بزووتنەوەی گۆڕان: وڵات و میللەتەکەمان لە مەترسیدایە

بزووتنەوەی گۆڕان شەهیدکردنی سێ هاوڵاتی بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە شەرمەزارکرد و داوا دەکات هەرچی زووە یەکێتی و تەبایی ناوخۆیی بێتەدی بۆ ڕێگرتن لە مەترسییەکانی سەر گەلی کورد.

ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی خەلەکان-دوکان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلی کردە ئامانج بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون. لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی قەزای ڕانیەی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لەکاتێکدا هاوخەمی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ ئەو ڕوداوە دڵتەزێنە، لەهەمان کاتدا ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەواو قێزەونە دەکەین بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. ئەوکارەساتەو هەموو دوژمنکاریەک کە دەرهەق بە کوردستان و گەلە ستەم دیدەکەمان دەکرێت، بەرەنجامی ناتەبایی ناوخۆی ماڵی کوردە ، بۆیە داواکارین هەرچی زووە یەکێتی و تەبایی نێوخۆ ببێتە هەوێنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ، بە پێچەوانەوە وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان لەمەترسی دایە".