یەپەژە ژنێکی ئێزدی رزگار کرد

یەپەژە ژنێکی ئێزدی رزگار کرد کە چەتەکانی داعش لە هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤دا بۆ سەر شەنگال رفاندبوویان.

ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ژنی گەنجی ئێزدی بە ناوی فریاڵ خدریان لە دەست چەتەکانی داعش رزگار کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال، فریاڵ تەمەنی ١٢ ساڵ بوو. لەکاتێکدا خەڵکی شارەکە لە هەوڵی ئەوەدابوون خۆیان لەو چەتانە رزگار بکەن، لەلایەن چەتەکانەوە رێگەیان لێگیرا و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی فڕیاڵ و بەشێکی زۆر لە خەڵکی شەنگال لە تەمەنی جیاجیادا، بەتایبەتی ژنان و کچان رفێندران و کەسانی بەتەمەن هەر لەو شوێنە کۆمەڵکوژ کران".

ئەو گەنجە ئێزدییە کە ئێستا تەمەنی ٢١ ساڵە، لەبارەی نەهامەتیەکانی دوای رفاندنی قسەی کرد. بە گوێرەی قسەکانی فڕیاڵ، رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەوانیان رفاند و گواستیاننەوە بۆ خوێندنگەیەکی گەورە لە تەلەعفەر. دواتر ژنان و پیاوان و تەنانەت منداڵانی کچیشیان جیاکردەوە. هەروەها کچان و ژنانیشیان لەیەکتر جیاکردەوە وەک کۆیلە گواستیاننەوە بۆ موسڵ و لەوێ ئەمیرەکان کچەکانیان هەڵدەبژارد و دەیانبردن و دەیانفرۆشتن، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن کە بچوکن یان گەورەن. دوای ماوەیەک مانەوە لە موسڵ، لەگەڵ کچێکی خاڵۆزای وەک کۆیلە گواسترانەوە بۆ شەدادی سوریا و لە خوێندنگەیەک راگیران".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەک هەموو ژنان و کجانی دیکە، فریاڵ لە ترس و تۆقیندا بووە. لە کاتی ناوتۆمارکردنیان لەلایەن داعشەوە بۆ ئەوەی ئەمیر و ئەندامانی ئەو رێکخراوە هەڵیانبژێرن زۆر ترساون. وەک دەستکەوت و غەنیمەتی شەڕ بە زۆرەملێ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. ئەو کچانەی رەتیانکردبووەوە لەگەڵیاندا بڕۆن، ئەشکەنجە دەدران. لە شەداد رێکخراوی تیرۆریستی داعش سێ جار فریاڵی فرۆشتبوو.

فریاڵ هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ١٤ ساڵ، لەگەڵ کچێکی دیکە گواسترایەوە بۆ رەقە و لەوێ فرۆشران. لەوێ لەلای بەرپرسێکی داعش بە ناوی ئەبو محەمەد بە دیلگیراوی مایەوە تا ئەو کاتەی تەمەنی بوو بە ١٥ ساڵ. هێشتا منداڵ بوو کە منداڵێکی هێنایە دنیاوە. ئەو چەکدارەی داعش کە هاوسەرگیری لەگەڵدا کردبوو لە کاتی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی رەقادا لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیمانی نێونەتەوەییدا کوژرا".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە "فریاڵ باسی ئەوەی کردووە کە لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەی قەسەدە داعش چۆن ئەو و ژنانی دیکەیان بە زۆرەملێ لە رەقاوە بەرەو دێرەزۆر و بەتایبەتی باغۆز گواستووەتەوە و لە بیابانەکاندا ئازاری سەرما و برسێتییان چەشتووە، بە تایبەتی کە منداڵێکی ساواشی هەبووە. دوای ماوەیەکی کەم ئەویان برد بۆ باب و لەوێ دوو ساڵ مایەوە، دوایین جاریش بردیان بۆ ئیدلب.

دوای ئەو گەشتە دژوارە، فریاڵ ویستی بە هەموو شێوەیەک لە رێکخراوی تیرۆریستی خۆی رزگار بکات. لەوێ یەپەژە تەواوی هەوڵەکانی خستەگەڕ لە پێناو ئازادکردنیدا. هەوڵەکانی یەپەژە بۆ رزگاکردنی فریاڵ و گەیاندنی بە هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا سەرکەوتن و دواجار رزگاریان کرد.

چەتەکانی دآعش ٥ جار فڕیاڵیان فرۆشت. فریاڵ هێشتاش نازانێت کە چەتەکانی داعش خزم و کەسوکارەکەیان کوشتووە یاخود هێشتا زیندوون".

هـ . ب