'داگیرکەر لە بەرامبەر هەڵوێستی شکۆمەندانەی کوردان، تەنیا شکستی بۆ دەمێنێتەوە'

ئەندامی دەستەی فەرماندەیی یەژاستار باتوفا چەکدار رایگەیاند، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بە تایبەتی بۆ سەر گۆڕەپانی مەتینا بەردەوامە و وتی، "داگیرکەر و خیانەتکار لە بەرامبەر هەڵوێستی شکۆمەندانەی کورد مەحکومن بە شکست و تێکچوون".

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر سوورە لە سەر درێژەدان بە سیاسەتی جینۆساید و قڕکردن و شەڕ لە کوردستان. هەموو رۆژێک و هەموو ساتێک هێرشە داگیرکەرییەکانی لە چیاکانی کوردستان بڵاودەکاتەوە، ئەو پێداگرییە بەوەدا دیارە. سوپای تورکی داگیرکەر لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٤ەوە دەیەوێت لە جموجۆڵی داگیرکەریدا لە هەڕێمی مەتینا بەرەوپێش بچێت.

ئەندامی دەستەی فەرماندەیی یەژاستار باتوفا چەکدار سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵسەنگاندنی کرد.

باتوفا چەکدار رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی هەرێمەکە داگیر بکات پلانی درێژخایەن جێبەجێ دەکات و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "لە دژی کوردی ئازاد و ژنی ئازاد، دوژمنی داگیرکەر پەنا بۆ هەموو رێگە و رێبازێک دەبات.

تیرۆر، گرتن، ئەشکەنجە و هەموو جۆرە هێرشێک لە بەرامبەر گەلەکەمان بە رەوا دەزانێت. هەربۆیە ئەمڕۆ لە باکورەوە تا هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گۆڕەپانەکانی گەریلا، بەشێک لەو راستیەن. هێرشەکانی سەر گەلەکەمان و سیاسەتی قەیوم، گوشار بۆ سەر گەلەکەمان و بۆ سەر هاوڕێکانمان لە زیندانەکانیش بەردەوامیی ئەو سیاسەتە قڕکاریەیە. هەروەها سیستمی ئەشکەنجە کە دوژمن لە ئیمراڵی لە بەرامبەر رێبەرایەتیمان جێبەجێی دەکات، ئەنجامی ئەو ئەقڵیەتەیە. لە خواکورکەوە تا هەفتانین، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە ماوەی ٦ ساڵی رابردوودا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان بەرخودان و تێکۆشانی مەزن ئەنجامدراوە. ئەو بەرخودانە تائێستاش بەردەوامە.

یەک لە گۆڕەپانەکان کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە تایبەتی قورسایی خستووەتە سەر و بێ وەستان هێرشەکانی بۆ سەری بەردەوامە، هەرێمی مەتینایە. هەڵبەت هێرشەکان بۆۆ سەر هەرێمی مەتینا نوێ نین، ٤ ساڵە ئەو هێرشانە بەردەوامن. لە هەمان کاتدا هێرشەکان بۆ سەر مەتیناش بەشێک لە پلانی دەوڵەتی داگیرکەرە لە بەرامبەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. لەبەر ئەوەی هەرێمی مەتینا لە نێوان هەڕێمەکانی پاراستنی مێدیا و باکوری کوردستان وەک پردێک وایە. هەروەها زۆر ئامانج لە پشت هێرشەکانی سەر مەتیناوە بوونیان هەیە. واتە هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر هەرێمەکەمان کە وەک بەهەشتە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە هێرش بۆ سەر قاشورایێ دەستیپێکرد. ئەو دۆخە چوار ساڵە بێ وەستان بەردەوامە.

هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا هێزی سەرەکین بۆ پاراستنی خاکی باشوور

