وتار

'پێویستە لەسەر بنەمای مۆدێرنێتەی دیموکراتیک سەرلەنوێ ژیان ئاوەدان بکەینەوە'

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک ئاماژەی بەوەدا کرۆکی کوردایەتی لە کۆمەڵایەتی بووندایە، بۆیە کۆمەڵگەی کوردی زۆر لە دژی ژیانی سەرمایەداری تێدەکۆشێت و وتی؛ "پێویستە لەسەر بنەمای مۆدێرنێتەی دیموکراتیک ژیانمان ئاوەدان بکەینەوە."

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک پەیوەست بە کاریگەرییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر هەرێمەکە و بەتایبەت لە کوردستان. واقعی کۆمەڵایەتیبوونی گەلی کورد و پارادایمی مۆدێرنێتەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وتارێکی بە ناونیشانی 'باشووری کوردستان لە نێو لەپی سیستەمی سەرمایەداریدا' بۆ گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە نوسیوە، کە لە باشووری کوردستان وەک گۆڤارێکی فکری بە شێوە زاری سۆرانی بڵاو دەکرێتەوە.

وتارەکەی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک بەم شێوەیە:

"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندی شارستانییەتی دەوڵەتگەرێتیی چینایەتییە. یەکەم شارستانییەتی ناوەندی لە جیهان و دەسەڵاتی ناوەندگەرایی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری هەڵدا. بەم هۆیەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم شارستانییەتی هەژموونخوازە. لە سەردەمی ئێمەدا مۆدێرنیتە و سیستەمی هەژموونگەرایی هەیە. دەرکەوتنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و بڵاوبوونەوەی لە سەرانسەری جیهاندا، پەیوەندییەکی نزیکی بە لەناوچوونی سیستەمی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. کاتێک سیستەمی شارستانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو چوو و هەڵوەشایەوە، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی سەری هەڵدا و بڵاو بووەوە و بوو بە سیستەم. لە ئێستادا هەژموونێکی ٤٠٠ ساڵەی سیستەمی سەرمایەداریی لە جیهاندا وا لە گۆڕێ.

ناوەندی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەورووپایە. لە ئەورووپا سەری هەڵدا و بڵاو بووەوە. بەڵام لە واقیعدا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەردەوامیی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

بە جۆرێک، بەهاکانی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەورووپیی گوازراونەتەوە. لەم ڕووەوە نابێت مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی سەرپاک جیاواز لە شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر بکرێت. بەڵام ئەو دووانە تەواو وەک یەک نین و جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە. چۆنێتیی سەرهەڵدانی شارستانییەتی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی مێژوو. هەروەها ڕێبەر ئاپۆیش بە گرنگییەوە سەرنجی لە سەر ئەم بابەتە هەبووە. بۆیە گرنگە مرۆڤ ڕاوەستە لە سەر ئەم بابەتە بکات. ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو لایەکەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە مێژووییەکان و پەیوەندییەکانیان دەکات، چونکە مێژوو بەشێکی دانەبڕاوە. لە ڕێی ڕوانگە و لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیرەوە لە سرووشت و شێوازی پێشهاتە مێژووییەکان تێ دهگەین. مێژووی هەڵوەشاندنەوەی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لایهنی کەم بە قەد دەرکەوتنی گرنگە. پێویستە مرۆڤ سەرنجی لەسەر ئەمە بێت و لە چوارچێوەی مێژوویی خۆیدا هەڵی بسەنگێنێت، بەبێ ئەمە نە لە دەرکەوتنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی باش تێ دەگەین و نە لە بڵاوبوونەوەشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لێرەدا ئێمە تەنها دەتوانین زۆر بە کورتیی نرخاندنی بۆ بکەین و لە چەند خاڵیکی گرنگدا هەڵی بسەنگێنین. بەڵام لە واقیعدا پێویستی بە کاری بەرفراوانە.

مەبەست لە شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستەمی چینایەتیی دەوڵەتگەرێتییە. هۆکاری ناونانی ئەم سیستەمە بە شارستانییەت، گەشەکردنییهتی لە سەر زەمینەی شار و ئەو پەیوەندییانەی وا لە شاردا درووست دەبن. پۆڵێنکردن بریتییە لە دابەشکردنی کۆمەڵگه لەسەر بنەمای چینەکان. ئەمەش بەو مانایەیە دەبێت کۆمەڵگهی دیموکراتیکی یەکسانخوازی کۆموناڵ هەڵبوەشێنرێتەوە و شێوازی ژیانێک، کە لەسەر بنەمای وابەستەیی و بەڕێوەبردن و پەیوەندیی ‹بەڕێوەبردن›ـە، جێی بگرێتەوە. ئەمەش لە سەر زەویی شارەکان پەرەی پێ دەدرێت. هەروەها لەم پرۆسەیەدا ئیدی دەوڵەت دەرکەوتووە. دەوڵەت بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەو سیستەمەی لە ئارادایە، سەری هەڵداوە. بەم شێوەیە، یەکەم سیستەمی شارستانیی و شارە ناوەندەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا گەشەیان سەند. دیاردەی ڕەتاندن کە لە مێژوودا باسی دەکەین، لە شارستانییەتی چینایەتییەوە دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆش مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەیپارێزێت. بە دڵنیاییەوە لە مێژوودا بەرخۆدانی کۆمەڵگه بەرانبەر ئەمە هەیە. کاتێک زاڵبوون و ڕەتاندنی شارستانییەتی چینایەتیی دەوڵەتگەرێتیی دژی کۆمەڵگه پەرەی سەند، بەرخۆدان و تێکۆشانی کۆمەڵگهش لە دژی پەرەی سەند. ئەم خۆڕاگریی و تێکۆشانەی کۆمەڵگه تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

هەرچەندە بە کورتییش بێت، بەڵام پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە ئەمە زۆر گرنگە؛ شارستانییەتی دەوڵەتگەرێتیی چینی ڕەتێنراو، بۆ ئەوەی پابەندبوون بە سیستەمەکەیەوە بەرەو پێش ببات، خۆی وەک پیرۆزێک نیشان داوە. بەم شێوەیە، هەوڵی داوە ڕێگریی لە کاردانەوەکانی کۆمەڵگه بکات. بۆ نموونە، ستەمی سەر ڕاسەری ژنان و سەیرکردنیان وەک خزمەتکاری پیاو، پشت بەمە دەبەستێ، چونکە کۆمەڵایەتیبوون لەگەڵ لاوازبوونی ژندا لاواز بووە. دیسانەوە داوا دەکرا گوێڕایەڵیی کۆمەڵگه بە ناساندنی خوداوەند بە سیستەمی دامەزراو، مسۆگەر بکرێت. بۆیە شارستانییەتێکی چینایەتیی دەوڵەتگەرێتیی لە دەوری پەرستگه پەرەی سەند. پیرۆزیی بۆ پاشا و خانەدانەکان دیاریی دەکران. پاشا سۆمەریی، ئاشووریی و بابلییهكان بەم شێوەیەن. فیرعەونەکانی میسریش وەک خوداوەند سەیر دەکران. ئەوان پاشاخوان. شارستانییەتی فارسیی و هیندیی و ڕۆمانیی بەم شێوەیە پەرەیان سەند. شارستانییەتەکان هەمیشە بە چەسپاندنی ناسنامە ئیلاهییەکان گەشەیان کردووە. بەم شێوەیە، بەهاکانی پیرۆزیی کۆمەڵگه ڕەتێنراون و نایەکسانیی وەک پێویستیی سیستەمی ئیلاهی خراوەتە ڕوو. ئەمەش بنەمای بڵاوبوونەوەی زۆرێک لە ئایینەکانە لە مێژوودا. ئایین لە بنەڕەتدا هەڵوێستی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کۆموناڵە بەرانبەر شارستانییەتی چینایەتیی و دەوڵەتگەرێتیی.

