان بەشداری لە شۆڕشدا بکەن. ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە. ژنان ئازابوون، خۆیان دەدایە بەر مەترسی. لە ناو کۆمەڵگادا ئیتر خۆیان رێکخستبوو و ئەگەر بە تەواوەتی بەو شێوەیەش نەبێت یەکینەکانی خۆپاراستنی خۆیان دروست کردبوو. لەبەرامبەر ئەوانەی هاوکاری دەوڵەتیان دەکرد، چالاکیان ئەنجام دەدا. لەبەر ئەوەی کوردستان داگیرکرابوو، تەنیا بە کەسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناتوانن کۆمەڵگا ئازاد بکەن. ئەو کاتە زۆرینەی خوێندکارەکان ژن بوون. ئەوە پێوەر نەبوو، بەڵام گرنگیش بوو. ئەو کاتە لەبەر دەرەبەگایەتی نەیاندەتوانی بە ئاسانی بجوڵێنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەشدارییان لە کاردا دەکرد. لەگەڵ کودەتای ١٢ی ئەیلول زیندانی کران. ژمارەیەکی زۆر بەشداربوون، دەهاتن بۆ بۆتان، دەهاتن بۆ دێرسیم. ماوەیەکی زۆر لە ناو یەکینەیەکدا تەنیا یەک هەڤاڵی ژن هەبوو. بۆ ماوەی چەند مانگ بە تەنیا مایەوە. ئەگەر ئەو هەڤاڵە خاوەنی ئیدعا و خواست نەبوایە نەیدەتوانی بەرگە بگرێت. ئەوەی کە بڕوای پێکردبوو و دەیزانی ئەوە بوو کە کوردستان داگیرکراوە. رێبەرایەتی چاودێری هەموو ئەوانەی کرد. بە ئامێری پەیوەندی، بە تەلەفون یەک یەک قسەی لەگەڵ دەکردن و هەواڵی دەپرسی.

ئەو کاتە سەدان ژن بەشدارییان لە تێکۆشانی چەکداریدا کرد. بۆچی هەست بە پێویستی رێکخستنێکی جیاواز کرا؟ واتە وەک ژن خۆی لە خۆیدا تێدەکۆشان، وەک ژن لەناو ئەم جوڵانەوەدابوون. بۆچی پێویستی بە خۆبەڕێوەبەری هەبوو؟

جیاوازی ئێمە ئەوەیە. رێبەرایەتی دەڵێت ژن بەشداری هەموو شۆڕشەکانیان کرد، بەڵام سەربەخۆ نەبوون. لە رێگەی تێکۆشانی ئێمەوە ژنان ئیتر لەناو سوپادا بەشداربوون.

ئێمە دەبینین بە هەزاران ساڵە سوپا هی دەوڵەتەکانە. بۆ نمونە دەوترێت شەڕ پێویستی جەستەی بەهێز، توانا و هێزی توند هەیە. ئەو کاتە دەبوایە ژنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان بەرێکخستن بکەن، نەبنە هاوشێوەی تایبەتمەندییەکانی پیاو، بەڵکوو لە خۆیان بچن.

لەلایەکی دیکەوە رێبەرایەتی ویستی کە توندوتیژی لە ناو سوپادا بخاتە چوارچێوەی هاوسەنگیەکەوە. واتە شەڕ توندوتیژی نییە، بە ئامانجی خۆپاراستنە. رێبەرایەتی هەروەها دەڵێت، 'ئەگەر شۆڕش بێتە ئاراوە، لە رێگەی ژنانەوە دەتوانێت بێتەدی. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە بە ژنانەوە بوونی هەیە. ژنان دەبێت پێشەنگایەتی بۆ شۆڕش بکەن'. ژنان ناچارن لە رووی جەستەیی و هزرییەوە خۆیان بپارێزن. یەک لە خۆکارەکانی خۆبەڕێوەبردنیش ئەوەیە کە ژنان بڕوا و متمانەیان بە خۆیان هەبێت. ئەو کاتە ژنان متمانە و بڕوایان بە پیاوان هەبوو. پێیان وابوو شۆڕش کاری پیاوانە. بەڵام رێبەرایەتی ئەو بیرکردنەوە و مێشکەی گۆڕی. لە ساڵی ١٩٩٣دا رێبەرایەتی وتی، 'ئێوە ئەگەر تەنیا ٥ کەسیش بن، یەکبگرن'. ببنە یەک، یەکتر بناسن. ئەگینا سوپا کتوپر دانەمەزرا.

