موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل وەڵامی پرسیارەکانی میدیا نیوزی دایەوە.
قەرەیلان وتی، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و داوای لە شاندە نێونەتەوەییەکان کرد لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەن. قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە، دەوڵەتی تورک ناتوانێت لە دژی بەرخۆدانی گەریلا پێشڕەوی بکات و وتی، پێویستییەکی بەپەلە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و سیاسەتی هاوبەشی کوردستانی هەیە. قەرەیلان وتیشی: "دڵنیاییە ئەو هێزەی پشت بەخۆی و هێزی خۆی دەبەستێت سەردەکەوێت".
قەرەیلان ڕایگەیاند، "بێگومان هێزە داگیرکەرەکان لە کوردستان هەمیشە هەڕەشە لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکەن" و راشیگەیاند: ئێستاش گەورەترین هەڕەشە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوەیە. هێرشی ٢٣ی نیسانی دەوڵەتى تورک تا ئێستا نزیکەی ٦ مانگ بەردەوامە. لەم چەند مانگەدا شەڕێکی قورس ڕوودەدات و تا ئێستاش بەردەوامە. مرۆڤ ناتوانێت ئەوانە بە چەند وشەیەک باس بکات. دەوڵەتی تورک بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٢١دا پلانی بۆ خۆی دانا. پلانەکەیان ئەوەبوو، کە ئەمساڵ لە هەموو باشووری کوردستان، یان لە کوردستانی عێراق هەموو سەنگەرەکانمان داگیر بکەن و گەریلاکان لەناوببەن و لەوێ دەریان بکەن و ناوەندەکانمان لێرە تێکبشکێنین و بێ ئاسایش و بێ پارێزراوی و بێ هەماهەنگیمان بکەن.
هەر وەک چۆن دەوڵەتی تورک و هێزە پیلانگێڕەکان لە ساڵی ١٩٩٨دا هێرشیان کردە سەر سوریا، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی رێبەرمانیان دیلکرد و خواستیان پاکتاوی بکەن، ئێستاش لە ساڵی ٢٠٢١دا پلانێکی هاوشێوەیەیان داناوە و ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئینگلتەرا و هێزە هەژمونگەرا و باڵادەستخوازەکان پشتیوانیی لێدەکەن. لە سەری ساڵدا وەزیری جەنگی تورکیا رۆیشت بۆ بەغدا، هات بۆ هەولێر، یانی هات بۆ دەوڵەتی عێراق و وایانکرد پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەو چەمک و جوڵە و کۆنسێپتەدا پشتیوانییان بکات. ئەوان حسابیان کردبوو، کە لە ماوەی ٢ بۆ ٣ مانگدا هەموو شوێن و پێگەکانی گەریلا لە کوردستانی عێراق، لەقەندیل و لە گارە پێکەوە داگیر دەکەن و ئەوە ئامانجەکەیان بوو.
'سوپای تورک ناتوانێت بەرەو پێش بڕوات'
بۆ ئەوەش لە ١٠ی شوباتدا هێرشێکی سوپرایز و لە ناکاویان کردە سەر گارە، بەڵام لەوێ شکستیان هێنا. وتیان گارە لە سنوور دوورە، پەکەکە لەوێ زۆرە، ئەگەر هێرش بکەینە سەر ناوچە سنوورییەکان ئەوا سەردەکەوین. لەو چوارچێوەیەدا دەستیان بە هێرش کرد. لە ئاوی خابورەوە تاوەکو شەمزینان، لە ئاسمان و لە ٣ قۆڵ و لە زەمینەوە، پێکەوە و بە یەکجار لە ئاسمان و زەمینەوە بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر دەستیان بە هێرش کرد بۆ سەر سەنگەرەکانمان. لە ڕۆژی یەکەم و دووەمدا سوپای تورک گەیشتبێتە کوێ و لە ئاسمانەوە لە کوێ سەربازی دابەزاندبێت ئەوە ماوەی ٦ مانگە هەر لەوێ شوێنانەدان و هێشتا شەڕ هەر لەو شوێنانەدایە. وەک ئەو پلانەی، کە دایاننابوو نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. تەنانەت نەیانتوانیوە لەو ناوچانەشدا خۆیان زاڵ و باڵادەست بکەن، کە هێزی خۆیانیان تیادا دابەزاندووە. لە هەندێک ناوچەدا ٦ بۆ ٧ کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە، لە هەندێک ناوچە ٣ بۆ ٤ کیلۆمەتر و تا ئێستا هەر ئەوەیە و تا ئێستا شەڕ لەو شوێنانەیە.
