ژنان لە وان بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و ڕێپێوانیان کرد

تەڤگەری ژنانی ئازاد لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان کۆبوونەوەی ژنانی ئەنجامدا و بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەی لە پارکی ئاشتی موسا عەنتەر.

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە ناوچەی ڕێگەی ئاوریشمی وان بەبۆنەی ٨ ی ئادار بە درووشمی "بە ژن ژیان ئازادی بەرەو ٨ ی ئادار" چالاکییەکەی ئەنجامدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەکە، گوڵشەن کورت و ڕێکخستنی دەم پارتی ناوچەکە و کاندیدی شارەوانی ڕێگەی ئاوریشمی دەم پارتی جانان ئوزونەی و چەندین ژن بەشداربوون، ژنان جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان پۆشی و هەڵپەڕکێیان کرد.

گوڵشەن کورت قسەی کرد و داوای کرد گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و داوای زیندانیانی مانگرتوو قبووڵ بکرێت. دووپاتی کردەوە، گەلی کورد ڕووبەڕووی ئەسیمیلاسیۆن و سیاسەتی شەڕی تایبەت و سیاسەتی کۆچبەرکردن بۆتەوە و گوتی: "بەرامبەر هەموو ئەمانە، پێویستە گەلی کورد لە هەڵبژاردن پارێزگاری لە دەنگەکانی بکات و دیسان ئیرادەی خۆی لە سندووقەکان پیشان بدات".

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ناوچەکە شەڤین پۆڵات بانگەوازی لە ژنانی وان کرد بەشداربن لە "گردبوونەوەی مەزنی ژنان" کە بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار لە پارکی ئاشتی موسا عەنتەر پێکدێت.

پاشان ڕێپێوانێک ئەنجامدرا، لەوێدا پانکارت و وێنەی ژنانی کوژراوی کورد بەرزکرانەوە. لە ڕێپێوانەکەدا درووشمەکانی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرانەوە.

ژنان بە هەڵپەڕکێ لەدەوری ئەو ئاگرەی کردبوویانەوە، کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.