١٠ ڕۆشنبیر، نووسەر، پەرلەمانتار، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی کوردستان و عێراق، نامەیەکیان بۆ هەریەک لە ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی نارد.
لە نامەکەدا باسیان لەوە کردووە، کە سوپای تورک ماوەیەکی درێژە بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان، ئۆپەراسیپن ئەنجام دەدات، بەتایبەت لە هەرێمەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا و هەوڵ دەدات ئەو ناوچانە لە خەڵکەکەی چۆڵ بکات.
ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردوووە، سوپای دەوڵيتی تورک لە ساڵی ١٩٨٣-ەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دەدات و لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١، دوایین ئۆپەراسیۆنی خۆی دەستپێکردووە، کە ئاستێکی نوێی سیاسەتی هەرێمیی تورکیا نیشان دەدات و دەیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان داگیر بکات.
هەر لەو نامەیەدا هاتووە: لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەتایبەت لە ئامێدیی، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە، نزیکەی ٤٠ ساڵیشە گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچانەن و بەر بە سوپای تورک دەگرن.
لە نامەکەدا ڕاگەیەندراوە، کە دەوڵەتی تورک لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا سەرنەکەوتووە و بەرخۆدانی گەریلا تەنگی پێهەڵچنیون، بۆیە چەکی قەدەغەکراو و گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت، کە هەمان کاریگەریی گەریلا لەسەر خەڵکی مەدەنییش دروست دەکات، ئەم دەنگۆیە بە ڤیدیۆ و راپۆرت لە میدیاکان بڵاودەبنەوە و پشتڕاست دەکرێنەوە.
لە نامەکەدا داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کراوە، کە لیژنەیەکی سەربەخۆ بنێرنە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ و مەتینا، تاکو لێکۆڵینەوە بکەن و زانیاریی کۆبکەنەوە.
لە کۆتاییشدا ڕاگەیەندراوە، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، نەک تەنیا ئەرکێکی یاساییە، بەڵکو ئەرکی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیشە.
ف.ق