ئەمڕۆ ١٤هەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی ناوەندی راگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستانە، كە لە ١ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨دا ڕوویدا. لەو هێرشەدا ٦ ئەندامی ناوەندی راگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) گیانیان بەختكرد.
دەوڵەتی توركی داگیركەر ئەم هێرشەی بەبەكارهێنانی ئاسمانی ئێران و بەبەكارهێنانی زانیاری ئیستخباراتی ئەمریكا و ئیسرائیل پێكهێنا.
لە چركە ساتەكانی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١ی مانگی ئایاری ٢٠٠٨دا چەند فرۆكەیەكی جەنگیی ئەرتەشی توركی داگیركەر، نزیكەی دوو كاتژمێر هەرێمەكەیان بۆردوومان كرد، كە بەگوێرەی زانیاریەكانی ئەوان شوێنی مانەوە و ناوەندی راگەیاندنی پەژاك بوو.
فرۆكەكانی دەوڵەتی توركی داگیرکەر، كە لەهەرێمەكانی باكور و باشوری كوردستانەوە نەیاندەتوانی زەبر و زیان لەم هەرێمە بدەن، بەو زانیاریانەی، كە لەفڕۆكە سیخۆرییەكانی ئەمریكا وەریانگرتبوو و بەبەكارهێنانی ئاسمانی ئێران هەرێمی شەهید هارونیان كردە ئامانج و كیمیابارانیان كرد.
لەو هێرشە كیمیایەدا ٦ ئەندامی پەژاك كە لەو ناوەنددا بوون گیانیانبەختكرد، كە ناوەكانیان بریتییە:
"دیاكو بەختیاری"، بە نازناوی "هێرش مەهاباد" لە دایكبوونی ١٩٨١ی مەهاباد.
"كاردو عەلیالی"، بە نازناوی "ئارگەش باوەر"، لەدایكبوونی ١٩٨٤ی پیرانشار.
"جەمال رەسولی"، بە نازناوی "ئارمانج مەریوان"، لەدایكبووی ١٩٧٥ی مەریوان.
"رەحیم بورنا"، بە نازناوی "رامان جاوید" لەدایكبووی ١٩٧١ ی مەهاباد.
"محەمەد گورەن"، بە نازناوی "وەدات ئامەد" لەدایكبووی ١٩٧١ی فارقینی ئامەد.
"بەهجەت تەكین ئاڵپ"، بە نازناوی "فرات چەلێ" لەدایكبووی ١٩٨٠ی جۆلەمێرگ.
شەهیدبوونی هیچ كام لەگیانبەختكردووان بەهۆی پێكانی پارچە یا زەبری تەقینەوە نەبوو. لێكۆڵینەوەكان پشتڕاستیانكردەوە, كە لەم هێرشەدا بۆمبی قەدەغەكراوی كیمیایی بەكارهێنراوە. لە چوارچێوەی ئەو هێرشەدا گوندەكانی ڕەزگە، مارادۆ، شێنێ و زارگەلێش بۆدومان كران.
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاک) لە ڕاگەیاندراوێک دا لە دوای ئەو هێرشە، گیانبەختكردوانی ١ی ئایاری ٢٠٠٨ی وەكو شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد لەرۆژهەڵاتی كوردستان ناساند و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بزوتنەوەكەیان بەرەی راگەیاندنی دژ بەشەڕی تایبەتی حكومەتە داگیركەرەكان بەرنادات.
ژ.ت