ئەندامی دەستەی فەرماندەیی یەژاستار باتوفا چەکدار ئەوەی خستەڕوو کە بە تایبەتی هێرشەکان بۆ سەر مەتینا فرەلایەنن و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "تەنیا دەوڵەتی تورک هێرش ناکاتە سەر گۆڕەپانی مەتینا. هەرێمێک کە زیاتر لە هەموو شوێنێک داگیرکەری و خیانەت تیایدا یەکدەگرنەوە، گۆڕەپانی مەتینایە. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە ئۆپراسیۆنێکی داگیرکەری دەستپێکرد. پەدەکە دەیویست کە بواری هەموو جۆرە هێرشێک بۆ دەوڵەتی تورک بڕەخسێنێت. زیاتر لە ٣٠ ساڵە گەریلا لەو گۆڕەپانانەن، سنوری باشووری کوردستان و خەڵکی مەتینا دەپاڕێزن، بەڵام پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بە دوای زیاتر کردنی سامانی خۆیانەوەن. واتە بۆ پاراستنی خاکی باشوری کوردستان، هیچ هەوڵێکیان نییە. نەک پاراستنی خاکی باشوری کوردستان، بەڵکوو وردە وردە رادەستی دەوڵەتی تورکی کردن. ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان سەدان بارەگای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەیە، بەڵام ئەمەش دەوڵەتی تورکی تێر نەکردووە، دەوڵەتی داگیرکەر دەزانێت کە چەندەش لە باشوری کوردستان جێگیر بێت، تا ئەو کاتەی هێزەکانی گەریلا هەبن ناتوانێت بە تەواوەتی خاکی باشور داگیر بکات، هەربۆیە دەوڵەتی تورک و پەدەکە دەستیان بە هاوکاری کرد وبریاریان دا هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا داگیربکەن.

ئەوە راستیەی لەلای هەمووان ئاشکرایە؛ هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا هێزی بنچینەیین کە خاکی باشوری کوردستان دەپارێزن. پەدەکە رێگەکانی مەتینای داخست و دوای ئەوەش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەهاری ٢٠٢١ دا دەستی بە هێرش کرد و سەربازانی خۆی لە شاخی زەندورا، هێڵی قاشورای شاخی کۆردینە، شاخی ستونا و ئازاد جێگیرکرد. دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٩دا دستی بە سەر چەند گرد و شاخ لە سنووری هێڵی قاشورادا گرتبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی لەساڵانەدا گەورەترین بەرخودان لە هەفتانین روویدەدا و لەبەر ئەوەی پێشتریش هێرشی داگیرکەری لەوێ هەبوو، شاخە سنووریەکانی هێڵی قاشورا زۆر لە رۆژەڤدا نەبوون. بەڵام ئەوە بەواتای ئەوە نایات کە دوژمن لەوێ ئۆپراسیۆنی نەکرد. بەم جۆرە ئەگەر ئێمە هێڵی قاشوراشی لێزیاد بکەین، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو شەش ساڵەی دواییدا ئۆپراسیۆنی داگیرکەری لە گۆڕەپانەکە بە پێنج قۆناغ درێژە پێداوە.

قۆناغی یەکەم، چەند گرد و شاخ لە سنووری قاشورابوو. قۆناغی دووەم، هێرش بۆ سەر سەرتاسەری هێڵی قاشورا. قۆناغی سێهەمیش هێرش بۆ سەر شاخی هەکاری بوو. قۆناگی چوارەم شاخی ئۆرتێ و شاخی چارچەل، سەری گۆلکا و سەرێ مەتینا بوو. بەڵام گەریلاکان لە قاشورا تا چارچەل و دەوروبەر، لە شاخی ئۆرتێوە تا سەری مەتینا و سەرێ گۆلکا بەرخودانیان درێژە پێدا. هەموو ساڵێکیش بەسەدان چالاکی لە دژی هێزەکانی داگیرکەر دەکرێت و بەسەدا داگیرکەر سزادەدرێن. ئاشکرایە کە لێرە بەدواوە ئەو بەرخودانە بە شێوەی گەریلایەتی پرۆفیشناڵ بەردەوام بەڕێوەدەچێت و بەرخودانی درێژخایەن بەردەوام دەبێت.

بە بەرخودانێک کە بە پێشەنگایەتی هاوڕێیانی خۆڕاگرمان وەک رێبەر، هەژار، سەما، ئازێ، نوری، سۆزدار، ماردین، باگەر، حەکیم، جەسور، رۆژین، رۆزا، زیلان و رۆستەم ئەنجامدرا، گورزی دژوار لە دوژمن وەشێندرا. ئەو شەڕ و بەرخودانە هەندێک جار لە گەرمای تاقەتپروکێنی هاوین، بەبرسێتی و بێ ئاوی و بە پێشەگایەتی هاوڕێیانی شەهید بەڕێوەچوو. گەریلا چەندین رۆژ رێگەیان بڕی و لە دژی ئامانجەکانی دوژمن چالاکیان کرد و ئەو گورزانەیان لە دوژمن وەشاند کە نەتوانێت لەیادیان بکات".

