بریتان گونەش پەرلەمانتاری مێردینی پارتی چەپی سەوز بەئاماژەدان بەوەی کە دەبێت لە بێهیوایی، توڕەیی، خەم و رەخنەکانی گەل لە دوای هەڵباژردن تێبگەن وتی، گەلەکەمان پارێزگاری وداکۆکی لە نەریتی تێکۆشان کرد. تەنانەت ئەگەر گەلەکەمان سەرکۆنەشمان بکات، بەڵام بە راشکاوی دەیڵێم کە داکۆکی لە ئیرادەی حزبەکەی کردووە.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بریتان گونەش باسی لە دۆخی بازنەی هەڵبژارندی مێردین کرد. گونەش ئەوەی خستەڕوو کە گەل نەک لە پێناو کاندیدەکان، بەڵکوو بۆ داکۆکی لە نەریتی تێکۆشان لە گۆڕەپانەکەدان، وتی: ئەم ئیرادەیە لە سەرووی هەموو مشتومڕ و رۆژەڤەکانەوە بەنرخە. گەل تامەزرۆ بوون، چاوەڕوانیان هەبوو و بە روونی و راشکاویش ئەوەیان دەربڕی. زۆرینەی دایکان، ژنان، گەنجان و منداڵان قوربانیانی ئەم دەسەڵاتەن. لە گەڵ بەشێکی زۆریاندا کۆبووینەوە و گوێمان لە داواکارییەکانیان گرت. دایکان لە کاتێکدا بەڕۆژووبوون سەرباری گەرما دەستیان لەکارەکانیان هەڵگرتبوو، هاتنە سەردانمان.ئەمە راستیەکە کە مرۆڤ پڕ لە هەست و ورە دەکات، هیوا و بڕوایەکی گەورەیە کە ناکرێت وشەیەک بۆ پێناسەکردنی بدۆزرێتەوە. تاڕادەیەک هەموو ئەو ماڵانەی کە سەردانمان دەکردن کەسێکیان لەلایەن دەوڵەتەوە زیندانی کرابوو. ئەو بنەماڵانە راستەوخۆ بە هۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتبوو، ئەوان خوازیاری چارەسەرین. لەگەڵ ئەمەشدا سەرهەڵدان و بزاوتی ژنان بەرامبەر بە نایەکسانی رەگەزی لەئارادایە. لەو گوندانەدا کە بەسەرمان دەکردنەوە بینیمان کە ژمارەی گەنجەکان کەمن. بەهۆی دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانەوە گەنجان روویان لە گەورەشارەکان کردووە. ناتوانن جوتیاری و کاری کشتوکاڵ بکەن، ناتوانن ئاژەڵداری بکەن و ناتوانێت بەو کارە بەڕێ بچێت کە ئەنجامی دەدات. ئەمەش سیاسەتی دەوڵەت بۆ چۆڵکردنی شارە کوردیەکان و پاڵپێوەنانیان بەرەو گەورە شارەکان زیاتر برەو پێدەدات.
پێکانی ئامانجەکەمان دوور لە چاوەڕوانی نەبوو
گونەش بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی هەڵسەنگاندنی فرەڕەهەندی نێوان ئامانجەکان لە سەرەتای هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەو دیمەنەی لە ١٤ی ئایاردا هاتە ئاردوە وتی، لە سەرەتای بانگەشەدا وتمان کە ١٠٠ پەرلەمانتار و لە مێردینیش هەر شەش کورسیەکە مسۆگەر دەکەین. ئەمەش لە دەرەوەی توانامانەوە نەبوو. با ئەو شتانە باس بکەم کە تێبینیم کردن:
*ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەمان بە حزبێکی تەواو نوێوە بەرێوەبرد. لەبەر هەڕەشەی داخستنی پارتەکەمان دیمەنێکی لێڵ و ناڕوون کێشرابوو. لێڵکردن و ناڕوونکردن یەک لە تاکتیک و رێکارە باوەکانی فاشیزمە.
*بەهۆی بومەلەرزەوە ورە و جۆش و خرۆش دابەزیبوو.
*لەبارەی هاوپەیمانییەوە تاڕادەیەک سەرلێشێواوی بوونی هەبوو، نەماتوانی وەک پێویست لەو بارەوە بەرچاوڕوونی بدەین بە گەل.
