لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئیلاهە سەدر، چالاکی بواری بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوی ژن، ژیان، ئازادی بە ئاماژەدا بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە لە ژێر گۆشەگیر تونددایە داوای کردووە " هەموو ڕێکخراوە فێمێنیستی، مافەکانی مرۆڤ، چەپ و دێموکڕاتەکان کە پابەندن بە پرەنسیپە ئازادیخوازانە، بەرابەری خوازانە و عەداڵەت خوازانە داواکارم، بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان تێبکۆشن".
دەقی پەیامەکە:
سڵاو و ڕێز. مەبەستم لە گرتنی ئەو گرتە ڤیدیۆیە داواکردنە لە هەموو ئازادیخوازان، چالاکانی مافی مرۆڤ، ژنان، گەنجان و بەتایبەت فێمێنیستەکان کە بەهەموو هێز و توانایانەوە پاڵپشتی لە خواستی ئازادی بەڕێز ئۆجالان بکەن و وێڕای دەربڕینی توڕەیی و نەفرەتیان لە سیاسەتە فاشیستییەکانی دەوڵەتی تورک، لە پێناو هەرچی زووتر ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان هەنگاو بنێن.
عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەر و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە. پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بەرگرتن لە سەرکوتی کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک دامەزرا و لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەو حیزبە هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و کۆنگرەی ئازادی و دێموکڕاسی کوردستان بە ڕێبەرایەتی بەڕێز ئۆجەلان دامەزرا. عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٨٠ لە وڵاتی تورکیا دەرکەوت و بوو بە پەنابەر لە وڵاتی سوریە. لە پاش هەڕەشەی هێرش کردنە سەر سوریە لە لایەن دەوڵەتی تورک، عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبری ١٩٩٨ لە سوریە دەرکەوت. دوابەدوای داڕمانی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، ئەمریکای بێ ڕکابەر و تاکەجەمسەر بانگەشەی بنیاتنانی سیستەمێکی نوێی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو ئەوڕۆکەش بە قوڵی هەستی پیدەکرێ. لەو سەردەمەدا بەڕێز ئۆجالان داوای مافی پەنابەرێتی لە ڕووسیە، ئیتالیا و یۆنان کرد و بەڵام دوای ئەوەیکە یەک بەدوای یەکدا ئەو داوایەیان ڕەتکردەوە، لە شوێنی مانەوەی باڵیۆزی یونان لە شاری نایروبی سەر بە کێنیا بوو بە پەنابەر. لە کاتێکدا دەیویست بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەری بە فرۆکە بچێتە وڵاتێکی دیکەی ئەفریقایی، ئۆتۆمبێلەکەی دەڕفێندرێت و لە ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٧ کۆچی هەتاوی بەرامبەر ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە ئۆپەراسیۆنێکی ڕفاندنی فرۆکەدا، لە لایەن ڕێکخراوی زانیاریگری میتی ترکیە بە هاوکاری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا ( سی ئای ئەی) و ڕێکخراوی زانیاری موسادی ئیسڕائیل و چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپایی دەستبەسەر دەکڕی و دەگەڕێندرێتەوە تورکیا. بەڕێز ئۆجالان لەدوای دەستبەسەرکرانی دادگایی کرا و بە ئیعدام حوکم درا، بەڵام تورکیا کە ناچار بوو بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا بە ڕواڵەتیش بێ بنەماکانی مافی مرۆڤ پێکبێن، خۆی لە ئیعدامی بەڕێز ئۆجالان بوارد و بە زیندانی هەتاهەتایی لە دوڕگەی ئیمڕاڵی حوکم درا. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٥ دوابەدوای سکاڵای پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان، پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان بە نادادەروەرانە ناساند. زیندانی ئیمڕاڵی، زیندانێکی ئەمنییەتی لە دوڕگەی ئیمڕاڵیە کە بە ڕێگەی مانگیلەی دەستکرد و لە لایەن سوپاوە چاودێری دەکرێ. بەڕێز ئۆجالان دواجار لە ڕێکەوتی ٢٥ ئاداری ٢٠٢١ بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ برایەکەی قسەی کرد و لەوڕؤژەوە تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر تەندروستی و چارەنووسی نازانرێت. داخوازییەکانی بنەماڵە و پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان تاوەکوو ئەوڕۆ بێ وڵام ماوەتەوە. بەڕێز ئۆجالان لە دۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیداردا لە زیندان دایە. کۆتایی هێنان بەو بارودۆخە پیویستی بە تێکۆشانی سیاسی تاک بە تاکی ئێمەیە. من وەکوو فێمێنیستێک کە بەتەواوی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەکەم، باش دەزانم کە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە تێکۆشانی ژنانی کورد سەرچاوەی گرتووە، لە داهێنانی بەڕێز ئۆجالانە و لە بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی تێکۆشان بۆ ئازادی ژنانە. بەڕێز ئۆجالان ساڵی ١٩٩٨ لەسەر بنەمای '' تا ژن ئازاد نەبێ کۆمەڵگە ئازاد نابێ، ئایدۆلۆژی ئازادی ژنی داڕشت. بەڕێز ئۆجالان ژن وەکوو یەکەمین نەتەوەی بندەستکراوی مێژوو پێناسە دەکات. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بووە بە بزووتنەوەیەکی گشتگیر، دژبە هەڵاواردن و بووە بە ڕێبازی خەبات و تێکۆشانی ئەو کەس و گروپانەی لە هەموو جیهاندا پەراوێزخراون. ڕێک بەو هۆکارە گرینگییەکی تایبەتی هەیە.
لەوڕووەوە لە هەموو ڕێکخراوە فێمێنیستی، مافەکانی مرۆڤ، چەپ و دێموکڕاتەکان کە پابەندن بە پرەنسیپە ئازادیخوازانە، بەرابەری خوازانە و عەداڵەت خوازانە داواکارم، بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان تێبکۆشن.