سوپای تورک مۆدێرنترین تەکنیکی شەڕ بەکاردەهێنێت. بەتایبەتی لە ئاسمانەوە شەڕ دەکات. هەموو شوێنێک بۆردومان دەکات و بە بەردەوامی بۆردومان دەکات. دەیەوێت بەو شێوەیە داگیری بکات و بەرەو پێش بڕوات، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە، بۆ؟ چونکە گەریلا ماوەیەکە خۆیان پێشخستووە. گەریلا شێوازی نوێ بەکاردەهێنێت. یەکەم، تیمی بچووک، شارەزا و لێهاتوو، پێکەوە هاوئاهەنگیی گەریلایانەیان دامەزراندووە. یەکێکی تریان ئەو شێوازەیە، کە گەریلاکان دایانناوە بۆ پاراستنی خاک و ناوچەکان و شوێنەکان، لە هێڵی رێبازی شەڕدا، ئەویش شەڕی تونێلەکانە.
گەریلاکان ئەو دوو ڕێگایە بەکاردەهێنن. لێهاتوویی و کارامەییەکی زۆر و تاکتیکی هاتووەتە پێشەوە و لە گۆڕێدایە. ئەوەش ئەوەیە، کە ئەوان بەو رادەیە چاوەڕێیان نەدەکرد. ئەوان سەرسام بوون و تووشی سەرلێشێواوی بوون. هەر چەند هەفتەی یەکەم زۆر بە چڕی لە راگەیاندن و چاپەمەنییەکان دا زۆر قسەیان لەسەر دەکرد و دەیانخواست کەشێکی سەرکەوتوانە بۆ خۆیان دروست بکەن، بەڵام کاتێک گەیشتنە بنبەست و تاوەکو دەهات مەترسیی زیاتریان دەبینی، هەوڵیان دا ئەم شەڕە لە تورکیا و ڕای گشتی جیهان بشارنەوە، چونکە بۆیان دەرکەوت و زانییان شەڕەکە زۆر لەوە قورستر و گەورەترە، کە چاوەڕێیان دەکرد.
دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی خۆی لەو شکست و بنبەستە ڕزگار بکات، کە لە بنەڕەتدا بە بنبەست گەیشتووە و رووخاوە، بۆ ئەوەی شکستەکەى بشارێتەوە و گوایە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت، هاوکات لەگەڵ تەکنەلۆجیای هاوچەرخی ئەم سەردەمەدا چەکی کیمیاییش بەکار دەهێنێت. یاسا نێونەتەوەیییەکان پێشێل دەکات و هەوڵ دەدات بەو شێوەیە خۆی لەو شکستە ڕزگار بکات. لەو چوارچێوەیەدا هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ و مەتینا".
'پێویستییەکی بەپەلە بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە '
قەرەیلان لە بەردەوامیدا وتی:
ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە، هەرچەندە ناکۆکیی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام لە کاتێکدا پێویستییان پێی هەبێت لەسەر پرسی کورد و کوردستان کۆدەبنەوە و پلانی هاوبەش دادەنێن و بڕیار دەدەن و سیاسەت دەکەن، بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتدا چوار پارچەی کوردستان ناتوانن لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە. ناتوانن سیاسەتێکی هاوبەش دابنێن. بێگومان ئەوە هۆکاری زۆر هەیە، بەڵام پێویستییەکی زۆر بەپەلە هەیە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و سیاسەتێکی هاوبەشی کوردستانی. بەڵام داگیرکەرانی چەوسێنەر دەستیان لەوەدا هەیە، یاری بە سەر سیاسەتی کوردستانەوە دەکەن، واتە ئەوان قورساییان هەیە. ئێستا دۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) ئاساییە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەتایبەتی بەشدار بووە لە چەمک و دید و خواستەى دەوڵەتی تورک دا، کە دەیانەوێت پەکەکە و لە کەسایەتیی پەکەکەشدا دەستکەوتەکانی کورد لە ناو ببەن. ئێستا یەکێک لە لایەنەکانی ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورک پارتی دیموکراتی کوردستانە (پەدەکە)یە.
