ڕێبین سنە لەسەر گۆڕەکەی بەبیرهێنرایەوە

لە شاری سلێمانی، لەیەکەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنیدا، لەسەر مەزارەکەی یاد ڕێبین سنە کرایەوە، بەڵێنی سەرخستنی تێكۆشانی دوپاتکرایەوە، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بکوژانی بدۆزنەوە و بەسزای بگەیەنن.

بەشێک لە چالاکوانانی سیاسی و خانەوادە وڵاتپارێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، لە یەکەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی وڵاتپارێزێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی ‘ڕێبین سنە’، لەسەر مەزارەکەی گردبوونەوە و یادیان کردەوە.

بەیاننامەی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی کۆدار لەلایەن کاروان تیلەکۆوە خوێندرایەوە و تێیداهاتبوو، ساڵێك پێش ئێستا و لەم ڕۆژەدا، داگیركەران بە تیرۆری ھەڤاڵ ڕێبین ویستیان زەربە لە تێكۆشانی ڕەوای ئێمە بدەن و گەلەكەمان و چالاكوانانمان لە خەبات پاشگەزبكەنەوە، بەڵام غافڵ بوون لەوەی ئەم گەلە ساڵانێكی زۆرە بڕیاری بەرخۆدانی داوە.

لە بەیانەکەدا هاتبوو، لەم رۆژەدا واتە ١٤ ی تەمووزی ١٩٨٢ بەرخۆدانێكی مێژووی لە سایەی فیداكاری و تێكۆشانی شەھیدان محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک ھاتە ئاراوە كە رۆحی بوون و سەركەوتنی بە خەباتەكەمان بەخشی و تەسلیمبوون و كۆیلایەتی لە بەرانبەر ھەر جۆرە ھێرش و پەلامارو ھەڕەشەیەكی دوژمنان بێ واتاكرد و كۆتایی پێھێنا.

ئەوەش هاتبوو تێیدا، وێڕای شەرمەزاركردن و ئیدانەكردنی تیرۆری ھەڤاڵ ڕێبین و هەموو تیرۆری چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی لە باشووری كوردستان، بەڵێنی سەرخستنی تێكۆشانیان دەدەین، داواكارین دامودەزگا ئەمنی و یاساییەكانی باشووری كوردستان لە ناساندنی بكەران و بڕیاردەرانی ئەم تیرۆرانە و بەسزا گەیاندیان، ئەركی خۆیان جێبەجێکەن و كۆتایی بە كردەوەی ھاوشێوە بهێنن.

هەر لە یادەکەداڕوناهی سنە، هاوژینی شەهید قسەیکرد و وتی: ئێمە سەربەرزین بە ڕێگا و ڕێباز و شەهیدبوونی، دوژمنان ویستیان بە تیرۆرکردنی سەری ئێمە دابخەن و ئیرادەمان تەسلیم بکەن، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازنە و سەرمان بۆ هیچ ڕژێمێک ناچەمێنینەوە.

ڕێبین سنە” پەنابەرێکی سیاسی و هاوڵاتییەکی وڵاتپارێزی ڕۆژهەڵاتى کوردستان بوو، لەبەر هەڵوێستی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕووی لە باشووری کوردستان کردبوو، لە شاری سلێمانی دەژیا و دواجار لە ١٤ی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١،  لە ناوچەی ژاڵە  تیرۆرکرا.

ف.ق