* لە شارۆچکەیەکی وەک مازیداغ پارتی چەپ ٢٠٠٠ هەزار دەنگی هێنا. دەنگی پوچەڵکراویش لە دێرک هەبوون کە لەنێویاندا بەشێکیان دەنگەکانی پارتی چەپ بوون. تا ئەو جێگەی توانیبێتمان ماڵ بە ماڵ گەڕاوین، بەڵام هەندێک کەسیش هەبوون کە نەمانتوانی خۆمان بگەیەنینە لای ئەوان و ئەو سەرلێشێواوی و نابەرچاوڕوونییە چارەسەر بکەین و ئەو لێڵیە بڕەوێنینەوە.
*هەم دەنگ دراوەتە جەهەپە و هەم دەنگ دراوەتە پارتی چەپی سەوز. جەهەپە بەهۆی پشتیوانیمان لە کاندیدی سەرۆککۆماری ئەوان، هەوڵیدا دەنگدەرانمان بۆ لای خۆی رابکێشێت. دەچووینە هەر شوێنێک راماندەگەیاند کە هاوپەیمانیمان لەگەڵ ئەوان نییە، دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن، دارەکەمان (هێمای پارتی چەپی سەوز)مان بەوان نیشان دەدا. جەهەپە بە مەبەست گەلیان تووشی سەرلێشێواوی دەکرد و چالاکی و بانگەشەی چەپەڵیان دەکرد.
*بەرلە ١٤ی ئایار هیوا، جۆش و خرۆش و خاوەنداری زۆر بوونی هەبوو. لە ١٥ی ئایار و دوای ئەوە بێهیوایی، توڕەیی، خەم و رەخنە هاتە ئاراوە. ئەمە هەڵوێستێکە درکی پێدەکرێت و پاساوهەڵگرە. گەلەکەمان پاڕێزگاری و داکۆکی لە نەریتی تێکۆشانی خۆی کرد. تەنانەت ئەگەر گەلەکەمان سەرکۆنەشمان بکات، بەڵام بە روونی رایگەیاند کە داکۆکیکاری ئیرادەی حزبەکەیەتی.
*لێکدانەوە و دەستنیشانکردنی روونتر لە گۆڕەپانەکە بوونی هەبوو: بۆچی بەم رادەیە بەرامبەر بە پێگە و بنکەی سەرەکی دوورەپەرێزی هەبوو؟ بۆچی کاندیدی تایبەت بەخۆمان نەبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار؟ بۆچی هاوپەمانی بەم جۆرە بوو؟ ئەمەش بەڵگەیە کە نەمانتوانی لەبارەی پرۆسەکەوە بە تەواوەتی روونکردنەوە بە گەل بدەین و گەلەکەمان قایل بکەین.
*چەندین داواکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرفراوانی گشتی بەرزکرانەوە. گەل دەیانویست رەخنە وپێشنیازەکانیان بخەنەڕوو.
نەریتی تێکۆشانمان سەرچاوەی هێزمانە
گونەش بە ئاماژەدان بەوەی یەکێک لە کۆنسێرڤاتترین و نەتەوەپەرستترین خولەکانی پەرلەمان لە مێژووی کۆماردا پێکهێنراوە وتی، لە قۆناغێکداین یا بەربەستەکان قوڵتر دەبنەوە یاخود بە تێکۆشان رێگاکە دەکرێتەوە. گونەش جەختی کردەوە کە چاوەڕێی رۆژەڤ و بابەتی گەرمی قورس و دژوار دەکەن و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەقڵیەتێک بوونی هەیە کە بە شێوەی بەرچاو دژی دەستکەوتەکانی کورد، دەستکەوتەکانی ژنان و کرێکارانە. ئەوانەی دەڵێن با ژنان بەخێو و ماڵی بکرێن ئەمڕۆ لە پەرلەمانن. تێڕوانینێک کە هێزی ژنان بە کەم دادەنێت و نکۆڵی لە ئیرادەی دەکات ئەمرۆ لە پەرلەمانە. بەرامبەر بەوانە دەوەستینە و پێیان دەسەلمێنین کە هەبوون و هێزی ژنان چۆن دەتوانێت کاریگەر و خاڵی وەرچەرخان بێت. ئەمە پێویستی بە تێکۆشان و پێداگرییە. ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە یەک هەنگاویش پاشەکشێ لە دەستکەوتەکانمان نەکەین و پاڕێزگارییان لێبکەین. بەمەبەستی ئافراندنی دەستکەوتی نوێ و زیادکردنیان بە دەستکەوتەکانی ئێستا درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین".
هـ . ب