لەو کاتەدا ئامانجەکە چی بوو؟ ئێوە سوپای خۆتان دامەزراند، بەڵام تەنیا وەک شەڕ هەڵسەنگاندنتان بۆکرد؟ لە بابەتی ئازادی پیاودا ئامانجێکتان هەبوو؟

هەموو ئەمانە بە یەکجار و کتوپڕ نەبوون. لەبەر ئەوەی وشیارییەکی قووڵ لەئارادا نەبوو. بەشداری سەرەکی بۆ رزگارکردنی کوردستان بوو. ئێمە خاوەنی ئەو بیرکردنەوەیە نەبووین کە وەک ژنێک بەشدار بین، بۆ ئازادکردنی ژن، بۆ ئازادکردنی کۆمەڵگە لە رێگەی ژنەوە بەشدار بین. هەموو ئەوانە لەلایەن رێبەرایەتیەوە خوڵقێنران. هەربۆیە ئێمە بەو بزوتنەوەیە دەڵێین بزوتنەوەی رێبەرایەتی. بێگومان هەم پیاوان و هەمیش ژنان ئازاری گەورە دەچێژن. بۆ نمونە پیاوان هەندێک خۆیان لە ژنان جیادەکردەوە، بڕوایان پێیان نەبوو. دەیانگوت، 'ئێمە نەبین ئێوە ناتوانن کەمپ دروست بکەن، ناتوانن شەڕ بکەن، ناتوانن بجوڵێنەوە' واتە دەیانگوت 'ئێمە نەبین ئێوە ناتوانن بژین'. لە ناو بزوتنەوەدا لە رووی وشیارییەوە دواکەوتوویەک هەبوو. ژنانیش لەناو ناکۆکی و ئاڵۆزیدابوون. زۆر بڕوایان بە خۆیان نەبوو.  لە بۆتان کۆبوونەوە. لەمپەر و دژواری هەبوون، بەڵام دەیانگوت 'ئەگەر رێبەرایەتی ئەو هەمووە پێرسپێکتیڤ و دوورنمای بە ئێمەداوە دەبێت ئێمە بیگەیەنینە سەرکەوتن، پێویستیمان بە پیاو نییە'. دوای ئەوەی سوپای ژنان دامەزرا، ژنان خۆیان بە دەستی خۆیان چالاکییان دەکرد. رێگەیان داخست، بۆسەیان نایەوە، هێرشیان کردە سەر دوژمن. دوای هەزاران ساڵ کە ژنان بە نەبوو دادەنران، هەنگاوێکی لەم جۆرە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێک بوو. بەڵام لە هەمان کاتدا لەناو خۆیدا دژواری و ئاڵنگاری قورسیش هەبوو. لە کۆتاییدا لە پێناو ئازادی ئازار دەچێژیت. تۆ هەموو لایەنەکانی کۆیلایەتی، دواکەوتوویی و چەپەڵی پاکدەکەیەتەوە.

بڕوامان بە رێبەرایەتیمان پتەو بوو. رێبەرایەتی بەردەوام ئەوەی لە ئێمە دەپرسی، 'ئێوە دوورن لە پیاوان وایە؟ ئێوە بەشی خۆیان دەکەن؟ ئێوە کۆبوونەوە و پەروەردەی خۆتان ئەنجام دەدەن؟ رەخنە لە یەکتر دەگرن؟ بڕواتان بە پیاوان نەبێت. راستە ئەوان گەریلان، شۆڕشگێڕن، بەڵام نە ئێوە و نە ئەوان رابردووی خۆتان تێنەپەڕاندووە. کاتێک هەڵوێستی باڵادەستانەی پیاو و هەڵوێستی کۆیلایەتی ژن رووبەڕووی یەکبوونەوە و بەیەکگەیشتن، سەر بۆ ئێوە دادەنەوێنن'. لە بۆتان، دێرسیم، ئامەد دوای ساڵی ١٩٩٣ رێبەرایەتی وتی، دەبێت کۆمیتەی ئازاد و یەکسان دابمەزرێن. وتی، کاتێک کێشەیەک هەبێت دەبێت ئەو کۆمیسیۆنانە چارەسەری بکەن. ئەو کۆمیتانە هەم لە ژنان و هەم لە پیاوان پێکدەهات. واتە ئەو کاتە نوێنەرایەتیەکی یەکسان لەئارادابوو.