ئەمە لە ئایینە یەکتاپەرستییەکانی وەک مەسیحیی و ئیسلامدا هەیە. بەم دەرکەوتنانە، هێزە کۆمەڵگهپارێزهكان دەڵێن ئەو شتانەی بە ناوی خوداوەندەوە دەکرێن، بەم شێوەیە نین. وتەکەی حەزرەتی ئیبراهیم کە دەڵێت، مرۆڤ ناتوانێت ببێت بە خوداوەند، نموونەیەکە و ئەم ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە. لە کاتی كردنی ئەم کارەدا ئایینەکان ئەو شتانەشیان پیشان دەدا وا بۆ کۆمەڵگه پیرۆز بوون. بەڵام دەبینین ئەم سیفەتانەی ئایینەکان شاراونەتەوە، لا دەبرێن و تەنها وەک ڕێوڕەسم پێشکەش کراون. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن، هێزەکانی شارستانییەتن. . هێزەکانی شارستانیەت ئایینیان لە سرووشتی خۆی دوور خستووەتەوە و لە مەترسیی دەریان هێناوە، تەنانەت کردوویانە بە کەرەستەیەک بۆ سەروەریی خۆیان.

ئەمڕۆ و لە مێژوودا نموونەی ئەمە زۆره. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر هەژموونی دەسەڵاتداریی و ئیستیغلال بە ناوی ئایینەوە دەکرێت. داعش هەموو كاره دڕندانەکانی بە ناوی ئایینەوە كرد. لە ئێراق هەموان هەوڵ دەدەن لە سەر بنەمای سوننە یان شیعە لە دەسەڵات بن و بەم ڕەنگە بەسەر کۆمەڵگهدا زاڵ ببن. فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە بە کەڵکوەرگرتن لە ئیسلام و هەموو جۆرە بێئەخلاقیی و ڕەتاندنێک، پەرە بە ژینۆسایدی کورد دەدەن.

پێکهاتن و جێبەجێکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەییدا بوو. لەگەڵ بەزین و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی لە جەنگی یەکەمی جیهانییدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی داڕێژرایەوە و بەم چەشنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کراوەیی بە ڕووی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا جێ هێڵرا. بێگومان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەم کارە دەکەن.

 بەریتانیا هۆکاری ئەم کارە بوو و وەک دەسەڵاتی هەژموونی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەم کارەی کردووە. بە درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی وابەستە بە خۆی، هەژموونی خۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراند. هەر بەم هۆیەشەوە ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە دامەزراوانە ناتوانن ئاستی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تێ بپەڕێنن. بەڵام لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم، کە لە سەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی دامەزراوە، کۆمەڵایەتیبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەما و ڕێگەی بۆ گەشەسەندنی شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خۆش کرد. هەروەها پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تەنها لە ڕووی ‹سەرمایەداریی›ـیەوە لێ ناڕوانرێت، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پێش هەموو شتێک زیهنییەتێکە، شێوازێکی ژیانە، شارستانییەتێکی چینایەتیی مۆدێرن و دەوڵەتگەرێتییە کە دەیەوێت بەردەوامیی داگیرکەریی مسۆگەر بکات. کاکڵەکەی سڕینەوەی ژیانی دیموکراتیکی کۆموناڵ و گەشەسەندنی ژیانی تاکگەرایی و نەهێشتنی کۆمەڵایەتیبوونە. هەموو چەشنە ڕەتاندن و چەوتیی و چەپەڵییەک لە سەر ئەم بنەمایە دەکرێت.

دەوڵەت-نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەر بنەمای بیرۆکراسیی دەوڵەتی پێشتر یان ڕێسانووسە خانەدانە کۆنە هەڵوەشاوەکان، گەشەیان سەند. کاتێک خانەدانە عوسمانییەکان لە تورکیا نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا بگونجێنن، کۆمەڵەی ئیتیحادوتەرەقی، کە لە بیرۆکراسیی دەوڵەتەوە سەریان هەڵدا، سەرکردایەتیی ئەم قۆناغەیان کرد و بە پەرەپێدانی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا، بوون بە بەشێک لە سیستەمەکە. لە ئێرانیش بارودۆخێکی هاوشێوە هەیە. خانەدانە قاجارەکان هەڵوەشانەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی فارس لە سەر بنەمای ڕژێمی شا پەرەی پێ درا. لە لایەکی دیکەوە، لە کۆمەڵگه عەرەبییەکاندا پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوە بە شێوەیەکی سەرەکیی بە درێژایی هێڵەکانی خانەدانە کۆنەکان سەریان هەڵداوە. لە لایەکی ترەوە، ئینگلیزەکان کۆمەڵگەی عەرەبیان، کە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و جوگرافیاوە تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە، بە سەر زۆرێک لە دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا وەک پێویستییەکی سیاسەت دابەش کرد. هەر بەو هۆیەشەوە هاوپەیمانیی جۆراوجۆری لەگەڵ خانەدانی ئال سعوود و هاشمیدا کرد و چەندین دەوڵەت-نەتەوەیان لە عەرەبەکان دامەزراند. دەوڵەتی ئێراق لە ئەنجامی پێڤاژۆیەکی لەم ڕەنگە سەری هەڵدا. فەیسەڵ، كه ڕەچەڵەکی بۆ بنەماڵەی هاشمییەکان دەگەڕێتەوە، کرا بە پاشای ئێراق. لە ئوردنیش هەمان شت کرا. لە حیجاز پاڵپشتیی ئەو سعوودییانەی کرد وا بە نهێنی ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەستبوو و ئەویان کرد بە دەسەڵاتدار. لە لایەکی ترەوە، کوردستان لە نێوان دەوڵەت-نەتەوەکانی تورکیا و فارس و عەرەبدا دابەش کرا. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هیچ پێگەیەکی بە کورد نەدا و گەلی کوردی خستە نێو بەرداشی نکۆڵیی و لەناوچوونەوە. کۆمەڵکوژیی کورد ئاوا دەستی پێ کرد.

