بەهۆی گەندەڵی، کوشتن، ئەشکەنجە و چەندین تاوانی دیکە لە ماوەکانی رابردوودا لە دژی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی بە دەیان سکاڵا تۆمارکراون و دۆسیە لە دژیان کراوەتەوە. بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بنەماڵەی بارزانییەوە، بەشی زۆری ئەو سکاڵایانە لە ئەوروپا و ئەمریکا تۆماردەکرێن. لە دوایین نمونەدا ٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ رێکخراوی سندووقی قوربانیانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا بە هۆی ٢٥ تاوانەوە سکاڵای لەسەر مەسرور بارزانی و نەوەکانی بارزانی تۆمار کرد.
بۆ دادگاییکردن ماڵی بارزانی بەهۆی جینۆسایدی ٢٠١٤ی شەنگال، کۆمەڵگای ئێزدی و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری دەستیان بە ئامادەکاری کردووە. هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگاک خودێدا ئیلیاس داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە هەموو ئێزدیەک دۆسیە لە دژی بنەماڵەی بارزانی بکەنەوە. بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدیش بە نامەیەکدا لە ژێر ناونیشانی "کات کاتی دادپەروەریە" پشتیوانی خۆی بۆ ئەو بانگەوازە دەربڕیبوو.
دۆسیەکانی سەر بنەماڵەی بارزانی زۆرن
ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) حەسۆ براهیم لەبارەی ئەو بابەتەوە قسەی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی، بە تایبەتی مافناسان و دامودەزگاکانی ئێزدییەکان کرد کە لە دژی بنەماڵەی بارزانی بکەونەخۆ. حەسۆ براهیم بە بیری هێنایەوە کە تائێستا نزیکەی ٢٥ سکاڵا لەبارەی تاوانەکانی بنەماڵەی بارزانییەوە کراونەتەوە و وتی، " ئەگەر تەنیا ئێزدیەکان هەژمار بکەین زیاتر لە ١٠٠ دۆسیە هەیە. هەر شەهیدێکی ئێزدی دۆسیەی هەیە. هەر دیێکی ئێزدی دۆسیەی هەیە. هەر منداڵێکی ئێزدی کە لە جیای شەنگال تینو و برسی بووە دۆسیەی هەیە. دۆسیەکانی سەر بنەماڵەی بارزانی یەکجار زۆرن".
حەسۆ براهیم رایگەیاند، کە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی گرنگترین شت ئەوەیە کە خاوەنداری لەو دۆز و دۆسیانەیان بکەن و بەم جۆرە دوا: "هیوادارین کە هەر کچێکی ئێزدی کەو کەوتووەتە دەست داعش، هەر منداڵێکی ئێزدی کە کەوتووەتە دەست داعش، هەر مرۆڤێک کە تینوو و برسی بووە خاوەنداری لە دۆسیەکەی بکات".
'مەسعود بارزانی بەرپرسە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان'
حەسۆ براهیم باسی لە بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرد، کە یەک لە تاوانە قورسەکانی فەرمانی ٢٠١٤ن و سیاسەتی ماڵی بارزانی هۆکاریان بووە و ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "ئەوەی هۆکارن بۆ دروستبوونی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە بنەماڵەی بارزانی و بەتایبەتی مەسعود بارزانییە. بۆچی؟ ئەو کاتە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. هێزی پێشمەرگە و هەموو دامودەزگاکان لە ژێر فەرمان و رێنوێنی ئەودابوون، بڕیار بڕیاری ئەوبوو. هیوادارین ئێزدییەکان سکاڵا تۆمار بکەن و داوای مافەکانیان بکەن".
' ئەو کەسانەی بوونە مایەی جینۆساید، بەشداری لە مەراسیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەکەن'
ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال حەسۆ براهیم دەستنیشانی کرد کە ئەو کەسانەی رێگەیان بۆ فەرمانەکە کردبووەوە و بوونە مایەی دروستبوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەشداری لە مەراسیمی شەهیدانی فەرمانەکەدا دەکەن و بەم جۆرە کاردانەوەی نیشاندا: "ئەوانەی بوونە مایەی شەهیدبوونی قوربانیانی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ناتوانین داوای مافەکانمان لەوان بکەین. بۆیەش من خۆم نەچوومە مەراسیمەکە. تا ئەو کاتەی ئەو کەسانەی کە بوونە مایەی دروستبوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە مەراسیمی گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا ئامادەبن، ئێمە ناتوانین بچینە ئەوێ، ناچین و درۆ بۆ شەهیدەکانمان ناکەین. بەڵام رۆژێک ئەو دۆسیە دەکرێتەوە و بنەماڵەی بارزانی دەچنە بەردەم دادگا، من ئەو کاتە دەچمە سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان".
حەسۆ براهیم لە کۆتایی قسەکانیدا جارێکی دیکە داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە هەر ئێزدییەک سکاڵا لەسەر بنەماڵەی بارزانی تۆمار بکات و وتی، "نەک هەر لە ئەوروپا، لە عێراقیش دادگا هەیە. کەس لە ئێزدیەکان زیاتر لە سەر حەق نییە بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر بنەماڵەی بارزانی تۆمار بکات".
هـ . ب