ژنان فستیڤاڵی هەنار لە کەرکوک دەکەن بە دەرفەت بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان

لە یەکەمین فستیڤاڵی هەنار لە شاری کەرکوک، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی خاوەن کار بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن وەکو دەرفەتێک بۆ ناساندنی کارەکانیان.

 رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەڕەنگدانەوە فۆلکلۆری کوردەواری، بەمەبەستی گرنگیپێدانی و بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان یەکەمین فڤستیڤاڵی هەنار لەژێر دروشمی (بۆ پاڵپشتی بەرهەمی نشتیمانی و کاری دەستی و خوراکی میللی) دەستی بە کارەکانی کرد، کە تیدا بەرهەمی هەناری خۆماڵی کوردستان وەکو سەرەکیترین بەرهەمی ناوخۆیی گرنگی پێداراوە و لە فستیڤاڵەکەدا نمایش کراوە، هەروەها لە ڤستیڤاڵەکەدا بەشداربوویەکی زۆر بەشدارن لەنێوان بەشداربووانیش ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی شارەکانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری فستیڤاڵەکە بوون و تیدا بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

 جێگای باسە، فستیڤاڵەکە پێکهاتووە لە چەند بەشێکی وەکو بەرهەمە خۆراکییە ناوخۆییەکان، کاری دەستی ژنان وەکو جۆرەها دەست بەند و ملوانکەی ڕەنگاو ڕەنگ، دەرمانی جوانکاری دروستکراو لە گیایی سروشتی کوردستان، چنین و چەندین کاری دیکەی دەستی ژنان و هەروەها ژنان بە چەندین خواردنی کوردەواری بەشداری ڤستیڤاڵەکەیان کردووە.

 بەخواردنی کوردەواری بەشداری فستیڤاڵەکەم کردووە

 بێرێڤان فەهمی ژنە چێشلێنەرێکی خەڵکی شاری کەرکوکە و خاوەن کاری خۆیەتی کە خواردنگەی تایبەت بەخۆی داناوە و لە فستیڤاڵەکە چەندین خواردن دەفرۆشێت لەنێوانیشاندا خواردنی کوردەواری، بێریڤان بەدەم بەڕێکردنی کڕیارەکانیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "بە چەندین خواردنی کوردەواری بەشداری یەکەمین فستیڤاڵی هەنارم لە کەرکوک، من ماوەی چوار ساڵە دووکانی تایبەت بەخۆم هەیە کە تیدا خواردن دەفرۆشم پێشتریش بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەماڵەوە خواردنم دروست دەکرد".

 دەمەوێت لەڕێگەی فیستیڤاڵەکەوە بەرهەمەکانم بەخەڵکی بناسێنم

 هەروەها بێریڤان فەهمی باسی لە گرنگی لەم جۆر فستیڤاڵانە کرد بۆ ناساندنی کارەکانی وەکو ژنێکی خاوەن کار و ووتی: "هەموو کەس کارەکانمان ناناسێت بۆیە ئەم فستیڤاڵە وەکو ڕێکلامێک وایە بۆ بەرهەمەکانمان بۆیە بەشداریم لەم فستیڤاڵە کردووە و دەمەوێت لەڕێگەی فستیڤاڵەکەوە بەرهەمەکانم بەخەڵکی بناسێنم، من دووکانی خۆم هەیە و بەرهەمەکان خۆماڵیە و بەپی داواکاری کاردەکەم، لە کارەکەمدا جگە لەوەی کە هاوژین و کچ و کوڕەکەم لەگەڵم کاردەکەن هەلی کارم بۆ چوار ژنی دیکە ڕەخساندووە کە لەگەڵم کاردەکەن".

 ژنان پێویستە کاری تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن

 ئەو ژنە پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد و ووتی: "پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە کە کاری خۆیان بکەن و سود لە بەهرەکانیان ببینن و تەنها لەماڵەوە دانەنیشن چاوەڕوانی دامەزراندن بن بەڵکو پێویستە ژنان ئەم جۆرە فستیڤاڵانە وەکو هەلێک بقۆزنەوە بۆ نمایش کردنی بەرهەمەکانیان".

 بەپشتیوانی بنەماڵە و خێزان فشاری کۆمەڵگا تێدەپەڕینین و کار دەکەین

لە کۆتایدا ناوبراو باسی لە کاریگەری کۆمەڵگا کرد لەسەر کارکردنی ژنان وئاشکرای کرد: "بەداخەوە کۆمەڵگا بەگشتی دژی کارکردنی ژنانە بەڵام بەپشتیوانی بنەماڵە و خێزان فشاری کۆمەڵگا تێدەپەڕینین و کار دەکەین، خەڵکیش کاردانەوەیان باشە لەگەل کارەکانم و هانم دەدەن کە چێشتخانە دامەزرێنم و تا سەردانی بکەن".

 بەیان ڕەشید سادق، ژنێکی دیکەی بەشداربووی فستیڤاڵەکەیە کە لە شاری سلێمانییەوە لەگەل هاوژینەکەی هاتوون تا بەشداری یەکەمین فستیڤاڵی هەنار بکەن لە کەرکوک، بەیان بە کارێکی جیاواز لە هەنار و خواردن بەشداری کردووە، کە ئەویش کاری دەستی وەکو جۆرەها بازنگ و دەستبەند، ملوانەکەی ڕەنگاو ڕەنگ، تەسبیح، گوستیلە و چەند کاری دیکەی دەستی.

  بۆ ناساندنی کارەکانم و دابین کردنی بژێوی ژیان بەشداریم کردووە

  سەبارەت بە بەشداری کردنی لە فستیڤاڵەکە بۆ نمایش کردنی کارەکانی، بەیان ڕەشید بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "لە زۆربەی ناوچەکان لە زۆر فستیڤاڵ و پێشەنگا بەشداریمان کردووە، چەندین جارێش لە کەرکوک بەشداری ڤستیڤاڵ و پێشەنگای کاری دەستیم کردووە، وە بەشداریم لەم فستیڤاڵە کردووە بۆ ناساندنی کارەکان و دابین کردنی بژێوی ژیانم هەروەها وەکو خولیایەکی خۆم حەزەکەم بەشداربم لەم فستیڤاڵانە، وە هیوادارم ئەو ژنانەی لەماڵەوەن بتوانن وەکو ئێمە بێنە دەرەوە و کارەکانی خۆیان نمایش بکەن تاکو بتوانن لەسەر پێ خۆیان بوەستن و زیاتر شارەزاتربن و پێشبکەون لە کارەکانی خۆیان".