لە نێو ئەو چوار دەوڵەتە کۆڵۆنیالیست و داگیرکەرەی لە کوردستان دامەزران، دەوڵەتی تورک سەرکردایەتیی ژینۆسایدی کوردانی دەکرد. دەوڵەتی تورک بەبێ ئەوەی تەنانەت بچووکترین نەرمیی نیشان بدات، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ درێژە بە هەڵوێستی ژینۆسایدی خۆی بەرانبەر کورد دەدات و بە هیچ شێوەیەک بوونی کورد ناپەژرێنێت. نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستانیش لەم چوارچێوەیەدایە. ڕاستییەکەی تەنانەت باشووری کوردستانیش قەبووڵ ناکات و پەیوەندیی و دانوستانی لەگەڵ هێزەکانی باشوور بۆ ئەوەیە بمێنێتەوە و لە خەباتی دژ بە پەکەکەدا بەکاریان بهێنێت. مایەی تێگەیشتنە کە چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان – ئێراق، بە چوونە نێو ئەم پەیوەندییە بوو بە هاودەست و ڕۆڵی ناپاکانەی بینی. لەبەر دوو هۆ دەوڵەتی تورک زهنییەتێکی ئاوا توندی دوژمنکارانەی بەرانبەر کورد هەیە؛ هۆکاری یەکەم ئەوەیە لە سەر بنەمای تورکبوون، کە ئایدیۆلۆژیایەکی زۆر دەستکردە بۆ دەوڵەت-نەتەوه، وڵات و کۆمەڵگهیەک بنیاد بنێن. چونکە لەو جوگرافیایەی پێی دەوترێت تورکیا و هەوڵ دەدەن هەموو کەسێک بکەن بە تورک، جگە لە تورکمان، کورد و چەندین گەلی تریش دەژین.

هۆکاری دووەم ئەوەیە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پشتیوانیی لە سیاسەتی ژینۆسایدی کوردان بکات کە دەوڵەتی تورک پەیڕەوی دەکات. بەم شێوەیە، هێنانەناوەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆ کوردستان، لە سەر بنەمای ژینۆسایدی کورد، بە هۆی وێرانکارییەکی سەختەوە ڕووی دا. ئەم پڕۆسەیە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. بێگومان گەلی کورد توانی لەگەڵ خەبات و تێکۆشان دژی سیستەمی کۆڵۆنیاڵیزمی ژینۆساید بژی، کە هۆکارەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە و تا ئەمڕۆش دەتوانن لەگەڵ ئەم تێکۆشانەدا بژین.

دەرکەوتنی قۆناغێکی بەم ڕەنگە لە کوردستان، بە واتای پارچەکردنی کوردستان و هێشتنەوەی گەلی کورد بەبێ پێگە، بۆ ئەوەی گەلی کورد بە تەواوەتیی بهبێ بەرگریی بەرانبەر نەرێنییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بمێنێتەوە. خۆی لە خۆیدا ژینۆسایدی کورد پێشتر لە سەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگهی کوردیی پەرەی پێ دراوە. ئەمەش لەگەڵ پەرەسەندنی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا ڕووی دا، کە تایبەتمەندیی دابەشکردنی کۆمەڵگهی هەیە. بە پەرەپێدانی خراپترین تایبەتمەندییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، ژینۆسایدی کورد بەردەوام بوو، مەبەستیش لێی تەواوکردنی ئەم ژینۆسایدەیە. ئەمەش ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە كرا. دەوڵەتی تورک لە نێو دەوڵەتانی داگیرکەر و ژینۆسایدکاردا تا زۆرترین ڕاده ئەم کارەی كردووە. تێگەیشتن لە دابەشبوون و پارچەکردنی کوردستان و پێڤاژۆی نکۆڵیی و سڕینەوەی گەلی کوردستان، هەروەتر ژینۆسایدی کورد بە پێودانگی پەرەسەندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە کوردستان گرنگە، تا بتوانین بەرانبەر زیانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بجەنگین. پێویستە کۆمەڵگهی کوردیی لە هەموو کۆمەڵگهیەکی تر زیاتر دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و زیانەکانی بجەنگێت. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە ڕێبەر ئاپۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خستووهتە ژێر شیکارییەکی وردەوە و ڕوونی کردووەتەوە کە ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤ بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەبێت چۆن بێت. ڕێبەر ئاپۆ شێوازی ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤی نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتییش پێشکەش کرد. بۆیە ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهان لەبەرچاو دەگیرێن و قەبووڵ دەکرێن.

هاوکات لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوە ستەمکار و قڕکەرەکاندا، چینێک هەن کە پاڵیان بە کوردستانەوە ناوە تا بۆ نێو مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بخزێت. لایەن و کەسە سەرەکییەکانیش چینی دەسەڵاتداری کوردن. ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە کۆمەڵگهکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەکانەوە پەرەی پێ دراوە، بەڵام لە کوردستان، لەلایەن هاوکارەکانی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە پەرەی پێ دراوە. دەرکەوتنی ئەم جۆرە بەشانە بەرەنجامی پڕۆسەیەکی تایبەتە کە کۆمەڵگهی کوردی ئەزموونی کردووە. بێگومان لە مێژوودا، لە زۆرێک لە کۆمەڵگهکاندا چین و توێژە هاوکارەکان (بەکرێگیراو و نۆکەر) درووست بوونە. لە لایەکی ترەوە، لە کۆمەڵگهی کوردیدا چونکە ئەو بەشانە ئامانجیان دەوڵەت بووە، زیانەکانیان زیاتر بوون. دەشێت بڵێین بوون بە سیخوڕی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و داگیرکەری ژینۆسایدکەر. بۆ نموونە، بنەماڵەی بارزانیی ڕۆڵێکی وەها نەرێنیی و ناجێگیریان هەیە.

گەلی کورد خاوەنی کەسێتییەکی وەهایە کە بە قووڵیی کۆمەڵایەتیبوون دەژی. بە درێژایی مێژوو، زۆر لە چینایەتیدا نەژیاوە و هەڵوێست و شێوازێکی ژیانی لە سەر بنەمای پڕەنسیپی دیموکراتیکی کۆمیناڵ دامەزراندووە. بەڵام چینێکی دەسەڵاتداری تەسکیشی هەبووە. ئەو میراتانەی ئەم چینە باڵا و دەسەڵاتدارەیان دامەزراند، تا سەدەی نۆزدەیەم بەردەوام بوون. بەڵام لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەگەڵ گەشەسەندنی سیستەمی دەوڵەتی ناوەندیی، لە چوارچێوەی پلانی بنیادنانی سیستەمێکی ناوەندییدا، عوسمانیی و سەفەوییەکان هەوڵی نەهێشتنی میرنشینە کوردییەکانیان دا. ئەم دۆخەش لە نێو چینی دەسەڵاتدارانی کورددا کاردانەوەی لێ کەوتەوە و بووە هۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایی. کاتێک ڕاپەڕینەکان بە ڕێبەرایەتیی میر و شازادە کوردەکان شکستیان هێنا، ئەم جارە چینی دەسەڵاتدار کە ئیمتیازاتەکانیان لە دەست دا، دەستیان کرد بە هاوکاریکردن. ئەمەش وای کرد ڕۆڵێکی زۆر چەوت بگێڕن. دۆخێکی هاوشێوە لە مەزهەبەکاندا ئەزموون کراوە. کاتێک تەریقەتەکان سەرکردایەتیی هەندێک سەرهەڵدانیان کرد و شکستیان خوارد، هاوشێوەی چینی دەسەڵاتدار، دەستیان کرد بە هاوکاریی. ئەمەش تایبەتمەندییەکی سیمای چینە باڵادەستەکانە، کە شێوەی وەرگرتووە. لە کوردستان دەیان بنەماڵە و تەریقەت و بازنەی لەو چەشنە هەن. بەرانبەر کۆمەڵێک ئیمتیازات و سامان و پارە، دەچنە نێو هەموو جۆرە هاوکاریی و ناپاکیی و سیخوڕییەکەوە. بەم شێوەیە، دەبنە هەوێنی داگیرکردنی کوردستان و تواندنەوەی گەلی کورد. ئەوان تەنها دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان و شۆڕش ناوەستنەوە، بەڵکوو دەچنە بەرەی دوژمن. بۆ نموونە، ئەوانەی ناوی جیاوازیان هەیە، لە داگیرکردنی ڕۆژاڤای کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕۆڵیان هەبووە. کاتێک دەوڵەتی تورک دیمۆگرافیای گۆڕی و کوردەکانی لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی کۆمەڵکوژ کرد، کاتێک هێزی شۆڕشگێڕی ڕۆژاڤا خەریکی ڕزگارکردنی ئەو ناوچە داگیرکراوانە بوون، نووسینگەی فەڕمییان کردەوە و پاساویان بۆ ژینۆساید و داگیرکارییەکە هێنایەوە. لە باکووری کوردستانیش کەس و بازنە هەن ڕۆڵێکی هاوشێوە دەگێڕن و لە تەنیشت دەوڵەتی داگیرکەر و ژینۆسایدکەر و ڕژێمی ئاکەپە - مەهەپەوە وەستاون. ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق لە باشووری کوردستان ڕۆڵێکی بەو ڕەنگە دەگێڕێت. كار بۆ ئازادیی گەلی کورد ناکات، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و ئیمتیازەکانی خۆی هەڵسوکەوت دەکات و بەو هۆیەوە دەچێتە نێو گشت جۆرە هاوکاریی و پەیوەندییەکی سیخوڕییهوه لەگەڵ دوژمن. ئەگەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵگه ناودێر بکەین، تاک لە کۆمەڵگه و ئەو بەهایانە دادەبڕین کە تێیدان، کە واقیعەکەیانه، ئەوانەی بناغەکەی ئامادە دەکەن و بەدی دێنن؛ ئەمانە بریتین لە بەش و دامەزراوە و خێزان و بازنەی هاوبەش.