واتە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) گەمارۆی ناوچەکانی گەریلای داوە، ئابڵوقە دەسەپێنێت، ڕێگاکان دەگرێت و بەو شێوەیە چەمک و دید و خواستی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک تەواو دەکات. دیارە ئەوان بەوە ڕازی بوون و بەو شێوەیەش کاتێک دەوڵەتی تورک کوردستانی عێراق داگیر دەکات پەدەکە دەنگی لێوە دەرنایەت. هەر لەبەر ئەوەشە گوندنشینان دەچەوسێندرێنەوە و زوڵمیان لێدەکرێت، چونکە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە زیان بە گوندنشینان گەیشتووە. واتە دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست خەڵک دەکاتە ئامانج، ئەوەش بۆ ئەوە دەکات گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بترسێنێت، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت لەگەڵ پەکەکە بجوڵێتەوە، هەندێک جار بە ئەنقەست خەڵک دەکەنە ئامانج و زیان بە باخچە و باخەکانیان دەدگەیەنن. ئەوە سیاسەتی داگیرکارییە. دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست ئەمە دەکات. هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەمە دەزانێت، بەڵام پەدەکە دێت پەکەکە تاوانبار دەکات. ئەوە کارێکی دروست نییە، ئەوە سیاسەتە. ئەوەی زیان بە خەڵک دەگەیەنێت و ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات روون و ئاشکرایە، کە دەوڵەتی تورکە. دەوڵەتی تورک کاری بەسەر ئەو شوێنانەوە چییە؟ بۆچی ئەو هەموو هێرشانە ئەنجام دەدەن؟ ئەوان بە ئەنقەست زیان بە گوندنشینان دەگەیەنن. لە جیاتی ئەوەی لە دژی ئەو کارانە و لە دژی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرێت، دەڵێن، پەکەکە بووەتە هۆی ئەمانە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە.
بەڵام سەرەڕای ئەوانەش لەم دواییانەدا تێکۆشانی ئازادیی کوردستان پێویستی بە سیاسەتێکی هاوبەش هەیە، چونکە داگیرکاریی لەسەر خاکی کوردستان چەندین پلان و یارییان بە دەستەوە هەیە. ئێمە هەوڵ بۆ پووچکردنەوەى ئەو پلانانە و هەوڵ بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و دێموکراتیک و سیاسەتێکی هاوبەش دەدەین. ئێمە بۆ ئەوە تێدەکۆشین، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی تورک کار دەکات و نیشانی دەدات، کە ئەوە زوو پێک نایەت. واتە ئەو یەکڕیزی و یەکێتییە، کە هەموو کورد بە دڵێکی پاکەوە داوای دەکەن، ئەوەی، کە دۆستانی کورد هیوایان پێیەتی لەم کاتەدا بۆ ماوەیەکی نادیار دواخراوە. واتە ئەوە لە ماوەیەکی کەم و نزیکدا ڕوو نادات، چونکە لەسیاسەتی کورددا بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و خێزانی و بەرژەوەندیی حیزبەکان لەسەروو بەرژەوەندیی نەتەوەییەوەیە، بۆیە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە پێشەوە نییە. بەم شێوەیە ئەو پرۆسە و رەوتە، کە مرۆڤ جیای دەکاتەوە و هەستی پێدەکات و تیادا رۆڵ دەگێڕێت گەشە دەکات. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بۆ بارودۆخی ئێستا بڵێت.
