ئێران یاسای 'حیجابی زۆرەملێ'ی توندتر کردەوە
دەوڵەتی ئێران ساڵێک دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، یاسایەک پەسەند کرد کە تیایدا هاتووە سزای توند بەسەر ئەو ژنانەدا دەسەپێندرێت کە پابەندی حیجابی زۆرەملێ نابن.
دەوڵەتی ئێران ساڵێک دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، یاسایەک پەسەند کرد کە تیایدا هاتووە سزای توند بەسەر ئەو ژنانەدا دەسەپێندرێت کە پابەندی حیجابی زۆرەملێ نابن.
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، پێشنیازە یاسایەک کە چەند مانگ بوو گفتوگۆی لەسەر دەکرا و سزای قورسی بەسەر ئەو ژنانەدا دەسەپاند کە لە شوێنە گشتییەکان سەرپۆش بەکارناهێنن، لە ٢٠ی ئەیلولدا لە پەرلەمان پەسەند کراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئێران لەسەر ئەو بابەتە بڵاویکردەوە، "پڕۆژەیاسای 'حیجاب و داوێنپاکی' لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە و یاساکە ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی تاقیکاری بەرکار دەبێت.
ئەو پڕۆژەیاسایە بە ١٥٢ دەنگ بەرامبەر بە ٣٤ دەنگی دژ پەسەندکرا و حەوت پەرلەمانتاریش مافی دەنگدانیان بەکارنەهێنا.
دوای ئەوەی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە تاران بە پاساوی ئەوەی 'قژی بەدەرەوە بووە' لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقیەوە کوژرا، راپەڕینێکی بێهاوتا بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد.
ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرتاسەری ئێران راپەڕینیان ئەنجامدا.
لەمانگەکانی رابردوودا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بە بێ لەچک و سەرپۆش دەچوونە شوێنە گشتییەکان و لەم رێگەیەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات و حیجابی زۆرەملێ نیشان دەدا، حکومەتیش لە رێگەی توندترکردنەوە سیاسەتەکانی دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان بەرپەرچی داونەتەوە.
بۆ ئەوەی یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی دەستوورەوە پەسەند بکرێت.
لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە ئەو ژنانەی رەچاوی یاساکانی حیجاب ناکەن رووبەڕووی سزای دارایی قورس، زیندان و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتیەکان دەبنەوە.
هـ . ب