تەریقەت (مەزهەب) و کۆمەڵەکان (گرووپە ئایینییەکان) دووەمین ئەو توخمانەن کە ڕۆڵی خۆیان لە بڵاوبوونەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە کوردستان بینیوە. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خاوەنداریی و پاڵپشتیی ئەو مەزهەب و پێکهاتانەیان دەکرد وا بە ڕەتاندنی ئایین و بیرۆکەی ئایینی گەشەیان سەند. بە تایبەتیی پاش ئەوەی  لە دوای پەنجاکانی سەدەی ڕابوردووەوە ئەو ڕژێمە هاوکارانەی ئینگلیزەکان دایان مەزراندبوون، بە کودەتا ڕووخێنران و بلۆکی سۆسیالیستی جێگەی گرتنەوە، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پشتیوانییان لە بزووتنەوە ئاینییەکان کرد تا ڕێگریی لە گهشەسەندنی سۆسیالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئەو هێزەی ئەم سیاسەتەی پەرە پێ دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا بوو. ئەمهریکا لە سەر ئەم بنەمایە پەرەی به بزووتنەوەی وەهابیی و سەلەفیی و ئیخوانیی داوە. بەم شێوەیە، ڕێکخراوەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش سەریان هەڵدا. ئەم ڕێکخراوە سیخوڕیی و هاوکارانە بە ناوی ئیسلامەوە خزمەت بە بەرژەوەندیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەکەن، هەم زیانیان بە کۆمەڵگه گەیاندووە و هەمیش بە نەریتی ئیسلامیی. لە نێو کۆمەڵگهدا بە هەموو شێوەیەک، پارە و کاڵا و مۆڵ و موڵک لە ژێر ناوی ئایین و باوەڕدا بوونە هۆی پەرەسەندنی تاکگەرایی و ماتریاڵیزم و ڕیبا و هەلپەرستیی. لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە زیانی گەورەیان گەیاندووە.

ئەمڕۆ زۆرێک لە بانکەکان، هۆڵدینگەکان و کۆمپانیاکان لە بنەڕەتدا لەلایەن مەزهەب و کۆمەڵهکانەوە خاوەندارێتیی دەکرێن. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و زلهێزە دەسەڵاتدارەکان لە کوردستان پەرەیان بە تەریقەت و پێکهاتەکان داوە و پاڵپشتییان دەکەن. لە کاتێکدا مەزهەب و کۆمەڵە لە کوردستاندا، لە لایەکەوە کۆمەڵایەتیبوون و ئەخلاق لەناو دەبەن و بوون بە هۆی پەرەسەندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، لە لایەکی ترەوە خزمەت بە کوشتنی کورد دەکەن. کاتێک تەڤگەری ئازادیی لە باکووری کوردستان پەرەی سەند، ڕێکخراوێکی بکوژ و سیخوڕ بە ناوی حیزبوڵڵا درووست بوو، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق دژی شۆڕشی کوردستان بەکار هێنرا. بە دەستی خۆیان هێرشیان کردە سەر گەل و کۆمەڵکوژییان كرد. خەڵکی کوردستان ئەم تۆڕە سیخوڕییە بکوژەی بە تەواوی ستراکتۆرێکی کۆنترایە، بە ‹حیزبولکۆنترا› ناو دەبەن. ئێستا دەوڵەتی تورکیا پاڵپشتیی ‹حیزبولکۆنترا› دەکات و دەخوازێت لە کوردستان بچێتە سەر دەسەڵات. پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق (پەدەکە)ـش هاوپەیمانی حیزبوڵکۆنترایە.

لەلایەکی تریشەوە، دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی فاشیزمی تورک - ئیسلامیزمەوە مەزهەب و کۆمەڵەکانی باشووری کوردستان جڵەو دەکات و هەوڵ دەدات دژی شۆڕش و هێزە نیشتمانپەروەرەکان بەکاریان بێنێ و خزمەت بە سیاسەتەکانی ژینۆسایدی کورد بکات. بەم پێودانگە، سەروەت و سامان و پارەی زۆریان بە سەردا دابەش دەکرێت. ئێمە دەزانین هەندێک پێکهاتە و مەزهەب، کە خۆیان بە ڕێکخراو و بزووتنەوە ناو دەبەن، لەگەڵ ئاکەپە و میت لە گفتوگۆدان. ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراقە پەیوەندیی مەزهەب و کۆمەڵەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕێک دەخات و دەیەوێت خزمەت بە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی کورد بکات. ئەوانیش وەک بنەماڵەی بارزانیی لە شارە گەورەکانی تورکیادا پارە و موڵکیان هەیە.

پێش شۆڕشی ڕۆژاڤای کوردستان مەزهەب و کۆمەڵەکان بە سەر کۆمەڵگهدا زاڵ بوون. ئەو مەزهەب و کۆمەڵانە کۆسپیان بۆ هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگه دەسازاند. کاتێک کەسایەتییەکی ڕاستگۆ و بوێری وەک ‹شێخ مەعشوق› ڕۆڵی ئەو مەزهەب و کۆمەڵانەی ئاشکرا کرد، دەوڵەت و هێزە هاوکارەکانی کردیان به ئامانج و کوژرا. نموونەی وەک شێخ مەعشوق زۆرن. ڕێبەر ئاپۆ پەرەی بە تێگەیشتنی ئیسلامی دیموکراتیک دا؛ تا شکست بەو سیاسەتەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و هێزە چەوسێنەر و تێکدەرەکان بهێنێت وا لە ڕێگەی مەزهەب و کۆمەڵەی بازرگانانی ئایینیی ساختەوە پەرەیان پێ دراوە، ئیسلامی دیموکراتیک لە سەر بناغەکانی ئیمان و فۆرمە ئەخلاقیی و کەلتوورییهكانی کۆمەڵگه بنیاد نراوە. لەگەڵ پەرەسەندنی تێگەیشتن لە ڕێکخستنی ئیسلامی دیموکراتیک، لە لایەکەوە بەشداریی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییدا دەکات، لە لایەکی ترەوە دژی سیاسەتەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و داگیرکەریی دەوەستێتەوە.

