چالاکوانانی گەنج: " پێویستە عێراق هەڵوێست و ڕێکاری توند دژی تورکیا بگرێتەبەر"
گەنجێکی چالاکوان دەڵێت: " هەڵوێستی لاواز و بەیاننامەی شەرمنانەی بەرپرسانی عێراق و باشوری کوردستان بێ رێزیە بەرامبەر خوێنی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر".
گەنجێکی چالاکوان دەڵێت: " هەڵوێستی لاواز و بەیاننامەی شەرمنانەی بەرپرسانی عێراق و باشوری کوردستان بێ رێزیە بەرامبەر خوێنی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر".
ڕۆژی ٢٠ی تەمووز دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی پەرەخی سەر بە زاخۆ گەشتیارانی عێراقی تۆپباران کرد، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا ٩ کەس لە گەشتیارەکان کۆمەڵکوژکران و ٢٣ کەسی دیکەش بریندارببوون کە قورباییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە خەڵکی ناوەند و باشوری عێراق بوو، ئەمەش ناڕەزایەتی شەقامی عێراقی لێکەوتەوە بەجۆرێک کە لەتەواوی شارە عێراقییەکان جگە لە هەرێمی کوردستان هێرش کرایە سەر ناوەندەکانی سەر بەدەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و تەواوی ناوەندەکانی تورکیا لە عێراق داخران.
هەروەها لەماوەی دوو رۆژی ڕابردوو بە بەردەوام لەلایەن گروپە چەکدارەکانی عێراق هێرشی موشەکی و هێرش بە فرۆکەی بێ فروکەوان دەکرێتە سەر سەربازگەکانی داگیرکەری تورکیا لەناو خاکی عێراق، هەروەها دوێنێ لەلایەن گروپێکی هاککەری عێراقی کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی تورکیا هاککران و بۆ چەندین کاتژمێر کارەکانی کۆمپانیاکە وەستا.
جێگای باسە لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستانیش بە فشاری چالاکوانانی شارەکە ناوەندێکی سەر بەدەوڵەتی تورکیا داخرا و ئاڵای عێراق لەجێگای ئاڵای تورکیا لەسەر ناوەندەکە هەڵکرا.
چالاکوانی شاری کەرکوک لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باس هەڵوێستی خۆیان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا ڕادەگەینن و داوا دەکەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دژی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی توند و کارا بگرنە بەر، هەروەها داوادەکەن حکومەت ڕێکاری توند دژی تورکیا بگرێتەبەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هاوڵاتیانی عێراقی نەبێنە قوربانی هێرشە نامرۆڤییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.
بەمۆڵەتی ناتۆ تورکیا هێرش دەکاتە سەر عێراق
هەڵگورد عەبدوڵکەریم هونەرمەند و میوزیکژەن و چالاکوانی شاری کەرکوک، دەربارەی هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و بەئامانجگردنی هاوڵاتیانی سڤیلی عێراق، وتی: "دەوڵەتی فاشستی تورکیا ئەمە یەکەم جار نیە بۆردومانی خەڵکی بێ تاوان و سڤیل دەکات، بەڵکو بەشێوەیەکی بەردەوام لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، هێرش و بۆردومان و لەشکرکێشی دەکات، ئەو شوێنانەی دەوڵەتی فاشستی تورک کردوویەتیە ئامانج شوێنی گەشتیارین، پێشتر بینیمان ناوچەی گەشتیاری کونەماسی لە پارێزگای سلێمای کردە ئامانج ئەمجارەش ناوچەیەکی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆک کردە ئامانج و تێیدا دەیان کەس بوونە قوربانی، ئەم هێرشانە کارەساتێکی مرۆیییە، کە ولاتێ تورکیا کە ئەندامی ناوتۆیە ئەم هێرشانەش ئەوە دەگەینێت کە تورکیا لەلایەن ناتۆوە ڕێگەی پێدراوە هێرش بکاتە سەر عێراق".
لاوازی هەڵوێستی عێراق هاندەرە بۆ بەردەوامی هێرشەکان
هەروەها هەڵگورد عەبدولکەریم وتیشی: "من وەکو گەنجێکی شاری کەرکوک بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە دڕندەیەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکەم و داواکارم تەواوی گەنجانی کورد و عەرب لە باشوری کوردستان و عێراق، برژێنە سەر شەقام بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی بەهێز دژی هێرشە داگیرکارییەکان دەوڵەتی تورکیا، لاوازی هەڵوێستی سەرکردەکانی عێراق و باشوری کوردستان وایکرد رۆژێک دوای بۆردوومانی گەشتیاران جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیا هەمان گوندی بۆردومان کرد. ئەمەش واتای حیساب نەکردنی تورکیایە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و باشوری کوردستان، بێ دەنگی لایەنەکان و لاوازی هەڵوێستی سەرکردەکانی عێراق لەپێناو بەرژەوەندی ئابورییە بۆخۆیان و حزبەکانیان".