"بە دڵنیاییەوە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێت، با لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت"
بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکان بەکاردەهێنێت. هەپەگە دەربارەی ئەو بابەتە چەندین لێدوانی داوە و دۆکیومێنت هەیە، دیمەن و ڤیدیۆ هەیە، هێرش و بەکارهێنانیان دەبینرێت، ڤیدیۆیەکان هەم لە تونێلەکان و هەم لە دەرەوەی تونێلەکان دت تۆمار کراون. هەم مادە و کەرەستەی گرنگ دۆزراونەتەوە، کە ئاشکرایە گاز دەتەقێنرێت و بەکار دەهێنرێت، چەندین بەڵگەنامە هەیە و هەپەگەش بەشێکی زۆری ئەوانەی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە. ئێمە چەند کەرەستەی چەک و تەقەمەنیمان لە بەردەستە، کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. ڕەنگە ئەوانەش ببنە بەڵگەى سەلمێنەری بەرچاو و ئاشکرا، بەڵام بەرپرسانی نێونەتەوەیی هەرگیز لەسەر ئەمە هەڵوەستە ناکەن، هەرچەندە ئەو هەموو بانگەواز و ئاگادارکردنەوە و پەیوەندییەش هەیە، بەڵام بێدەنگن، بۆچی؟
چونکە دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆیە. پێش ئەمە وتیان سوریا لە دژی هێزەکانی ئەوێ چەکداری بەکارهێناوە، هەموو جیهان هاواری لێهەستا و راپەڕین، دوا مۆڵەتیان بەسوریا دا و لە سوریا دەستوەردانیان کرد، هێرشیان کرد، هۆکاری ئەم دوو ستانداردەیە و ئەم دوو بان و هەوایە چییە؟ دەبێت لە دژی دەوڵەتێک هەڵوێست هەبێت، کە چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت. ئەندامانی ناتۆ هەر چییەک ئەنجام بدەن بە رەوا دەزانرێت بۆیان، ئەوان دژی ئەو دەوڵەتانە، کە ئەندانی ناتۆ نین قسە دەکەن. هێز و ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان دەتوانن بێنە ئەو ناوچانە، کە چەکی کیمیایی تیادا بەکارهێنراوە، لە بەشێک لەو شوێنانەدا، کە چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ی لێیە. هەموو جیهان پەیوەندیی بە پەدەکەوە هەیە، بۆیە ئەگەر بتوانن بێنە باشوری کوردستان دەشتوانن بێنە ناوچەکانی گەریلا.
هەپەگە ڕایگەیاند، لە باکور ٦ هەڤاڵمان لە شاخە سوور بە چەکی کیمیایی شەهید بوون. شاخە سوور لەسەر هێڵی سنوورە. لە نێوان شاخە سوور و بنکەى سەربازیی خاڵی سفری سەر سنوور دا یەک کیلۆمەتر مەودا هەیە. بەردی سنوورەکە لە بەردی شاخە سوورە. بەشێک لە شاخە سوور سەر بە تورکیایە. لەوێ تونێلێک هەیە، ئێمە هەموو هێزەکەی خۆمان لەوێ کشاندووەتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک هێشتا نەیتوانیوە بچێتە ناو ئەو تونێلەوە، تەرمی هەڤاڵەکانمان هێشتا لەوێن. ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان دەتوانن بچنە ئەوێ، لێکۆڵینەوە بکەن کە ئایا چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە یان نا. هێشتا لەو تونێلانەدا شوێنەواری چەکی کیمیایی هەیە. لەبەر ئەوەشە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بچێتە ژوورەوە بۆ ناو تونێلەکان.
هەموو شتێک روون و ئاشکرا و لەبەرچاودایە، ئەوانەى بەڵگە و دۆکیومێنتی ڕوونتریان دەوێت با بۆ خۆیان بێن و شوێنی رووداوەکان ببین و لێکۆڵینەوە بکەن. ئەگەر بڕوایان بە ئێمە نییە، با شاندی سەربەخۆ بڕۆن و لێکۆڵینەوە بکەن. دەوڵەتی تورک لە کوردستان یاسا نێونەتەوەیییەکانی شەڕ پێشێل دەکات و تاوان ئەنجام دەدات. ئەگەر بێن و لێکۆڵینەوە بکەن، دەتوانن شوێنەواری بەرچاوتر و روونتر بدۆزنەوە، چونکە ئێمە لە ئێستا هەر ئەوەندە دەرفەت و توانامان هەیە. پێش ئێستاش و لە کاتی گارەدا ئێمە بانگەوازمان کردبوو، ئێستاش بانگەواز دەکەینەوە، شاندێک دەتوانێت بێت بۆ شوێنی رووداوەکان و لێکۆڵینەوە بکات و شتی روونتر و ئاشکراتر دەستنیشان بکەن".
ژ.ت