لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری وڵاتان و ڕایگشتیان کردووە، ٥٢ کەس لە زیندانیانی بادینان دەڵێن: ئێمە وەکو زیندانیانی بادینان و کۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاکوان و سزادراوانی زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر کە ژمارەمان ٥٢ کەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە
وەك لە نامەکەدا هاتووە: مانگگرتنەکەمان پەیوەندی بە داواکاریەکەمانەوە ھەیە کە پێدانی (ئازادبونی مەرجدار)ە بەپێ ماددەی ٣٣١ لە بنەما دادگاییەکانی سزا کە مافێکی یاسایی خۆمانە، بەڵام لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەستاودەستی پێ دەکرێت و ھەوڵ ھەیە بەھۆی دەستێوەردانی حزبی و کەسی یەوە ئەو مافەمان لێ زەوت بکرێت و بێ بەش بکرێین لەو ٢٥٪ ی یاسایەی کە ھەمانە.
دەشڵێن: بۆ ھەموو لایەک ڕوونبووتەوە، کە ئێمە دور لە ھەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموکراسی، لەسەر ئازادی بیرۆراو داواکردنی مافە گشتیەکان و بەشێکیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیرکاری و بۆردومانی نشتمانەکەمان سزادراوین، لە کاتێکدا حکومەت فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی تورکیا دەڕێژێت.
ئەو ٥٢ دەستگیرکراوە داواکارن، لە دەسەڵاتی دادوەری سەروەری خۆی بپارێزێت و لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی چاو لەو مافەكانيان دانەپۆشێت.
ف.ق