خەڵکی مەتینا سەرباری هەموو هێرشەکانیش سازشیان لەسەر هەڵوێستی شکۆمەندانەیان نەکردووە

باتوفا چەکدار بە بیری هێنایەوە کە لە گەڵ فەرماندەکانی وەک هێژار و رێبەر بە دەرفەتی کەم لە تونێلەکانی زەندورا ٥٢ رۆژیان تێپەڕاند و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لەلایەکەوە بریندارەکانیان دەرمان دەکرد، لەلایەکی دیکەوە شەڕ و بەرخودانیان درێژە پێدەدا. بە هەموو هێز و وزەیانەوە دەیانویست پەرە بە بەرخودان بدەن و داگیرکەری لەناو ببەن. هەربۆیە ئەو قارەمانانەی کە خاوەن ئیرادەیەکی وەک شاخەبەردەکانی زەندوران، مۆری خۆیان لە قۆناغی مێژووییدا. مێژوویان نوسیەوە. لە شاخی هەکاری تێکۆشان بە پێشەنگایەتی فەرماندە ئازێ، نوری و حەکیم بەڕێوەچوو، کوبرای دوژمن خرایە خوارەوە. شەڕی تیمی گەڕۆک و تونێلەکان پێکەوە بەرێوەچوو. هەندێک جار لە تاریکی و سەرمای زستاندا، بە پێشەنگایەتی فەرماندە رۆزا ئامەد، بنەفش و باران چالاکی بەو جۆرە ئەنجامدران کە دوژمن شۆک دەبوو و توشی شڵەژان و سێندرۆمی رۆحی دەبوون. لە دۆخی هەنوکەییدا بەرخودانی مەتینا هەم لە تونێلەکانی شەڕدا، هەمیش لە سەر زەوی لەلایەن تیمە نیمچەگەڕۆکەکان پەیڕەو دەکرێت و زۆر چالاکی ئەنجام دەدرێن.

سەرباری هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە راستیدا هێزێک کە مەتینای گەمارۆداوە، دەوڵەتی تورک نییە. واتە لە داگیرکردنی مەتینادا ئەوەی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت خیانەتی پەدەکەیە نەک دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. پەدەکە ویستی لەلایەکی هەموو رێگەکانی هاتووجۆ دابخات و جوڵەی گەریلاکان ئاستەنگ بکات، لەلایەکی دیکەوە بە هەموو توانای لۆجستی و بیناسازی لەمپەری بۆ دروست بکات و لەناویان ببات. هەروەها لەلایەکی دیکەوە پاراستن و میت ویستیان لەناو گەلدا سیخوڕی پەرەپێبدەن. بەو رێگە و رێبازانە گورز لە هێزەکانی گەریلامان بدەن. خیانەتی پەدەکە گۆڕدراوە بۆ پارچەیەک لە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی مەتینا و گوشارێکی گەورەی خستە سەر گەلی هەرێمەکە.

بۆ ئەوەی لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک نەوەستنەوە، یارمەتی ماددی و مەعنەوی نەدەن بە گەریلا بەم جۆرە ویستیان هەموو گەلی هەرێمەکە و عەشیرەتەکان بەدیل بگرن. گوشار دەکەنە سەر خەڵکی مەتینا بۆ ئەوەی گوند، شوێن، زەوی، باخ و دێبەرەکانیان، جیاکانیان جۆڵ بکەن و کۆچبەر بن. بەم جۆرەش دەیانەوێت هەرێمەکە بۆ داگیرکەران بهێڵدرێتەوە. لە مەتینا هەندێک خائین هەن کە بۆ پارە ناموسی خۆیان دەفرۆشن و هەندێک کەسیش هەن کە خزمەت بە سیاسەتەکانی پەدەکە دەکەن. جگە لەوانە خەڵکی مەتینا و کۆمەڵگەی ئەوێ لە کەسایەتی پەدەکەدا نەفرەت لە خیانەت و هەروەها نەفرەت لە داگیرکەری دەوڵەتی تورک دەکەن. شکۆ و کەرامەتی خۆیان نەفرۆشت، لە خاکی و زێدی خۆیان مانەوە. سەرباری هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، گوشارەکانی پەدەکە و گرتنیش خەڵکی مەتینا دەستبەرداری هەڵوێستی شکۆمەندانە نەبوو. هەڵوێست لە دژی خیانەت، هەڵوێستی کوردی ئازادە. هەڵوێستی مرۆڤی ئازاد، ژنی ئازاد، پیاوی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازادە. هەڵوێستی خاوەندارییە لە شکۆمەندی خۆیان".

هـ . ب