بەشێکی تر کە لە کوردستاندا ڕۆڵی لە پەرەپێدانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا هەبووە، چینی ناوینی کوردە. لەگەڵ پەرەسەندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا لە کوردستان، پێبەپێ چینێکی ناوەندی لاواز سەری هەڵدا. ئەم بەشەی کۆمەڵگه هاوشێوەی چینی سەرەوە، کە ڕۆڵێکی نەرێنییان لە کوردستان گێڕا، ئێستا هەمان ڕۆڵ دەگێڕن. ئەم چینە دەرئەنجامی پەرەپێدانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، خاوەنی تایبەتمەندییەکی وەهایە کە  ڕابەرایەتیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەکات. بنەڕەتیترین نەرێنیی ئەم چینە ئەوەیە؛ وێڕای کاریگەریی پەرەسەندنی تێکۆشان، کەچی خەبات لاواز دەکات. بەرانبەر هەلومەرجی سەختی تێکۆشان و خەبات لە کوردستان، خۆی بە دوور دەگرێت و دەبێت بە ئاستەنگ لە لەسەر ڕێی خەباتی کۆمەڵگه. دووەم خراپەکاریی ئەم چینە ئەوەیە؛ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە ئەرێنیی هەڵدەسەنگێنێت. لە شێوازی ژیاندا، لە گەشەکردنی زیهنییەت و شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ناو کۆمەڵگهدا پێشەنگایەتیی دەکات.

پەکەکە بە پشتبەستن بە بنەما و پرەنسیپەکانی، هەردوو هێڵی ڕەت کردەوە و بە تێکۆشان ڕووبەڕوویان بووەوە، جا سەرهەڵدانی هێڵی ئازادیی لە کوردستان و گەشەپێدان لە سەر ئەم بنەمایە دەستی پێ کرد. پاش دەرکەوتنی پەکەکە، ئیدی ئەو دوو هێڵە لە کوردستان لاواز بوون و هێڵی نیشتمانپەروەریی لە سەر بنەمای ئازادیی زاڵ بوو.

پێویستە ڕاوەستەیەکی تایبەت لە پەرەپێدان و کاریگەرییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەسەر ئێراق و باشووری کوردستان بکرێت. ئێراق لە ڕووی پێگەی ژیۆپۆلەتیکیی و سەرچاوەی وزەوە گرنگترین وڵاتە بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی.

یەکێک لە ئاڵۆزترین و قەیراناویترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێراقە. تەنانەت دامەزراندنی وەک دەوڵەتیش بووە بابەتی مشتومڕ و قەیران. دەوڵەتی تورک، کە باشووری کوردستان وەک خاکی خۆی دەبینێت، ویستی خاکی باشووری کوردستان بخاتە نێو سنووری خۆیەوە. چونکە باشوور لە نێو ئەو سنوورەدایه وا پێی دەڵێت میساقی میللیی. بەڵام بەریتانیا ئەمەی قەبووڵ نەکرد و باشووری کوردستانی بەو ئێراقەوە لکاند وا بنەماڵەی هاشمییەکان دایانمەزراند. دەوڵەتی تورکیا، بەو مەرجەی وەک بەشێک لە ئێراق بمێنێتەوە و کورد بێپێگە بهێڵرێتەوە، بەمە ڕازیی بوو. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ترسا گەر پێداگریی لە هەڵوێستی خۆی بکات، ئەوا ڕەنگە بەریتانییەکان پشتیوانیی کوردان بکهن و دەوڵەتێکیان بۆ بنیاد بنێن. لەبەر ئەوەی ترسی ئەمەی لێ نیشتبوو، لە سەر بنەمای ژینۆسایدی کورد لەگەڵ ئینگلیزەکان ڕێک کەوتن. بە تایبەت پاش دەرکەوتنی بزووتنەوەی ئازادیی و گەشەپێدانی شۆڕشی ئازادیی کوردستان، سەرلەنوێ هەڵوێستی خۆی لەبارەی داگیرکردنی هەرێمەکانی سنووری میساقی میللییهوه هەمووار کردەوە. ڕژێمی ئاکەپە - مەهەپە هەوڵ دەدات ئەم ئامانجە بهدی بێنێت. خۆی لە خۆیدا بۆ ئەم ئامانجە هێنرایە سەر دەسەڵات.

دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق زۆر قورس بوو. دەوڵەتی ئێراق بۆ ئامادەکردنی وەک دەوڵەتی گەورەی دەوڵەت-نەتەوەی عەرەب، کە لەلایەن بەریتانییەکانەوە بەڵێنی پێ درابوو؛ ئامادە دەکرا. فەیسەڵ وەک پاشای دەوڵەتێکی نەتەوەیی عەرەبی ئامادە کرا، بەڵام دواتر لە سووریا کرا بە پاشا، خاکی سووریاش بۆ فەڕەنسا جێ هێڵرا، وەک پاشا ڕەوانەی ئێراق کرا و لەوێ دامەزرا. شانشینی ئێراق بە تەواوەتیی لە کۆمەڵگه دابڕاوە، سەرشارە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی. چینی ناوەڕاست، هاوشێوەی شانشینەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا لە ئێراق گەشەیان سەند، سیستەمی پاشایەتییان هەڵوەشاندەوە. ئەوان سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی پێشکەوتووتریان پێک هێنا. هەرچەندە ئەو هێزانەی سیستەمی پاشایەتییان لەناو برد، کاردانەوەی ڕادیکاڵیان دژی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە تایبەتیی بەریتانیا نواند، بەڵام ئەوان زیاتر پەرەیان به ناسیۆنالیزم داوە و بوون بە هۆکاری ئەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ناو کۆمەڵگهدا زیاتر بنج بکوتێت. ڕاستییەکەی دەوڵەت-نەتەوە بنەڕەتیترین ئامڕازی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. لەگەڵ پەرەسەندنی دەوڵەت-نەتەوەدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییش پەرە دەستێنێت. پارتی دیموکرات ڕژێمی کەمالیستیی لە تورکیا هەڵوەشاندەوە، بزووتنەوەی ناسر (جەمال عەبدولناسر) لە میسر، بەعس لە سووریا و ئێراق دەرکەوتن، ئەمانە نموونەی بەرچاون. مرۆڤ دەتوانێت بزووتنەوەی خومەینییش، کە ڕژێمی شای لە ئێران هەڵوەشاندهوه، لە ڕیزی ئەم پێڕە پۆڵێن بکات. بە هۆی ئەو ڕژێمانەی پێش ئەم بزووتنەوانە لە چینی سەردەستی کۆمەڵگه پێک هاتبوون، ئەو سیستەمەی زیاتر پەرەیان پێ دا، لە کۆمەڵگهدا بڵاو نەبووەوە. بەڵام کاتێک ئەو بەشانەی چینی ناوەڕاست، کە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر هاتنە سەر دەسەڵات، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی زیاتر لە کۆمەڵگهدا بڵاو بووەوە.