پێویستە عێراق ڕێکاری توند دژی تورکیا بگرێتەبەر
سەبارەت بە گرتنی ڕێکاری جدی بۆ سنوردانان بۆ دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ناوبراو وتی: "لەپێناو ڕێگریکردن لەدووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی لەو شێوەیە پێویستە دەوڵەتی عێراق ڕێکاری توند دژی تورکیا بگرێتەبەر و سکاڵای فەرمی دژی دەوڵەتی فاشستی تورک تۆمار بکات و پێویستە هەریەکە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ناتۆ بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو کۆمەڵکوژیانەی دەوڵەتی فاشستی تورک ئەنجامی دەدات، وەڵامدانەوەی توندی تورکیا لەلایەن عێراقەوە تەنها ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی بەئامانج کردنی هاوڵاتیانی عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە".
هەڵوێستی لاواز و بەیاننامەی شەرمنانە بێ رێزییە بەرامبەر خوێنی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر
لەکۆتایدا سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئەم دوایەی شەقامی عێراقی، ئەو هونەرمەندە گەنجە دەڵێت: "پێشتر کاتێک هاوڵاتیانی کوردی باشوری کوردستان لایەن تورکیاوە شەهید دەکران، لایەن و دەسەڵاتی کوردی لەباشور هیچ هەڵوێستێکی نەبوو و بەڵکو هێرشەکانیشی پەردەپۆش دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی لەدواین کۆمەڵکوژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەیان هاولاتی عەرەب بوونە قوربانی، شەقامی عێراقی لە باشوری و ناوەندی عێراق تا دەگاتە شاری کەرکوک چالاکی ناڕەزایەتی بەرفراوانیان ئەنجامدا دژ بە تورکیا و ناوەندەکانی تورکیایان داخست و حکومەتیان ناچارکرد هەڵوێست بنوێنێت، بەهۆی فشاری شەقام دەسەڵاتدارانی هەرێمیش بەناچاری بەیاننامەیەکی شەرمنانەی ئیدانەکردنیان دەرکرد، ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا بە هەڵوێستی لاواز و بەیاننامەی شەرمنانەی بەرپرسان بێ رێزییە بەرامبەر خوێنی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر".
پێویستە هەڵوێستی توند بەرامبەر تورکیا بگیرێتەبەر
سۆران سەردار گەنجێکی چالاکوانی دیکەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە، سۆران سەبارەت بە بۆردومانەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا و بەئامانجگردنی هاوڵاتیانی بێ تاوانی عێراق، وتی: "من وەکو گەنجێک وەکو چالاکوانێکی شاری کەرکوک، ئەو هێرش و بۆردوومانەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی عیراق ئیدانە و شەرمەزار دەکەم، داواکارم دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێمی کوردستان هەڵوێستی توند بگرن تا کۆتایی بەم هێرشە بەردەوامیانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بهێنن، بەداخەوە دەیان ساڵە دەوڵەتی فاشستی تورکیا هێرش دەکاتە سەرخاکی باشوری کوردستان و هاوڵاتیانی ناوچەکان شەهید دەکات بەڵام تائیستا هیچ سکاڵایەکی فەرمی لەسەر تورکیا تۆمار نەکرابوو".
پێویستە ناڕەزایەتییەکان دژی تورکیا فراوان بکرێت
سەبارەت بە هەڵوێستی گەنجانی ناوەند و باشوری عێراق و شاری کەرکوکیش دژ بەهێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، سۆران سەردار وتی: "لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی عێراق چالاکی ناڕەزایەتی دژی بۆردوومان و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجام دەدرێت ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە، هیوادارین گەنجان و هاوڵاتیانی شارەکانی باشوری کوردستانیش هەڵوێست بنوێنن وەکو هاوڵاتیانی شارەکانی باشور و ناوەندی عیراق و شاری کەرکوکیش، کە جێگای خۆشحاڵیە هاولاتیان و چالاکوانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان دژی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ناڕەزایەتیان دەبڕی و ناوەندی نوێنەرایەتی حکومەتی تورکیایان لەشارەکە داخست".
بەیەکگرتوویی ڕێگری لەداگیرکاری دەکەین
لە کۆتایدا سۆران سەردار چالاکوانی مەدەنی بۆ ئاژانسی ئەوەی خستەڕوو: "شەهیدکردنی هاوڵاتیانی عێراق چ کوردبن یان عەرەب بن بۆ ئێمە جیاوازی نیە و خاوەنداریان لێدەکەین، بۆیە هیوادارم خەڵکی باشوری کوردستانیش پشتیوانی چالاکییەکانی شارەکانی دیکەی عێراق بکەن دژی داگیرکاریەکانی تورکیا، چونکە بەیەکگرتوویی گەلانی عێراق دەتوانین رێگری لەداگیرکاری بکەین".
ف.ق