یەپەژە: بەرخودانی کۆبانێ وەستانەوەیە بەرامبەر بە ژێردەستەیی

یەپەژە رایگەیاند کە شۆڕشی ژن لە کۆبانێوە دەستیپێکرد، لە جیهاندا دەنگی دایەوە و ئەوەی خستەڕوو کە بەرخودانی کۆبانێ وەستانەوەیە بەرامبەر بە ژێردەستەیی.

ناوەندی هەواڵ

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە بۆنەی ١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ لە ئەنجامی هێزی یەکگرتووی گەلان و بەرە دیموکراسییەکاندا ئافرێندرا و ئەوەش خراوەتەڕوو، "کۆبانێ بۆ هێزە هەژمونگەراکان کە قڕکردن و لەناوبردنی گەلانیان وەک مانەوەی خۆیان دەبینی، بووە پەیامێک کە هیچ شێوازێکی ژێردەستەیی قەبوڵ ناکەن و سەر دانانەوێنن.

درێژەی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"لەبەر رۆشنایی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ، هەڵوێست و بەرخودانی نەتەوەیی گەلی کورد لەگەڵیشیدا بە رۆحێکی گیانبازانە بەشداربوونی گەلان لەسەر هێڵی رێبەرایەتی، سەرکەوتنی کۆبانێ مسۆگەر کرا. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە وەک یەپەژە سڵاو لە رێبەری نەتەوەی دیموکراتیک رێبەر ئاپۆ دەکەین و پەیمانی پابەندبوونمان بە رێبەری گەلان نوێ دەکەینەوە. رێبەر ئاپۆ لە پێناو ئەوەی سەرلەنوێ چارەنوسی گەلانی هەرێمەکە بە دەستی هێزە هەژمونگەراکان نەنوسرێتەوە، رەنج و ماندووبوونێکی زۆر دەکێشێت. ئەگەر جیهان بەرخودانی کۆبانێی ناسیوە و هەبوونی خۆی لەو بەرخودانەدا بینیوە، بێگومان لەمەدا پشکی شێری هەوڵ و ماندووبوون بەر رێبەر ئاپۆ دەکەوێت. گەلی کوردیش بە هەڵوێستی خۆڕاگرانەی بە تایبەتی لە کۆبانێ، چوار لای وڵات و جیهان خاوەنداری لە رەنجی رێبەر ئاپۆ کرد و ئەو پێداگرییەی گەلەکەمان لە کۆبانێ داعش و هاوپەیمانەکانی شکستدا.

کۆبانێ هێمای سەرخستنی هیوای ئازادی گەلانە

کۆبانێ هێما و سەلماندنی سەرخستنی هیوای ئازادیی گەلانە. سەرکەوتنی کۆبانێ، گوزارشت لە هەڵوێستی گەلی کورد و سەرجەم گەلانی دیموکراسیخواز و ئازادیخواز دەکات، کە هەڵگری هیوای ئایندەن. بە رێز و پێزانینەوە شەهیدانی نەمرمان بە بیر دەهێنینەوە کە بەرامبەر بە دڕندایەتی سەردەم خۆڕاگرییان کرد و یەک هەنگاویش پاشەکشێیان نەکرد. کۆبانێ دەرەنجامی رەنج و ماندووبوونە بە پێشەنگایەتی یەپەژە-یەپەگە و شەڕڤانانی ئینترناسیۆناڵیست. لەسەر ئەو بنەمایە سڵاو لە هەڵوێستی سەرجەم فەرماندە و شەڕڤانە سەربەزەکانمان دەکەین و رۆژی جیهانی کۆبانێ لە گەلەکەمان، ژنان و هەموو ئەو هێزانەی خاوەن بڕیاری بونیادنانی ژیانێکی دیموکراتیکن، پیرۆز دەکەین.