لەبەر ئەوەی کوردستان بە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پارچە و دابەش کرا، بەریتانیا وەک لایەنێک بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی کورد و تایبەتی بزووتنەوەکانی باشووری کوردستان ڕۆڵی گێڕاوە. ئینگلیزەکان خۆیان سەرهەڵدانی شێخ مەحموود بەرزنجییان سەرکوت کرد. لە ئۆپەراسیۆنی دژی هەرێمی بارزان، ئینگلیزەکان پشتگیرییان لە دەوڵەتی ئێراق کرد و بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکان بوون، بەڵام کاتێک شانشینی ئێراقی لایەنگری بەریتانیا لەنێو چوو، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی سیاسەتی خۆیان لە ئێراق گۆڕی. دوای ئەم قۆناغە، بەریتانیا و ئەمهریکا و ئیسرائیل پشتگیرییان لە بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەوڵەتی ئێراق کرد، بە تایبەتیی عەرەبە ئیسرائیلییەکان بە ئامانجی لاوازکردنی دەوڵەتەکەیان و ئاستەنگکردنی یەکێتیی وڵاتە عەرهبییەکان، سیاسەتێکی تایبەتیان پەیڕەو کرد.

لەم چوارچێوەیەدا پشتگیرییان لە بارزانی و پەدەکە کرد. ڕاستییەکەی عەبدولکەریم قاسم، کە لە سەر چارەسەری پرسی کورد و شانبەشانی کوردان سیستەمی پاشایەتییان هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەی نزیک بوو لە چارەسەر، بەڵام جارێکی تر شەڕ و ململانێ دەستیان پێ کرد؛ ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی ئەمهریکا و ئینگلتەرا و ئیسرائیل هاتە کایەوە. هەر لەو قۆناغەوە پەدەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە. ئەمڕۆش پەدەکە لە ژێر جڵەوی هێزە بیانییەکاندا جموجووڵ دەکات. هەوڵ دەدات پشت بە هێزە بیانییەکان ببەستێت و بەردەوام بێت لە بوونی. بێگومان ئەم سیاسەتەش لە ڕێی قوربانیکردنی کوردستان و گەلی کوردەوە دەكات. هێزە دەرەکییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە ئێراق و کوردستان، پشتگیریی پەدەکە دەکەن. مسۆگەر لەم ڕووەوە زۆرترین دەسەڵات كه لە کوردستان پەرە بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەدات، پەدەکەیە. پەدەکە و بارزانیی هەم پەرە به مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و هەمیش ژینۆسایدی گەلی کورد دەدەن. ئێمە دەبێت باش لە دامەزراندنی ڕێکخستن و دەزگا و دامەزراوەکانی باشووری کوردستان تێ بگەین.

کاتێک هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ساڵی ١٩٧٥ لە ڕێگەی ئێرانەوە لەگەڵ سەدام گەیشتنە ڕێکكەوتنێك، پشتیوانیی خۆیان لە پەدەکە کشاندەوە، پەدەکە ڕادەست بوو و گەلیش ڕووبەڕووی مردن بووەوە. کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق (PDK) بە ڕوونیی ناپاکیی کرد و تەسلیم بوو، هێزە نیشتمانپەروەرەکان بەردەوام بوون لە خەبات و ڕێگهیان له لەناوبردنی خەڵکی باشووری کوردستان گرت. بەڵام دوای ئەوەی پەکەکە دامەزرا و پهرهی به شۆڕشی ئازادیی کوردستان دا، ئەوا هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتداریی خۆیان لە کوردستان، پەدەکەیان زیندوو کردەوە و دژی گەشەسەندنی شۆڕشی ئازادیی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی پەکەکەدا، بەکاریان هێنا. لە کوردستان، دەزگای فیدراسیۆن بەو شێوەیە سەری هەڵداوە. بۆ ئەوەی ڕێگریی لە شۆڕشی کوردستان بکرێت، دامەزراندنی فیدراسیۆن سەری هەڵدا و پەدەکەیان کردە سەردەست. بەم شێوەیە هەوڵیان دا سەردەستیی و بەرژەوەندییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە کوردستان بپارێزن. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی دژی پەکەکە بووەستێتەوە و ڕێگریی لە گەشەی شۆڕشی کوردستان بکات، ئەو فیدراسیۆنەی باسمان کرد، پەسەند کرد. ئەوەی بە ئاشکرا دیارە، ئهوهیه دامەزراندنی فیدراسیۆن لە باشووری کوردستان، بنیادنانێکە و لەلایەن هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەتی تورکەوە دژی شۆڕشی ئازادی کوردستان پەرەی پێ دەدرێت، بە ناچاریی پەسەند کراوە و پەرەی پێ دراوە. ئەمەش لە ئەنجامی خەباتی پەدەکە نییە. بە خەبات و تێکۆشانی گەل و هێزە نیشتمانپەروەرەکان و پەرەپێدانی شۆڕشی ئازادیی کوردستان پێک هاتووە. بەڵام پەدەکە بە پشتیوانیی هێزە بیانییەکان دەسەڵاتی پاوان کرد و ئەو پێگەیهی لە ئارادایە، بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری هێنا. گەلی کورد باش دەزانێت بارزانیی و دەوروبەری پەدەکە بە چ شێوەیەک خەریکە لە ناو دەوڵەمەندیی و گەندەڵییدا دەخنکێن.

ئێستا بە هۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە هاوسەنگییدا ڕوو دەدەن، بنەماڵەی بارزانیی و پەدەکە دەڵێن دۆخی باشووری کوردستان لە مەترسییدایە. بەڵام لە واقیعدا ئەوەی لە مەترسیدایە، ئەو پێگه و دەسەڵاتەیە وا لەلایەن بارزانی و پەدەکەوە پەرەی پێ دراوە. زۆر ڕوونە ئەم دامەزراندنە لەژێر ناوی «قەوارە – پێگە»ـدا، بە هیچ شێوەیەک لە خزمەتی کوردستان و گەلی کورددا نییە، بەڵکوو خزمەتێکی تایبەت بە بارزانیی و پەدەکە و هاوکارەکانی دهكات.

بارزانی هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی ناسیۆنالیزم و کوردایەتیی، دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت. ئاشکرایە کوردایەتیی بۆ پەدەکە ئامڕازێکە. لە لایەکی دیکەوە، دۆخی گەلی کورد بە ئاشکرا لەبەر چاوە. کاتێک پەدەکە ئەم شتانە بە ناوی ستاتۆی هەرێمەوە دەكات، ئەوا هێزەکانی تر لەم ڕووەوە ناتوانن پەدەکە ڕاوەستێنن و هەڵوێست دژی ئەمە وەربگرن. بێگومان مەحاڵە ناوەندێکی لەو جۆرە خزمەتی کوردستان بکات. لە بنەڕەتدا سیاسەتی زلهێزە دەرەکییەکان و بەرژەوەندییەکانیان لە ئێراق و کوردستان، هەندێک کەس و دەوروبەری چاوبرسیی، بنەماڵەی بازرگانەکان و ئیمتیازدار کە دوورن لە کۆمەڵگه و بە تایبەت بارزانییەکان، بە بنەما دەگرن. ئەمە یەکێکە لە شاپایەکانی بڵاوبوونەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە کوردستان. ئەوەی پێویستە لە دژی ئەم ڕاستییە بگیرێتە بەر، گۆڕانێکە لە سەر بنەماکانی دیموکراتیزەکردن. بەمەش لە خزمەتی بەشێک و هێزە بیانییەکان دوور بخرێتەوە و ببێت بە هەرێمێکی دیموکراتیکی زیندوو.

ئەمڕۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە بانگەشەی کۆمەڵایەتیبوون، تاکگەرایی و ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگه دابڕاون و بۆ ژیانی ماددیی و پارە دەگەڕێن، کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگه و تاکەکان پەرە پێ دەدات. لە کوردستان ئەم کارە لە سەر بنەمای ژینۆسایدی کورد دەكرێت. بەم مانایە، زیانەکانی لە کوردستان زیاتر و وێرانکەرتر دەبن. لەگەڵ پەرەسەندنی فەرهەنگ و شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، نەک هەر کۆمەڵگه و کۆمەڵایەتییبوون نامێنێت، بەڵکوو کوردایەتییش بەمە کۆتایی پێ دێت. ڕاستییەکەی کوردایەتی دیاردەیەکی پەیوەستە بە کۆمەڵایەتییبوونهوه. بەبێ کۆمەڵایەتییبوون کورد بوونی نییە. ئێستا دوژمنی داگیرکەری ژینۆسایدکەر ئامانجی ئەوەیە بە کەڵکوەرگرتن لە زیانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە سەر کۆمەڵگه و تاکەکان، ژینۆسایدی کورد بكات.

مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆ باشترکردنی کاریگەرییەکانی، سیاسەت بۆ ئەم ئامانجە دادەڕێژێت و پێشی دەخات. ئەمە ‹شەڕێکی تایبەتە› و لە لایەن دوژمنەوە پەرەی پێ دەدرێت. بۆیە شەڕی تایبەت زۆر قورس و وێرانکەرە. بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو جۆرە ئارگیومێنتێکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ڕێگهکانی تێکدانی تاک، ئامانجی نەهێشتنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و هۆشیاریی لەمهڕ دوژمن و نیشتمانپەروەریی و خەبات و هۆشیاریی ئازادییە، سا لەسەر ئەو بنەمایە ڕادەستبوونی کۆمەڵگهیە. ئامانجی لەناوبردن و وێرانکردن و فڕێدانی ئەو کۆمەڵگهیەیە وا تەسلیم بووە. بەمەش ئومێدەوارە و ئامانجیشیییەتی کورد کۆمەڵکوژ بكات. بێگومان سیاسەتی شەڕی تایبەت خۆی لەگەڵ هێرش و لەشکرکێشیی و کۆمەڵکوژیی بەڕێوە دەبات. سەرەتا هێرش بۆ سهر گەل و گەریلا و هەموو قەڵاکانی بەرخۆدان دەکات و بە لەناوبردنیان خوازیارە کۆمەڵگه بێبەرگریی و ناڕێکخراو و بێزیهنییەت بمێنێتەوە. هێرشەکانی دوژمن و سیخوڕ و هاوکارەکانیان دژی هێزی گەریلا پەیوەندیی بەمەوە هەیە. گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەر ئاپۆش پراکتیزەیەکی تایبەتی شەڕی تایبەتە. بۆ ئەوەی گەلی کورد لە تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ بێبەش بهێڵن و چاوەڕێی ئەوەن کورد هەڵە بکات و بێبڕیار لە خەباتدا بژی. پێویستە مرۆڤ بزانێت دوژمن سیاسەتێکی وەهای هەیە، لەم ڕووەوە یەکگرتوویی لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ و خەبات بۆ تێکشکاندنی سیاسەتەکانی دوژمن و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، زۆر گرنگە.

ژنان و گەنجان لە پێشینەی ئامانجەکانی شەڕی تایبەتی دوژمنن، چونکە ژنان و گەنجان هێزی بنەڕەتیی کۆمەڵگهن. لە لایەکی تریشەوە، دینامیکی تێکۆشان، ژن و گەنجن. ڕێبەر ئاپۆ تایبەتمەندیی ژنان و گەنجان وەک ڕێبەرانی تێکۆشان و ئازادیی نیشان دەدات. ئەم ڕێبازەی ڕێبەر ئاپۆ گوزارشت لە دەستپێک و داهێنانێک دەکات. هەر بەو هۆیەشەوە ئەو ژنە کوردەی پێشکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە، نەک هەر بۆ خۆی بووەتە سەرکردە، بەڵکوو بووەتە پێشەنگێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا. لاوانی کوردیش لە دۆخێکی وادا دەژێن و دەبنە ناوەندی شۆڕش و گۆڕانکارییەکان، چونکە هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەم دۆخە دەزانن، بە تایبەتیی سەرنجیان لە سەر ژنان و گەنجانه و بۆ تێکدانی خەباتی ژنان و گەنجان  پەنا بۆ گشت میتۆدێک دەبەن. دوژمن بە شێوەیەکی هەڕەمەکیی نایکات، هەوڵی ئەوە دەدات بە پەرەپێدانی کەلتوور و شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەم کارە بكات. دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵایەتییبوون، تاکگەرایی و ژیانی تێکچوو (بێسەروبەر) و لومپەن وەک ئازادیی دەبینرێت. هونەر، وەرزش، تەکنەلۆژیا، هەموو شتێک کە خەیاڵ دەکرێت، دەکرێتە ئامڕازێکی ئەم سیاسەتە. لە کوردستان پەرە بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشیی و سیخوڕیی دەدات. باشووری کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی ئەم سیاسەته و جێبەجێکردنیشی زۆرترین زیانی پێ دەگەیەنێت. هۆکاری ئەمەش بوونی کەسانێک و ئەو دەوروبەرەیە وا بە زیهنییەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەسووڕێنەوە و هاوکاریی دوژمن دەکەن... پەدەکە خۆی ئافرێنەری ئەم سیاسەتەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق (PDK) لەپێناو پاراستنی ئەو سیستەمە بەرژەوەندیپارێزەی دایمەزراندووە و بۆ ئەوەی ڕێگریی لە ناڕەزایەتییەکی بەهێزی کۆمەڵگه بکات، هەموو جۆرە ژینۆسایدێکی کۆمەڵایەتیی دەنوێنێت.

