بۆکان؛ سێ دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تۆمەتێکی قورسیان رووبەڕوو کرایەوە

سێ هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەستگیرکرابوون، تۆمەتی "خراپەکاری لە سەر زەوی"یان ئاراستە کراوە، کە ئەگەری هەیە ببێتە مایەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سێ هاووڵاتی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی رەئوف شێخ مەعروفی، کامەران سوڵتانی و محەمەد فەرەجی کە زستانی ساڵی رابردوو لە میانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەو شارە دەستگیرکرابوو، تۆمەتی "خراپەکاری لە سەر زەوی (افساد فی‌الارض)"یان رووبەڕوو کراوەتەوە.

بەپێی یاساکانی دەوڵەتی ئێران لە ئەگەری ساغکردنەوەی ئەو تۆمەتە بەسەر ئەو دەستبەسەرکراوانەدا، ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێندرێت.

ئەو سێ هاووڵاتیە لە لە مانگەکانی بەفرانبار و رەشەمێی ساڵی رابردوو دەستگیرکرابوون، دوای دەستگیرکردنیان گواسترابوونەوە بۆ ئیتلاعاتی ورمێ و بە گوێرەی زانیارییەکان لە ژووری تاکەکەسیدا راگیرابوون و بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ و چوونە ژێرباری قەبوڵکردنی تۆمەتی بەشداری لە کوژرانی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان بە توندی ئەشکەنجەدراون، بەڵام سەرباری هەموو گوشار و ئەشکەنجەکان ئەو سێ هاووڵاتیە تۆمەتەکەیان رەتکردووەتەوە.

ئەو سێ هاووڵاتیە دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان لە ورمێ، لە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٠٢٣ گواستراونەتەوە بۆ زیندانی بۆکان و تائێستا بە دەستبەسەری و بە شێوەی کاتی لەو زیندانە راگیراون.

دوای ئەوەی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز ژینا ئەمینی بە پاساوی ئەوەی رەچاوی حیجابی زۆرەملێی نەکردووە، لە لایەن هێزەکانی بەناو پۆلیسی ئەخلاق لەتاران کەوتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و لە ئەنجامدا لە ٢٥ی خەرمانانی ٢٠٢٢ (١٦ی ئەیلول) گیانی لەدەستدا، شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە.

لەو سەرهەڵدانەدا کە چەندین مانگ بەردەوام بوو زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژران، ئەمە جیا لە کوژرانی چەندین خۆپیشاندەر لە ژێر ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی هەشت خۆپیشاندەری دیکە.

لەو خۆپیشاندانانەدا بە دەیان هەزار کەس دەستگیرکران، کە بەشێکیان تائێستاش ئازاد نەکراون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.

هـ . ب