شۆڕشی ژن لە کۆبانێوە دەستیپێکرد

ئەو جیهانەی کە بەرامبەر کردەوەکانی فاشیزم بێدەنگ ببوو، لە کۆبانێ بە پێشەنگایەتی ژنان دەنگی خۆی هەڵبری. داعش وەک دەمامکی سەرجەم هێزە بەرژەوەندیپاڕێزەکان رەوانەی سەر ناوچەکانمان کرا، بەڵام دڕندەیی داعش دەرخەری سەرجەم هێزە جیهانیەکانە کە دەیانەوێت مرۆڤایەتی شکۆمەند لەناوببەن، بە شێوەیەکی روون خرایەبەرچاو. لەبەر ئەوەش بەتایبەتی لە چوار پارچەی کوردستان و سەرجەم بەرە جیهانیە ئازادی و دیموکراسیخوازەکان هێرشە پاکتاوکارییەکانی سەر کۆبانێیان لە سەروویی بابەتێکی جەستەیی جوگرافیایی وەک خاوەنداری لە بەها مرۆڤایەتیەکان هەڵسەنگاند. لە رێگەی ئەوەشەوە شۆڕشی ژن، لە کۆبانێوە دەستیپێکرد، لە رێگەی پاراستنی کۆبانێوە دەنگیدایەوە و خۆی بە سەرتاسەری هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە.

لە رێگەی بەرخودانی کۆبانێ کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەچوو، وا لە مرۆڤایەتیکرا کە خۆی وەک بازنەیەکی دیموکراسی رێکبخاتەوە. پاراستنی خاک و کۆمەڵگاش لەلایەن گەنجانی کوردەوە وایکرد کە لە بەرامبەر شەپۆلی فاشیزم، لافاوی ئازادی هەڵسێت و هەموو ئەو هێزانەی دەمامکی داعشیان لە روخساریان دابوو کەوتنە ژێر ئەو لافاوەوە. ئەوانەی لە بەرخودانی مێژوویی کۆبانێدا پێشەنگایەتییان کرد ژنانی کورد بوون، ئەو پێشەنگایەتیەی ژنان وایکرد کۆبانێ ببێتە هەوارگەی پێداگری و بڕوای بونیادنانی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک. ئەو بڕوایە هێز و هیوای سەرجەم جیهانی گەشاندەوە. لە رێگەی ئەوەوە ئیتر بەرخودانی کۆبانێ بە جیهانی بوو و ئاستێکی ئینترناسیۆناڵیستی بەدەستهێنا.

ئەو شۆڕشەی لە ئەنجامی تێکۆشان و قوربانیدانی دژواردا بەدەستهاتووە لەئێستاشدا هەموو رۆژێک رووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبێتەوە. دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی بۆ سەر کۆبانێ تا عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بێ پسانەوە درێژە بە ئەقڵیەتی قڕکەری خۆی دەدات. ئەو جیهانەی لە کاتی بەرخودانی کۆبانێدا باسی لە خۆڕاگری و قارەمانی ئەم گەلە دەکرد، پێی سەرسامبوو و پشتیوانی لە کۆبانێ دەکرد، ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا بێدەنگە. کۆبانێ بە تێکۆشان و بەرخودانی خۆی بەرامبەر بە داعش خۆی کردووەتە شاری خاوەنداری لە شکۆی تەواوی کۆمەڵگا دیموکراسیخوازەکان. بەڵام هەر ئەو شارە ئەمڕۆ رووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بووەتەوە کە لە ئەقڵیەتی داعش مەترسیدارترە. بێدەنگی بەواتای رێگەدان و رازیبوونە بەو هێرشانە. بێگومان ئەوەی کە ئەو هێرشانە بە تەواوەتی رادەگرێت کاردانەوەکانی ژنان و گەلانە.

لەمڕۆشدا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرجەم بەرخودانە جیهانیەکان لە بەرامبەر فاشیزم بگەنە سەرکەوتن، بە دڵنیاییەوە ئەوە بە پاراستن و پەرەپێدانە بە رۆحی کۆبانێ. بەرخودانی کۆبانێ رووخاندنی سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوەکانە. ئێمە وەک هاورێیان رێڤان، ئارین، مەدیا، زەهرا، گەلهات، هەردەم و زۆر قارەمان کە هەرگیز مێژوو ناتوانێت نکۆڵی لە رەنج و بەرخودانی ئەوان بکات، سەرجەم شەهیدانی شۆڕش بەبیردەهێنەوە و بەڵێنی هێنانەدی خاوەنداری لە ئامانجەکانیان دووپات دەکەینەوە. لە کۆتاییدا داوا لە سەرجەم گەلەکەمان و هەموو گەلانی جیهان دەکەین کە بۆ مسۆگەرکردنی ژیانی ئازاد جارێکی دیکە بە خاوەنداری لە بەرخودانی کۆبانێ بکەن".

هـ . ب