هۆکاری کۆچبەریی لە کوردستاندا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ئەو شەڕە تایبەتەیە وا دوژمن بەڕێوەی دەبات. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پەیوەندیی تاک لەگەڵ کۆمەڵگه و خاک و نیشتمان دەپسێنێت و بەدوای پارە و ماددییەت و کۆنفۆرمیزم (ملدان، یان خولانەوە بەپێی پەیڕەو یا یاسایەکی دیاریکراو) و ژیانی تاکەکەسیی پێش دەخات. دوژمنیش لە ڕێی کۆچبەریی ئەنقەست و پلانڕێژەوە ئامانجی وێرانکردنی کوردستانە؛ لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا، پاڵ بە کوردەوە دەنێت تا کوردستان بەجێ بهێڵێت، ئێستا ئەمە پێش دەخات. زۆربەی گەنجان کۆچبەرن. یەکێک لە پێوەرە بنەڕەتییەکانی ژینۆسایدی کورد ئەم سیاسەتەی کۆچبەرییەیه. باشووری کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی ئەم سیاسەتەی لێ جێبەجێ دەکرێت. لە کاتێکدا بنەماڵە و بازنەی هاوکارەکانیان لە ژیانێکی لوکس و شکۆمەندیدا دەژین، گەنجان لە هەژاریی و ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا دەمێننەوە و سەرەنجام ڕوو لە ئەورووپا دەکەن. لە بەرانبەر ئەمەدا با واز لە پەرەپێدانی خەبات و سیاسەتیش بێنین، کەچی تەنانەت باسی ئەمەش ناکەن. چونکە ئەمە دەرئەنجامی بەرژەوەندیی و سیاسەتی هاوکارییەکانی پەدەکەیە.

ئەو هەژارییەی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان تێیدا دەژێت، بە باشیی دەزانرێت. بە بڕینی بەرهەمهێنان و فڕێدانیان بۆ نێو دۆخی چاوەڕوانیی، خەڵکیان تووشی نائومێدیی کرد. ئەمەش دەرئەنجامێکە زیهنییەت و شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دروستی کردووە. بە ئاشکرا و بە زەقتریین شێوە ئەمە لە باشووری کوردستان ئەزموون دەکرێت. کۆمەڵگه تەواو لە بەرهەمهێنان دابڕاوە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە باشووری کوردستان. زۆر جار باسی ئەوە دەکرێت پێویستە بۆ چارەسەری هەژاریی، هەقدەست بدرێت یان زیاد بکرێت. بەڵام ئەو دۆخەی باسی لێوە دەکرێت، لە ئێستاوە دەرئەنجامی ئەم پراکتیزەیەیه. ئەوەی پێویستە بکرێت، ڕزگارکردنی ئابوورییە لە چەقی قۆرخکاریی و پەرەپێدانی ئابووریی کۆمەڵایەتیی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە. دەرچوون لە قەیرانەکە و ڕاستکردنەوە تەنها بە زیادکردنی مووچە ناکرێت، بەڵکوو بە جێبەجێکردنی ئەمانە دەکرێت. بێگومان نەک تەنها لە باشووری کوردستان، بەڵکوو پێویستە لە هەموو شوێنێک ئەمە بکرێت.

مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە ڕەتاندنی سۆز و بەراوەژووکردنەوەی بیرۆکە و هەقیقەت لە کوردستان و سەرانسەری جیهان، کار دەکاتە سەر کۆمەڵگه و تاکەکان. پێش هەموو شتێک دژایەتیی ئازادی دەکات. بە ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزم، مرۆڤ، کە واقیعێکی کۆمەڵایەتییە، تاکگەرایی و ژیانی تاک وەک ئازادیی دەخاتە ڕوو. بەم شێوەیە، هەستی درۆینەی ئازادیی درووست دەکات و تاک لە کۆمەڵگه دادەبڕدرێت. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە زاڵبوون بە سەر ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگه دابڕاون، خۆی جێگیر کردووە. یەکێکی تریان پاوانکاریی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە لە سەر زانست و تەکنەلۆژیا. لە بنەڕەتدا زانست و تەکنۆلۆژیا بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی لەلایەن کۆمەڵگهوە پەرەیان پێ دراوە؛ بەڵام مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پاوانکاریی لە سەر زانست و تەکنەلۆژیا بنیاد نا و کردی بە ئامڕازی لەناوبردنی تاک و کۆمەڵگه. تا ئێستا هیچ سیستەمێک بە ئەندازەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پاوانی زانست و تەکنەلۆژیای لەم ئاستەدا نەکردووە. ئەمەش یەکێکە لەو تایبەتمەندییە سەرەکییانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی مەترسیدار دەکات. ئەمڕۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و تەلەفۆن و ئینتەرنێتەوە کۆمەڵگه ئاڕاستە دەکات و بەڕێوەی دەبات. میدیای دیجیتاڵ لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە ژیانی مەجازیی، کەلتووری نمایش و پۆڕن بڵاو دەکاتەوە، کۆمەڵگه دەتوێنێتەوە، ئالوودەبوون و کۆیلایەتیی پێش دەخات. بە هۆی بوونی هێزی خیانەتکاری هاوکاری دوژمن لە کوردستان، کە ئامانجیان قڕکردنی کوردە، وێرانکاریی و ماڵوێرانیی زۆر زیاتر پەرە دەسەنێت. تێکۆشان دژی زیهنییەت و شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، بنەمای شۆڕش و ئازادییە. ئازادیی و ژیانی واقیعیی لە سۆنگەی زاڵبوون بە سەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و تێکشکاندنی دوژمنی ستەمکار و ژینۆسایدکەر و هێزە هاوکار و خیانەتکارەکان، بەدەست دێت.

پێویستە وەک گەورەترین هێرش بۆ سەر کوردایەتیی لە ژیان و زیهییەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تێ بگەین. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها ناوەندی شارستانییەتی چینی دەوڵەتگەرا و شارستانییەت و دەسەڵاتی ناوەندیی نییە، بەڵکوو ناوەندی ژیانی دیموکراتیی کۆمیناڵە. گەلی کورد پێشەنگایەتیی شۆڕشی نیۆلیتیکی کرد، کە بە واتای ژیانی کۆمیناڵ و دیموکراتیک دێت. بۆیە کۆمەڵایەتییبوون لە نێو کورددا زۆر بەهێزە. کەلتووری کۆمەڵایەتیی ئێمە ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیکی بەنرخی هەیە نەك تاکگەرایی و ژیانی تاکەکەسیی. ئەم ڕەهەندە بنەمای ژیانێکی ڕاستەقینە و واتادار و ئازادە. پێچەوانەی ئەم ڕێگهیە هەژموون و ڕەتاندن و کۆیلایەتییە. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی نوێنەرایەتیی کەوتووترین دۆخی خۆی دەکات. بۆیە ژیان لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا بووه بە قەیران. هاوکات لەگەڵ وێرانکردن و لەناوبردنی کۆمەڵگه و مرۆڤەکاندا، لەناوبردنی سرووشتیش وا لە گۆڕێ. بەوپێیەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە بنەڕەتدا هێرشێکە دژی کۆمەڵایەتییبوون، کۆمەڵگهی کوردیی بە قووڵیی کۆمەڵایەتییبوون دەژی، زۆرترین ئازار و کڵۆڵیی چەشتووە. ڕەگوڕیشەی کوردایەتیی لە کۆمەڵایەتییبووندایە. مەحاڵە باسی بوونی کوردایەتییەکی دابڕاو لە کۆمەڵگه بکرێت. بۆیە وەک کۆمەڵگهی کوردیی دەبێ دژی زیهنییەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و شێوازی ژیانی سەرمایەداریی بجەنگین و ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤ دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پەرە پێ بدەین، بۆ ئەمەش ڕێبەر ئاپۆ پەرەی بە تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دا. پێویستە تا دەتوانین، گفتوگۆ لەمەڕ ئەوە بکەین و لەسەر ئەو بنەمایە ژیان ئاوەدان بکەینەوە."