چالاکوانانی هەولێر داوادەکەن بکوژانی ئاراسان ئاشکرابکرێن

چالاکوانانی هەرێمی کوردستان داوا لە دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی دەکەن تاوانبارانی هێرشە تیرۆریستییەکەی هەفتەی ڕابردووی شاری سلێمانی ئاشکرا بکرێن، دووپاتیان کردەوە هەرێم بۆتە مۆڵگەی دوژمنانی تورک و چەتەکانی.

لە ٩ ی حوزەیران، حوسێن ئاراسان ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، دەوروبەری کاتژمێر ١٠:٣٠ ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بوویەوە لەبەردەم بارەگای کۆمەڵەکە لە شاری سلێمانی.

حوسێن ئاراسان بە سێ فیشەک بریندار کرا، بەهۆیەوە لە ١٠ حوزەیران، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانی لەدەستدا.

لە ١١ ی حوزەیران، بەگوێرەی وەسێتی خۆی، بە مەراسیمێکی مەزن، تەرمەکەی لە سلێمانییەوە گوزرایەوە بۆ قەندیل و لە گۆڕستانی شەهیدانی قەندیل بەخاکسپێردرا.   

پاشان کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، ئەراسان لەسەر دەستی میتی تورک و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای پاراستنی پەدەکە کوژراوە.

حکومەتی هەرێم و هیچ دەزگایەکی ئەمنی سلێمانی هەڵوێست و ڕاگەیاندراویان لەم بارەیەوە نەبوو، لەهەمانکاتدا، کاردانەوەکانی ناڕەزایەتی دژی هێرشە تیرۆریستییەکە بەردەوامە.

لەم بارەیەوە، چاودێرانی سیاسی هەولێر قسەیان بۆ ئاژانسی "ڕۆژ نیوز" کرد.

"دوژمنان لە هەرێمی کوردستان باڵادەستن"

چاودێری سیاسی، خەلیل مەحمود، ڕایگەیاند " جێگای شەرمەزارییە بۆ هێزە ئەمنیەکانی کوردستان، بە رۆژی ڕووناک ئازادیخوزانی پارچەکانی تری کوردستان لە باشوور تیرۆر دەکرێن لەلایەن وڵاتی دراوسێیەوە، بۆیە نابێت بێدەنگ بین لەم بارەیەوە، تا ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە. دووژمنان لە باشووری کوردستان باڵا دەستن، لەناو شارەکانی کوردستان پەنابەرانی سیاسی تیرۆر دەکرێن، بەبێ ئەوەی بکەران ئاشکرابكرێن و دەستگیرکر بکرێن، لەکاتێکدا دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان، ئەگەر بیانەوێت ڕووداوێک ئاشکرا بکەن، لە ماوەی چەند کاتژمێرکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرای دەکەن".

لە ٧ ساڵی ڕابردوو، ٧ حاڵەتی تیرۆری سیاسی لە باشوری کوردستان لەلایەن میتەوە ئەنجامدراوە. ٥ حاڵەت لە سلێمانی بوون، بەڵام هێشتا کەس دەستگیر نەکراوە.

"شەرمەزارییە بۆ دەزگا ئەمنییەکان"

چاودێری سیاسی، سوبحی مەهدی، گوتی "هەموو جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریی بەتایبەت تیرۆرکردنی ئازادیخوازان و پەنابەرانی سیاسی لە باشووری کوردستان شەرمەزاییە بۆ دەزگا ئەمنیەکان، چونکە بە ڕۆژی ڕووناک لەبەردەم هێزە ئەمنیەکان لە ناو شاردا ئەم کردەوە تیرۆرییە ئەنجامدەدرێت".

هەروەها مەهدی گوتی: "ئەرکی دەسەڵاتدارانی یەنەکە و پەدەکەیە بکەرانی کردەوەی تیرۆری هەفتەیی ڕابردووی شاری سلێمانی ئاشکرا بكەن و بیدەن بە دادگا، بۆئەوەی تاوانباران بەسزایی خۆیان بگەیەندرێن، هەروەها چیتر ڕێگا نەدریت ڕووداوی لەم شێوەیە دووبارە ببێتەوە، چونکە ئەمنیەتی هاوڵاتیان دەکەوێتە مەترسیەوە".