پیاوان بەتەنیا خۆیان نەیاندەتوانی بڕیار بدەن. گەریلا ژنەکان خاوەن شکۆمەندیەکی جیاواز بوون. یەکینەمان هەبوو، گەڕان و چاودێریمان ئەنجام دەدا، دەجوڵاینەوە، بڕیارمان دەدا. رەنگە ژمارەکە ئەوەندە نەبێت کە بتوانێت دەست بەسەر بنکەیەکی سەربازیدا بگرێت، بەڵام لێرەدا گرنگی ئایدۆلۆژیایی دێتە ئاراوە. ئامانجەکە رێکخستنی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەرە. ئەوە ستراتیژیکە، فەلسەفەیە، ئایدۆلۆژیکە. لەو رووەوە هاوشێوەی هیچ شۆڕشێکی دیکە نین. نەک ئەوەی ئەوان تاقیناکەینەوە یاخود نکۆڵی لێدەکەین. وەک سەرەتا وتم، ئێمە لەسەر میراتی مێژووی ئەوان و مێژووی خۆمان، لە سەر ئەو ئەزمونە جموجۆڵی خۆمان ئەنجامدا. پیاوان بڕوایان بە ئێمە نەبوو، دەیانگوت ئێوە ناتوانن بە شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەر بژین، کەمپەکانتان دەڕوخێن و بەتەینا خۆتان ناتوانن چالاکی بکەن. لەبەر ئەوەی لە مێشکی ئەواندا ژنان بەردەوام پێویستیان بە پیاوان هەیە. لەناو ماڵ و لە خوێندنگە بەو بیرکردنەوەیەوە گەورە بوون. کاتێک بەشدارییان لە ناو رێکخستندا کردبوو، ئەرکی ئێمە رزگارکردنی کوردستان بوو. بڕوایان وابوو کە لە پاش رزگارکردنی کوردستان ئەرکی ئێمەش تەواو دەبێت.

ئایا لەبەر ئەوەی سەربەخۆبوونی خۆیان لەدەست دەدا، قەبوڵیان نەدەکرد؟

رێبەرایەتی دەڵێت، 'من بزوتنەوەی ژنانم دامەزراند'. ژنانیش تێنەگەیشتن، لەبەرەوپێشچووندا ئازاری قورسیان چەشت. پیاوانیش ئەوەیان قەبوڵ نەدەکرد. تا قەبوڵی بکەن زۆریان هەوڵدا. هەروەها لە رووی کەسییەوە ئەوەیان قەبوڵ نەدەکرد. دەیانگوت 'رێبەرایەتی بۆجی ئەوەندە بایەخ و بەها بۆ ژنان دادەنێت'. لە کەسایەتی پیاودا دووڕوویی بوونی هەیە. ئێمە هەڤاڵانی پیاومان بە شێوەیەکی خراپ هەڵسەنگاند. لە مێژوودا ئەوە هەیە. هەم سوپای ئێمە بوونی هەیە، هەم پاریمان هەیە، هەم هاوکاری رێکخستنیمان هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا تێکۆشانی رەگەزیمان هەیە. لەبەر ئەوەی ئێمە باس لە پیاوێکی ٥ هەزار ساڵە دەکەین.

ئێوە بە سوپابوونی ژنانتان لە چیا دامەزراند، بەڵام لە یەژاستاردا قەتیس نەما. لە هەموو پارچەکانی کوردستان ژنان لە چوارچێوەی یەپەژە، هەپەژە خۆیان رێکخست. بزوتنەوەکەی ئێوە کاریگەری چۆنی دانا؟

راستە بزوتنەوەی ژنان تەنیا لە چیا نییە. سوپای ژنان ساڵی ١٩٩٣ دامەزرا، کاریگەری لە سەر کۆمەڵگە دانا. بەسەدان ژن بەشدارییان لە سوپادا کرد. رێبەرایەتی دواتر وتی، 'وەک گەریلا ئیتر ئێوە مۆدێلێکی کۆمەڵگەی ئازادن'. خۆی لە خۆیدا ئێمە گەیشتینە ئەو ئاستە.

لوردستان بە سەر چوار پارچەدا دابەشکراوە. لە هەر پارچەیەکدا بێگومان کورد خۆی دەپارێزێت. ژنانی رۆژهەڵات هێزیان لە یەژاستار وەرگرت. لەبر ئەوەی بڕوایەک سازکرا. رۆژئاواش دەگرێتەوە. ئەگەر ئێمە باس لە پاراستنی وڵاتێک دەکەن، ژنان پێشەنگایەتی ئەوە دەکەن. ژنان لە رۆژئاوا زۆر زوو خۆیان رێکخست.

بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەزمونی یەژاستار، پاژک و کەژەکە هەبوو. ئەو میراتە بۆ ژنانی رۆژئاوا بەس بوو. لە رێگەی تێکۆشان لە دژی داعشەوە ناسنامەکەیان بە جیهانیبوو. لە شەنگالیش گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە بەهانایا گەلەکەمانەوە چوون. ژنانی ئێزدی کاتێک گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگەیان بینی، درکیان بە گرنگی خۆبەرێکخستنکردن کرد. کۆمەڵگەی کورد تا خۆی نەپارێزێت، واتا بە بێ پاراستن ناتوانێت خۆی ئازاد بکات. ئیتر ئەمە سەلمێندراوە. ئێستا هەموو دەوڵەتان دەیانەوێت ئێمە لە چیادا بمێنینەوە، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دانەنێین.

هـ . ب