بەرخودانی مەخمور لە رۆژی ١٥یەمیندا بەردەوامە

سوپای عێراق لە ٢٠ی ئایاردا ویستبووی چواردەوری کەمپی مەخمور بگرێت. گەل بەرامبەر بەو ئابڵوقەدانە وەستایەوە و بەرخودان لە ١٥یەمین رۆژدا بێ پسانەوە بەردەوامە.

لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق هەوڵ دەدات بە چواردەوری کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) خەندەق لێبدات، تەلبەندی بکات و تاوەری سەربازی چاودێری دروست بکات. لە یەکەم رۆژەوە تا ئێستا واتە ١٥ رۆژە، پەنابەرانی مەخمور خۆڕاگری دەکەن.

خەڵکی کەمپەکە ١٥ رۆژە بە شەو و رۆژ لە دژی گەمارۆ لە بەرخوداندان. هەروەها سەربازانی عێراقیش پێداگرن و هەوڵ دەدەن دەوروبەری کەمپەکە بە تەل بگرن.

خەڵکی کەمپی پەنابەرانی مەخمور شەوی رابردووش لە خێوەتەکانی بەرخوداندا تا بەیانی ئێشکگرییان کرد و تائێستا ئەو بەرخودانە بەردەوامە.

لە ئێوارەی ٢٠ی ئایار هێزەکانی عێراق بە چەک هێرشیان کردە سەر خەڵکی مەخمور و خەڵکی کەمپی مەخموریش بە بەرد بەرپەرچیان دانەوە. لە ئەنجامی گولـلەبارانی سوپای عێراقدا گەنجێک بە ناوی ئەحمەد عەمەر مژینی برینداربوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

هـ . ب